ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زیرەك كەمال / ئێن ئارتی بۆ وا دەكات

چەند رۆژێك بەر لەئێستا بەتۆمەتی بەشداریبوونیان لەرێپێوانێكی مەدەنی (عەلی مەحمود)ی هاورێم و ژمارەیەك لە چالاكوانی مەدەنی هەولێر لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیركران، حزبی شیوعی كوردستان بەگشتی و راگەیاندنی ئەو حزبە بەتایبەتی، خۆیان لەو كەیسە كردە خاوەن و هەر لەژێر ئەو گوشارەو هاتنەسەر خەتی هاوڕێیە دیارەكانی حزبی شیوعی و هاوڕێ‌ عەلی مەحمود (رێباز هاشم) ی سكرتێری لاوانی شیوعی و هاوڕێكانی بەربوون، بەڵام زۆربەی كەناڵە بینراوو بیتسراوو خوێنراوو سایتە ئەلیكترۆنییەكان لەبەرامبەر ئەو كەیسە خۆیان كردە (كەڕەی شەربەت) و تەنانەت هەندێكیان لەهەوڵی شێواندنی وێنەی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەو پۆلە گیراوەش بوون.

كەچی سێ‌ رۆژە كەناڵی ئاسمانی ئێن ئارتی خەریكی شین و واوەیلا و دادوفیغان و گریانە بۆ یەكێك لەمەلاكانی هەولێر، كەگوایە لەلایەن چەند چەكدارێك پەلاماردراوە. هەواڵ و راپۆرتەكانی ئەو تەلەفزیۆنە لەبەرامبەر ئەوە وەكو هەواڵ و بەیاننامەی بەرەكانی جەنگە، ئەوانەی شارەزایان لەشاری هەولێر نەبێت و لەو شارە نەژین، كە ئەوە دەبینن قەناعەتی ئەوەیان لەلا دروستدەبێت كە لەهەولێر راوە مەلاو مزگەوتە.

لەَكاتێكدا هەولێر تاكە شارێكی كوردییە، كەئایین تیایدا لەوپەڕی بەهێزی و دەسەڵاتە، تەنانەت ئەو شارە واناسراوە كەلەنێوان دوو مزگەوت، مزگەوتێكی تر هەیە.

هەر لەو چەند رۆژەداو هەر لەشاری هەولێر هێرشكرایە سەر پزیشكێك و كامەران سەرسپی چالاكوانی مەدەنیش داركاری كرا، بەڵام ئێن ئارتی ئەوەی بۆمەلا كردی بۆ ئەوانی نەكرد، پرسیار ئەوەیە ئێن ئارتی كە دروشمی سەرەكی خۆی (تاكە كەناڵی ئەهلی بێ‌ لایەنە) بۆ وا دەكات!! 

ئایا من و هەموو چەپ و دیموكراسیخوازەكان مافی ئەوەمان نییە لەماهییەت و ناسنامەی فیكری و سیاسی ئەو كەناڵە بكەوینە پرسیاركردن و دڵەڕاوكێ‌؟ ئایا بڕیاردەرو بەڕێوەبەری ئەو كەناڵە دەزانن تاكە كەناڵی (ئەهلی و بێ‌ لاەین) مانای چییە؟ یان دەیزانن و پێیان وایە خەڵك ئەمە نازانێت.

  • 1