ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زیرەك كەمال/ ئەی خەڵكی كوردستان پاڵپشتی حزبی شیوعی بكەن

حزبی شیوعی كوردستان هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە راستگۆبووە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ گەلەكەی و ئەندامان و هاوڕێیانی، ئەوەی لەهێلە گشتیەكانی بەرنامەو پەیڕەوی ناوخۆیدا وەكو كارنامە دایڕشتووە هەرئەوەشی گوتووە و لەسەر زەمینی واقیعیشدا كاری بۆ جێبەجێكردنی كردووە، لەئێستادا كەوا ململانێ و وت وێژێكی گەرم لەسەر پرۆژەی دەستوورو سەرۆكایەتی هەرێمو كۆمەڵێك چەمكی سیاسی و یاسایی دەكرێت، حزبی شیوعی كوردستان بەئاشكرا داوای دەستورێكی عەلمانی ودیموكراسی مەدەنی دەكات چونكە دەستوورێكی لەم شێوەیەو خەباتكردنی لەپێناوی هێنانە كایەی دەستوورێكی ئاوا هەم راستگۆیی حزب لەگەڵ بەرنامەی خۆی و رابردووی خۆی دەسەلمێنێت، هەم دەشبێتە مایەی چەسپاندنی دیموكراسیەتو ئازادییە گشتیەكان و مافی مرۆڤ و مافی هاوڵاتی بوون و یەكسانی، لەلایەك خۆشحاڵم كەحزبەكەم ئاوا راشكاوانە كار لەسەر هێنانە كایەی دەستوورێكی ئاوا دەكات، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە لەدڵەوە نیگەرانو بگرە خەفتبارم كەهەرسێ حزبەكەی تر، پارتی، یەكێتی، گۆڕان، ئەوەندەی لەناو پەرلەمانو میدیاكان ململانێ لەسەر پرسە لاوەكیەكان دەكەن، ئەوەندەش خۆیان لەپرسە عەلمانیو دیموكراسیو مەدەنیەكان دەدزنەوە، دەشزانم سەرئەنجام هەر چوار حزبەكە ئەو ململانێیە لەسەر ناسنامەی دەستوور یەكلابكەنەوە، واتا سەرەنجام دەستوور پڕبكەن لەماددەو دەستەواژەی سەلەفی و بونیادە تەقلیدەكانی فیكری چەق بەستوو، دەترسم لەرێگای بیناكردنی دەستوورێكی مردوو لەگۆڕنانی خەون و ئامانجە دیموكراسیەكان دەست بكەنەوە ملی یەكتری و بیكەنە شایلۆغانێك ئەوسەری دیار نەبێت، تاكە حزبێك كەراشكاونە خەبات بۆ سیكۆلاریزم دەكات، حزبی شیوعی كوردستانە، دەسا ئەندامانی حزب، دۆستان و لایەنگرانی فیكری مەدەنیو دیموكراسی، پاڵپشتی حزبی شیوعی كوردستان بكەن بۆسەرخستنی هەوڵەكانی، چونكە دەستورێكی عەلمانی دیموكراسی چەند لەسەر ئاستی ناوخۆیی مافە دیموكراسیو كۆمەڵایەتیو مەدەنیو یاسایەكانی كۆمەڵگا دابین دەكات، ئاواش ناسنامەی زیندوێتی و رایەڵەی پەیوەندییەكان و هەیبەت و شكۆی گەلی كوردستان بەرووی دەرەوەدا دیاری دەكات.

  • 1