ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زیرەك كەمال / توركیا هاربووە

بەپاساوی بێ‌ ماناو بیانووی ناڕەوا تادێت رژێمی توركیا هێرش و پەلامارەكانی خۆی بۆ سەر گوندو شارەكانی باكوری كوردستان زیاتر دەكات و رۆژانەو شەوانە بە بەرچاوی دنیاوە مافی مرۆڤ ئەتك دەكات و دیموكراسیەت سەر دەبڕێت.

پێ‌ لەهەرچی نرخ و بەهای مرۆیی و مەدەنی و ئەخلاقی هەیە دەنێت و بێ‌ شەرمانەو دڕندانە دروێنەی رۆحی لاوەكانی ئامادو شەرڤان وان.... دەكات.

رژێم لەئێستادا باری نائاسایی و یاسایی سەربازی لەبەشی هەرە زۆری شارو شارۆچكەو گوندو دێهاتەكانی باكوری كوردستان پیادەكات و بەشی هەرە زۆری كایەكانی ژیان لەو دەڤەرانەدا وەستاوە، جیندرمەو قەرەقۆل و مرۆڤ كوژەكانی توركیا شەوانە هەڵدەكوتنە سەر ماڵان و بەوێنەی بەعسیەكانی عێراق، بەبەرچاوی دایك و باوك و منداڵان لاوان گوللە باران دەكەن.

فاشیزمی ئیسلامی سیاسی ئەتاتوركی، گەورەترین پارچەی كوردستانی كردۆتە دۆزەخ و سیاسەتی بگرە و بیكوژەو تاڵانی بكە، لەدژی گەلی كورد پیادە دەكات.

ئەوەی لەهەمووی سەیرترو مایەی نیگەرانی و تووڕە بوونەكانە، بێ‌ دەنگی رای گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی زلهێزی دنیایە بەرامبەر ئەو هێرشە فراوانەی فاشیزمی توركی دەیكاتە سەر میللەتێكی بێ‌ پشت و پەنا، ئەو وڵاتانە سەرلەنوێ‌ دوو روویی و نامۆبوونی خۆیان بەهەرچی بەهای ئەخلاقی و مرۆییە هەیە سەلماندوەو ئەو راستییەیان زیاتر بۆ گەلی كورد بەرجەستەكرد، كەلای ئەوان بەرژەوەندی گشتی و سەرمایە بەتایبەتی پێوەری سیاسەتكردن و مامەڵەكردن و هەموو جۆڕە بڕیارو هەڵوێست وەرگرتنێكە بەرامبەر هەموو دۆخ و رووداوێك.

من وای دەبینم بەردەوامیدان بەپێدانی هەدەپە بەپرۆسەی ئاشتی و پێداگریان لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان بەرێگای دیموكراسیەت و یەكڕیزی سیاسی و پاڵپشتی پارچەكانی تری كوردستان لەباكورو برەو پێدانی خەباتی دیبلۆماسی كورد لەسەر ئاشتی دنیاو پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەدەپە لەگەڵ چەپ و دیموكراسیخوازەكانی توركیا گرنگترین و كاریگەرترین فاكتەری روو بەروو بوونەوەو پووچەڵكردنەوەی نەخشەو بەرنامەی دژی مرۆیی رژێمی ئاكە پەیە.

دڵنیاشم لەوەی چارەنووسی ئەردۆغان و رژێمی ئیسلامی سیاسی "كەمالی" لەچارەنووسی دكتاتۆرەكانی تری مێژوو باشتر نابێت و خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد لەباكوری كوردستانیش لەئاییندەیەكی نزیكدا سەركەوتنی گەورە بەدەست دەهێنێت.

دوای قسەشم بەوتەی نوسەرێكی ناوداری چەپی تورك دێنم كەلەچەند رۆژی رابردودا لێیان پرسی توركیا بۆ وادەكات؟ لەوڵامدا گوتی: هاربووە.

 

  • 1