حزبی شیوعی لوبنان له كۆنگره‌ی ده‌یه‌می خۆیدا باسی چی كرد؟
راپۆرت – رێگای كوردستان
له‌ماوه‌ی نێوان 25-28 شوباتی 2009 دا حزبی شیوعی لوبنان به ئاماده‌بوونی 391 نوێنه‌ر له سه‌رتاسه‌ری شاروناوچه‌كانی لوبنان، كه 327 كه‌سیان ئه‌ندامی ئه‌سڵی بوون و 64 كه‌سیشیان میوان بوون كه مافی ده‌نگدان و خۆپاڵاوتنیان نییه،له‌گه‌ڵ 28 ئه‌ندام له حزبه شیوعی و بزاڤه چه‌په‌كان له 24 وڵات‌دا، كه حزبی شیوعی عێراق یه‌كێك بوو له‌و حزبانه، له ژێر دروشمی ( به‌ره و حوكمێكی نیشتمانی دیموكراسی عه‌لمانی به‌رهه‌ڵستكار) كۆنگره‌ی ده‌یه‌می خۆی گرێدا.
پێكهاته‌ی ئه‌ندامانی كۆنگره‌كه رێژه‌ی 91% ی ئه‌ندامی نێرینه و رێژه‌ی 9% یش ئه‌ندامی مێیینه‌ی له خۆگرتبوو. میانگینی ته‌مه‌نی ئه‌ندامان 44 ساڵ بوو، ته‌مه‌نی نوێنه‌رانی كۆنگره‌كه به‌م شێوه‌ی خواره‌وه بوو:
له 19-30 ساڵی رێژه‌ی 20%
له 30-40 ساڵی رێژه‌ی 20%
له 40-50 ساڵی رێژه‌ی 22%
له 50 – 60 ساڵی رێژه‌ی 23%
له 60 ساڵی به‌سه‌ره‌وه رێژه‌ی 15%
پیشه‌و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆنگره:
كرێكاری كارگوزار رێژه‌ی 40%
فه‌رمانبه‌ر رێژه‌ی 30%
قوتابی رێژه‌ی 8%
پزیشك رێژه‌ی 8%
ئه‌ندازیار رێژه‌ی 6%
خاوه‌ن كار رێژه‌ی 5%
پارێزه‌ر رێژه‌ی 2%
راگه‌یاندكار رێژه‌ی 1%
رۆژێك به‌ر له ده‌ستپێكی كۆنگره‌كه كۆڕێكی هزری له‌باره‌ی قه‌یرانی دارایی جیهانی به‌ڕێوه‌چوو. پاشنێوه‌ڕۆی 26/2/2009 كۆنگره ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد كه‌تێیدا هاوڕێ خالد حه‌داده وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و دواتر وته‌ی هه‌ریه‌ك له حزبی شیوعی (چین، كوبا، روسیا، فه‌ره‌نسا، ئوردن و هی سوریا له لایه‌ن یوسف فه‌یسه‌ڵ و هی هاوپه‌یمانی چه‌پی شیوعی لوبنانیش له لایه‌ن فواز ته‌ڕابلوسی پێشكه‌ش كران. به‌ڵام حزبه‌كانی دیكه ته‌نها بروسكه‌ی پیرۆزباییان بۆ كۆنگره‌كه ئاماژه‌ی بۆكرا.
له میانی رۆژانی كۆنگره‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك باس و ته‌وه‌ری سیاسی و هزری، له میانی گفتوگۆكردنی راپۆرتی سیاسی كۆنگره‌خرایه‌ڕوو كه له لایه‌ن هاوڕێ سه‌عدولڵڵا مه‌زره‌عانی جێگری ئه‌مینداری حزب پێشكه‌ش كرا، له‌وانه‌ش:
پڕۆه‌ژه‌ی حزبی شیوعی لوبنان بریتییه له ئاڵوگۆڕكردنی سیستمی تایفه‌گه‌ری، كه ئێستا فه‌رمانڕه‌وایی لوبنان ده‌كات، به سیستمێكی دیموكراسی كه ئه‌مه‌ش پێویستی به ته‌یاركردنی سه‌رجه‌م هێزه‌كان و به‌كارهێنانی هه‌موو شێوازه‌كانی تێكۆشانی به‌رده‌ست هه‌یه له میانه‌شیاندا ململانێی سه‌ربازی، چونكه رژێمی ئێستای لوبنان شه‌رعیه‌تی له‌ده‌ستداوه و بۆته رێگرێك له به‌رده‌م ئارامی و سه‌قامگیری وڵات.
ئه‌وه‌ی ئێستا كۆنتڕۆڵی بڕیاره سیاسیی و ئابوورییه‌كانی لوبنان ده‌كات ده‌سته‌یه‌كی داراییه كه پێكدێت له بانكداره‌كان و ئاژانسداره‌كان كه هاوپه‌یمانن له گه‌ڵ جه‌مسه‌ره سیاسییه ته‌قلیدییه‌كان( مه‌زهه‌بییه ناوچه په‌رسته‌كان)،بۆیه پێویسته له بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاڵۆزكاوی لوبنان بكۆڵینه‌وه و وه‌ڵامی به‌جێ له‌باره‌ی ئه‌و هێزانه بده‌ینه‌وه كه له پێناوی سیستمی دیموكراسی كارده‌كه‌ن و پێویسته بپرسین ئایا بۆرژوازییه‌ت به‌شێكه له پڕۆژه‌ی نیشتمانی یان نا؟
پێویسته روونتر پڕۆژه‌ی گۆڕانكاریمان ده‌ستنیشان بكه‌ین، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه به‌ره‌و ئامانجی سۆسیالیستی كه سروشتێكی دیموكراسی هه‌یه و پیویستی به‌كاركردن هه‌یه بۆ پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی ستراتیژی دوور له ئاره‌زووی خۆیه‌تی.
دوابه‌دوای خوێندنه‌وه‌ی راپۆرتی سیاسی وتووێژی ئه‌ندامانی كۆنگره‌كه ده‌ستی پێكرد كه ره‌نگه گرنترینیان وتووێژی (محه‌مه‌د ده‌كروب) بێت كه به‌توندی ره‌خنه‌ی له‌و بڕگه‌یه‌ی راپۆرته‌كه گرت كه په‌یوه‌سته به لایه‌نی رۆشنبیری و ئاماژه‌یدا كه بڕگه‌كه له پێنج دێڕ و دوو وشه زیاتر نه‌بوو. ده‌كروب گوتیشی:" كاری رۆشنبیری له بنكه‌ی حزبدا یا لاوازه یا وه‌رزییه یا هه‌ر نییه... كه ئه‌مه‌ش وایكرد حزب ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی كادیرانی له ده‌ست بدات".
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ده‌كروب جه‌ختی كرده‌وه كه برسیه‌تییه‌كی راسته‌قینه‌ی رۆشنبیری له حزبدا هه‌یه و داوای له كۆنگره كرد كه به‌ده‌ستهێنانی مه‌عریفه وه‌ك ئه‌ركێك ته‌ماشای بكرێ كه ناكرێ حزب ده‌ستبه‌رداری بێت، چونكه هزر و رۆشنبیری واتای ژیان ده‌به‌خشن. هه‌ر له‌م ته‌وه‌ره‌دا ده‌كروب رایگه‌یاند كه پێویسته به‌رپرسان له‌مباره‌یه‌وه لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێ و گوتی:" ئایا ئه‌مه هاندانه به‌رامبه‌ر به ده‌سته‌كانی سه‌ركردایه‌تی حزب؟ دواتر هه‌ر خۆی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی دایه‌وه و گوتی :" به‌ڵێ و هه‌زار جار به‌ڵێ ئه‌مه هاندانه به‌رامبه‌ر به سه‌ركردایه‌تی حزب، چونكه پێویستمان به به‌رهه‌می هزری هه‌یه و چه‌كێكتان به‌ده‌سته كه ئه‌وانی تر نییانه، بۆیه پێویسته كاری رۆشنبیری و هزری هه‌ر له چوارچێوه‌ی كۆنگره‌كان و كۆبوونه‌وه‌كاندا نه‌بێت".
ده‌كروب له چوارچێوه‌ی وتووێژه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به ده‌رنه‌چوونی گۆڤاری (( ته‌ریق )) دا كه ماوه‌ی پێنج ساڵ ده‌بێت به‌هۆی لایه‌نی دارایی له كاركه‌وتووه، ئه‌م قسه‌یه‌ی ده‌كروب هاوڕێ (خالد حه‌داده) ناچاركرد رایبگه‌یه‌نێت كه گۆڤاری ( ته‌ریق) به‌مزووانه ده‌رده‌چێته‌وه.
دوا رۆژی كۆنگره 28/2 بۆ گفتوگۆكردنی راپۆرتی رێكخستن و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تی نوێ ته‌رخانكرا. وتووێژی زۆر له‌مباره‌یه‌وه كرا و رایه‌ك پێشنیاركرا كه راپۆرته‌كه كورت بكرێته‌وه، به‌ڵام كۆنگره په‌سندی نه‌كرد. له‌م رۆژه‌دا چه‌ند خاڵێك خرایه‌ڕوو له‌وانه:
سه‌ره‌تا به‌خێرهاتنی یه‌كێتی شیوعییه‌كان كرا كه سه‌رله‌نوێ ده‌یانه‌وه‌ێ بێنه‌وه ریزه‌كانی حزب و به‌سیفه‌تی چاو‌دێر ئاماده‌ی كۆنگره‌كه بوون.
هاتنه نێو ریزه‌كانی حزب له‌ماوه‌ی رابردوودا به رێژه‌ی 20% زیادی كردووه و له به‌رامبه‌ریشدا رێژه‌یه‌كی نه‌كه‌م حزبیان جێهێشتووه، بۆیه هه‌ندێ له نوێنه‌رانی كۆنگره‌كه داوایان كرد به‌راوردێك له نێوان هه‌ردوو رێژه‌دا بكرێت.
لاوان له وتووێژه‌كانیاندا جه‌ختیان له به‌شداری لاوان له ده‌سته‌كانی سه‌ركردایه‌تی كرده‌وه و به پێویستیان زانی (كۆتا) یه‌كی تایبه‌ت به رێژه‌ی كه‌متر نه‌بێت له 20% بۆ لاوان ته‌رخان بكرێت.