ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زیرەك كەمال / من و برادەرێكی گۆڕان شەڕمان كرد

دوێنێ‌ شەو لەماڵەوە برادەرێكی بزوتنەوەی گۆڕان هاتە لام و پێی گوتم هاتوم لەبارەی قسەكانی (رابوون مەعروف) كە گوتویەتی جگە لە پێنج حزبەكە كۆی حزبەكانی تر (دوكاندارن)، داوای لێبوردن لەتۆو لە حزبی شیوعی كوردستان بكەم.

منیش گوتم: ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان نەبێت، ئێمە حیساب بۆ رابوون ناكەین، چونكە ئەو پیاوە ئەگەر پێمان هەڵبڵێت دەبێت نیگەران بین و لەخۆمان بكەوینە گومان، چونكە كەم حزب هەیە (رابوون) تیایدا ئەندام نەبووبێت و لەهەمووشیان حزبییەكی توندوڕەو نەبووبێت، دڵنیاشت دەكەمەوە كە ئێستاش گۆڕان نییەو بگرە لەرووی فیكرییەوە تەبلیغات بۆ فیكری سەلەفی و كۆنەپەرستی دەكات، بەڵام داخەكەم چی بكەم كە ئەوەی ئەمڕۆ بۆتە قسەكەرو ریش سپی و سیمای گۆڕان بەشی زۆریان رابوونەكانن.

ئەو برادەرەی گۆڕان كەشەو میوان بوو من زۆرم خۆش دەوێت و پیاوێكی تێكۆشەرو خاوەن هەڵوێستی، پێشی گوتم زیرەك كەمال من دڵسۆزو ئەندامی گۆڕانم و گۆڕانیشم خۆش دەوێت.

بەڵام نایشارمەوە ئەوەی محەمەد حاجی كە تێكۆشەرێكی ئێمە بوو ماوەیەك پێش ئێستا وازی لەگۆڕان هێنا، سەربارەت بەبزوتنەوەكەمان راستی كرد كە گوتی ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان هەرزەكار بەرێوەی دەبات.

منیش گوتم حزبی شیوعی كوردستان بەچاوی رێزو وەكو هەر حزبێكی تر سەیری گۆڕان دەكات و پێشمان وایە ئەو بزوتنەوەیە پڕە لەمرۆڤی باش و خەباتگێر، بەڵام نایشارمەوە بەشێكی زۆری كادیرەكانتان بەردەوام ئازاری حزبی شیوعییەكان دەدەن و لەهەوڵی شێواندنی مێژووی راستەقینەی حزبی شیوعی كوردستانن، بەڵام داخەكەم بزوتنەوەی گۆڕان نە وتەبێژەكەی و نەهیچ كەسیایەتیەكی دیاری، رۆژێك لە رۆژان داوای لێبوردنی لەحزبی شیوعی نەكردوە.

تەنانەت پاڕ ساڵی ئافرەتێكتان ئەندامی جڤاتی بزوتنەوەی گۆڕانە لەبارەی كارەساتی پشت ئاشان گوتی: ئەوەی لەوێ‌ رویدا هێرشی پێشمەرگە بوو بۆسەر جاشەكان!!

بەڵام داخەكەم بزوتنەوەی گۆڕان لەئاستیا بێ‌ دەنگ بوو، لەكاتێكدا من بەتەلەفۆن چەندین كەسایەتی دیاری بزوتنەوەكەم ئاگادار كردەوە، دواتر پێم گوت خەمی حزبی شیوعی كوردستان لەئێستدا خەمی خەڵكە، خەمی نەبوونی دادپەروەری و گەندەڵی و پێشێلكردنی مافی ڤرۆڤ و شەڕی داعش و گێچەڵەكانی بەغدایە بەهەرێم، دڵنیابە ئەوەی رابوون مەعروف گوتویەتی لەسەر ئێوە حیسابی ناكەین، بەڵام بێ‌ دەنگی بزوتنەوەكەشتان گومانی ئەوەمان لا دروست دەكات كە رۆژێك لەرۆژان (رابوون) ببێتە كەسی یەكەمی بزوتنەوەی گۆڕان!.

  • 1