ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نوسینی : - زیرەک کەمال

کاک فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆک لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی شیوعی ومارکسییەکانی کافراند ، تەنها لەسەر ئەوەی کە بەرگریان لە مافی مامۆستایانی دهۆک کردووە کە دوو ڕۆژ پێش ئێستا بۆ گێڕانەوەی ئەومافەیان ڕێپێوانیان کردبوو . هەڵبەت فتوای ئەتروشی زۆر هەڵدەگرێت بەڵام من بەسەرەقەڵەم وەڵامیدەدەمەوە.

یەکەم ؛ - کافراندنی مارکسی و شیوعییەکان لەبنەچە مێژووییەکەیدا و سەرەتای سییەکانی سەدەی بیستەم سەلەفیەتی داخراوی ئایینی دایهێنا ، کاتێک بەرامبەری شکۆی شیوعییەکان وەکو جورجی تۆقیویان لێهاتبوو ، دواتر پیاوانی ڕژێمی پاشایەتی و دواتریش بەعسییەکان درێژەیان پێدا کەبەداخەوە ئەمڕۆ جەنابی پارێزگار وەک قەوانێکی سواوەی ڕزیو بەکاری دێنێتەوە.

دووەم : - گەورەترین شانازی شیوعی ومارکسییەکان بەرگری کردن بووە لەمافی مافخوراوان ، جا با جەنابی پارێزگار خاترجەم بێت بەکافراندنمان ناتوانێت لەو بەرگریە ساردمان بکاتەوە.

سێیەم :- ئەوەی زۆر سەیربوو کەجەنابی پارێزگار لەوکۆنگرە ڕۆژنامەوانیە شڵەژانێکی زۆری پێوەدیاربوو ، لەلایەک لەسەربازێکی شەڕگەی تێکشکان دەچوو ، لەلایەکیش هێند بەنازوفیزو لەخۆبایی قسەی دەکرد دەتگوت لەسەردەستی ئەو دهۆک بۆتە ستۆکهۆڵم.

چوارەم : - کاک فەرهاد برادەرمەو واشم ناسیووە کەکوڕێکی هێمن ولەسەرخۆیە ، بۆیە پێم سەیرە ئاوا جڵەوی لەدەستداو واڕەفتاری کرد، چونکە ئەوپارێزگاری شارێکەو دەبێت لەسەر بنەمایەکی هاوسەنگ قسەبکات نەک جوانترین ڕۆڵەکانی مێژووی ئەم وڵاتە کەمارکسی وشیوعیەکانن بکافرێنێ، چونکە هەموومان دەزانین بەکافرکردنی مرۆڤ لەدیدو ڕوانگەیەک ئایین بەمانای بانگەشەی کوشتنیش دێت ، بۆیە واباشە تازووە جەنابی پارێزگار داوای لێبوردن بکات و کڕنوش بۆ گڵکۆی ئەومارکسیانە ببات کە لەپێناوی ئاشتی وئازادی و گەل ونیشتمان شەهید بوون.

  • 1