ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زیرەك كەمال / دەست خۆش كوتلە كوردییەكانی بەغدا

دوو رۆژ بەر لەئێستا تێكڕای كوتلە كورییەكانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەك تیم و هەوڵوێست رووبەڕووی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بووەنەوەو لەبەرامبەر بڕیارەكانی كەدەیەوێت بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی سیاسی و كوتلەی كوردی دەستكاری كابینەی حكومەتەكەی بكات، كوردانەو كوردستانیانە دەنگی ناڕەزایی و قبولنەكردنیان بەرامبەر عەبادی بەرزكردەوە كە ئەوەم بینی تەزوویەكی خۆشی سەراپای جەستەمی داگرت و لەدڵەوە دەست خۆشیم لێكردن و دواتریش بەتەلەفۆن ئافەرینم لەژمارەیەك لەو پەرلەمانتارانە كرد ئاخر منیش و هەموو ئەوانەی شارەزای بواری سیاسیش و لەو دۆخ و هەول و مەرجی ترسناكە تێدەگەن كە داعش لەلایەك و حكومەتی مەزهەبی حەیدەر عەبادی و (حشدی الشعب) ی لەلایەكی تر بۆ هەرێمی كوردستان دروستیان كردووە و چۆن بەقسەو كردارو سیاسەتەكانیان كەڕەنای تەپڵی جەنگی سەرلەنوێ‌ ئەنفالكردنەوەی گەلی كوردستان و خاپووكردنی وڵاتەكەی لێدەدەن، چەند جوان و شادی بەخش و ئارام بەخش بوو كە ئاڵا تاڵەبانی و خەسرۆ گۆران و هۆشیار عەبدوڵڵا و هاوڕێی و هاوكارانیان كوردستانیانەو یەك گوتاریانە بە حەیدەر عەبادی سەرۆكی كابینەی حكومەتی مەزهەبیان گوت ستۆپ، بەتایبەتیش كە سیاسییەكانی هەرێم لەئێستادا دەكرێت تێكدەرو بونیادنەری كوردستا بن، رۆژانە لەسەر شاشەی تیڤی و فەیسبووك و ناوەندەكانی تر شیر و تیر لە یەكتری دەسوون و وەكو دوژمنی باوە كوشتەی یەكتری وێنەیی سیاسی و كۆمەڵایەتی یەكتری دەشوێنن و رەشاوی رق و كینە لە گۆتار و قسەكانیان دەچۆرێتەوە. دەست خۆش كوتلە كوردییەكانی بەغدا، بەهیوام ئەو هەڵوێستەتان ببێتە بنەمای بوونیاتنانەوەی ماڵ كاول بووە سیاسیەكەمان و ببێتە سەرەتا و دەستپێكی كۆتایی هێنان بە چەلەحانێ‌ و نەڕە نەڕی سیاسی لە هەرێم لەوەش تێدەگەم ئەگەر باوانە سیاسیەكانتان لێ بگەڕێن خەون و خەیاڵ و هیواتان زۆرە، چونكە ئێوە لە بەغدان و لە هەقیقەتی عەبادی و عەبادییەكان و لەدژی فیكری زەرقاوی و شەهرستانی و مالكی و فاشیزمی ناو هەناوی مەزهەبگەرایی دەگەن.

  • 1