له‌مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی 2009 سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێشنیارێكی كرد بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌ولێر كه تیایدا هاتبوو: ئافره‌تان و ژنانی كوردشتانیش له‌مه‌ودوا ده‌توانن ببن به‌شوفێری تاكسی و مۆڵه‌تیان پێبدرێت، ئه‌و بڕیاره‌ش له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پۆلیسی هاتووچۆی هه‌رێم په‌سندكراو كاری پێ كرا، ئه‌م بڕیاره‌ش له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ئافره‌تان به‌گه‌رمی پێشوازی لێكراو بووه جێگای ده‌ستخۆشی و خۆشحاڵی و هه‌ندێ له‌ئافره‌تان و خه‌ڵكی تر ئه‌م بڕیاره به‌رچاوه بووه دروستبوونی ئاژاوه‌و كێشه‌وه به گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی داده‌نێن له‌كوردستاندا، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی هێشتا كۆمه‌ڵگای كوردی نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی كه ئافره‌تان ببنه شوفێری تاكسی، له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار و فاكته‌ر كه ده‌بێته كێشه‌و گرفت له‌به‌رده‌م ئافره‌تان و ژنان له‌م راپۆرته‌دا هه‌وڵمان داوه رای چه‌ند كه‌سانێك له‌توێژی جیاجیای كۆمه‌ڵگا وه‌ربگرین.
ئافره‌تانی نه‌خوێنده‌وار له‌و باره‌یه‌وه چی ده‌ڵێن؟
(پوره سافیه) ئافره‌تێكی نه‌خوێنده‌وار ته‌مه‌نی له‌سه‌رووی (65) ساڵیه و پرسیارم لێ‌كرد له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه له‌مه‌ودوا ئافره‌تان ده‌توانن ببن به‌شوفێری تاكسی، ئه‌و له وه‌ڵامدا به‌سه‌رسامییه‌وه ئه‌و كاره‌ی ره‌تكرده‌وه‌و به‌دونیا خراپبوون وه‌سفی كرد و به‌كارێكی بی رێزی دانا به‌رامبه‌ر ئافره‌تان و وتی "باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌س لێبگه‌ڕێ ئافره‌تان له‌خێزانه‌كانیان ئه‌م كاره بكه‌ن"، من وتم: پێویستت به‌تاكسی بو بۆچوونه شوێنێك ده‌ست بۆ تاكسی شوفێری پیاو یان ئافره‌ت هه‌ڵده‌بڕی؟، پوره سافیه وتی: هه‌رگیز ئاماده نیم له‌گه‌ڵ شوفێری تاكسی ئافره‌ت سوارببم.
(دایكی ده‌شتی) ئافره‌تێكی تری ته‌مه‌ن (58) ساڵانه‌ی نه‌خوێنده‌واره، گوتی "من له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره نیم بۆ ئافره‌تان جوان نییه كاری تاكسی بكه‌ن"، چونكه پیاویان پیاو گوتووه و ژنیش ژن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه گوتی من ترسم هه‌یه له‌سواربوونی تاكسی له‌گه‌ڵ شوفێری ئافره‌ت، لێم پرسی بۆ ترسی چیت هه‌یه، وتی "هه‌ر پێی ناویێ‌و واز بێنه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی وت: دوورنیه كه‌سانی خراپ هه‌بێ مه‌رامیان هه‌بێ له‌م كاره".
هه‌رله‌م باره‌یه‌وه فه‌رمانبه‌ران هه‌ڵوێستیان چییه. (خه‌رمان كۆیی) فه‌رمانبه‌ره‌و شوفێریش ده‌زانێ‌و ئۆتۆمبێلی تایه‌به‌تی خۆی هه‌یه گوتی "من پێم وایه كاری تاكسی بۆ ئافره‌تان په‌سند نییه‌و هێشتا زۆرمان ماوه بگه‌ینه ئه‌و ئاسته‌ی ئافره‌تان كاری تاكسی بكه‌ن"، بۆیه ئافره‌تان ده‌بێ له‌هه‌ڵبژاردنی كار وریا بن‌و ئاساییه ئافره‌تان كار بكه‌ی، به‌ڵام كارێك شیاوبێت له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زی خۆیان، چونكه به‌كار كردنی تاكسی له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وه ئه‌وا ئافره‌تان لایه‌نێكی تری خێزانه‌كانیان كه بریتییه له‌به‌خێوكردنی منداڵ و سه‌رپه‌رشتی كردنی ماڵ فه‌رامۆش ده‌كه‌ن، خه‌رمان له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی ئاماده‌ی تێدایه رۆژێك له‌رۆژان ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بگۆڕێ به‌تاكسی‌و كاری تاكسی بكات، وتی "هه‌رگیز ئاماده‌نیم به‌خێوكردنی ماڵ‌و منداڵه‌كانم بكه‌مه قوربانی ئیشی تاكسی زۆر ئیش و كار هه‌یه بۆ ئافره‌تان گونجاوه بكه‌ین وه‌ك (به‌رگ دروو، فه‌رمانبه‌ری... چه‌ندین كاری تر، بۆیه به‌ش به‌حاڵی خۆم هیچ لایه‌نێكی باش له‌م كاره نابینمه‌وه".
(تاڤگه ساڵح) فه‌رمانبه‌ر وتی: پیشه‌ی تاكسی بۆ ئافره‌تان به‌ئاسایی ده‌زانم، چونكه ئێمه باس له‌وه‌ده‌كه‌ین كه له‌گه‌ڵ پیاوان جیاواز نه‌بین، كه‌واته چیمان له‌پیاوان كه‌متر نییه، بۆیه به‌كارێكی ئاسایی ده‌زانم، به‌ڵام ئه‌وه‌ش وه‌كو زۆربه‌ی كاره‌كانی تر پێویستی به رووبه‌ڕووبوونه‌وه هه‌یه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا تا له‌داب‌و نه‌ریتی دواكه‌وتووی كۆمه‌ڵگا رزگارمان ده‌بێت، تا به‌ئاسایی وه‌ریده‌گرن، چونكه ئه‌وه ئافره‌تانن له‌زۆربه‌ی وڵاته عه‌ره‌بی‌و ئه‌وروپییه‌كان ده‌مه‌وێ ساڵه ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، تاڤگه گوتی: من خۆم له‌به‌ر ترسی داب‌و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگا بیرم له‌و كاره نه‌كردۆته‌وه، به‌داخه‌وه ئه‌و كۆمه‌ڵگایه زۆر كار‌و كرده‌وه‌ی بۆ ئافره‌تان سنووردار كردووه‌و بویته كۆسپ‌و رێگر.
كاری تاكسی له‌روانگه قوتابیانی زانكۆ
(گه‌ڵا فه‌ره‌ج) : "له‌به‌ر نزمی ئاستی كۆمه‌ڵگا كاره‌كه ئه‌سته‌مه و قورس بووه"، چونكه ئافره‌تان رۆژانه به‌پیاده ده‌ڕۆن ده‌یان توانجیان ئاراسته ده‌كرێت، من دواكه‌وتوی كۆمه‌ڵگا ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ زۆر بڕیاری و راسپارده‌ی حكومه‌ت، به‌داخه‌وه تا ئێستا حكومه‌ته‌كه‌مان نه‌یتوانیوه رێگه له‌خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه بگرێتن من به‌ش به‌حاڵی خۆم دڵخۆشم نیم به‌م بڕیاره، به‌ڵكو ده‌یگه‌ڕێنمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌تان مامز ئاسا به‌ده‌م شێره‌وه بن، ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا ئه‌وه نییه ئافره‌تان كاری تاكسی بكه‌ن.
(ژیله ئیسماعیل) قوتابی زانكۆ وتی: "به‌هه‌نگاوێكی به‌رز و پیرۆزی ده‌زانم له‌و رێگه‌یه‌وه پێم وایه هه‌نگاوێك له‌رێره‌وه‌ی ژیان به‌ره‌و پێش ده‌چین"، ژیله وتی كه‌وا به‌كارێكی زۆر په‌سندی ده‌زانم، هه‌ڵه‌بت به‌م كاره‌ش ئافره‌تان هه‌ست به بوون‌و توانای خۆیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام بڵێم چی ده‌یان دایك‌و باوك هه‌یه خه‌ون و حه‌زو خولیای كچه‌كانیان له‌گۆڕ ده‌نێن به‌بیانووی شوره‌یی‌و نابێ‌و عه‌یبه‌و جوان نییه‌و تا دوایی، هه‌ڵبه‌ته به‌كارێكی باشی ده‌زانم ئافره‌تانیش هه‌ست به‌بوونی خۆیان ده‌كه‌ن، ره‌نگه هاوڕه‌گه‌زی خۆیان هه‌بێت حه‌ز بكه‌ن له‌گه‌ڵ شوفێری ئافره‌ت سه‌ركه‌ون و بڕۆن‌و له‌رێگا بیروراش بگۆڕنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت دوور نییه ده‌یان كه‌س نه‌فس نزمیش ئه‌م هه‌ڵه بقۆزنه‌وه كه به‌و هۆیه‌وه سوكایه‌تی به‌ئافره‌تان بكه‌ن وه‌ك چۆن له‌رێگای مۆبایل ده‌كرێت.
شوفێری تاكسی پیاوان ده‌ڵێن چی؟
(سه‌ردار) شوفێرێكی ته‌مه‌ن (39) ساڵ بوو وتی: زۆر به‌لامه‌وه كارێكی ئاسییه من پێم خۆشه شوفێری ئافره‌ت زۆر بێ، به‌پێكه‌نیه‌وه وتی: "ره‌نگه ئه‌گه‌ر شوفێری تاكسی ئافره‌ت زۆربن ئه‌وا كار له‌كاری ئێمه ده‌كه‌ن و خه‌ڵك زیاتر له‌گه‌ڵ ئافره‌تان سه‌ر بكه‌ون به‌تایبه‌تی ئافره‌تان".
(نازم) شوفێری تاكسی ته‌مه‌نی (29) ساڵ وتی: ئه‌وه‌ی ماوه كه‌م كه‌مه ئیشی ته‌كسیه بۆ ئێمه‌ی نه‌خوێنده‌وار بیكه‌ین، هه‌ر ئافره‌تان مابوو ئه‌م كاره بكه‌ن و رزقمان ببڕن.
(جه‌وهه‌ر) شوفێری تاكسی ته‌مه‌ن (41) ساڵ وتی: "زه‌حمه‌ته ئه‌م كاره بۆ ئافره‌تان سه‌ر بگرێ، چونكه میلله‌تی ئێمه وه‌كو كورد ئه‌و ئیشه‌ی بۆ ئافره‌تان قبوڵ نییه، به‌ڵام من پێشم ئاساییه كه‌س رزقی كه‌س ناخوا، به‌ڵام ئیشی تاكسی به ئافره‌تان ناكرێ، زۆر ماندووت ده‌كات.
(دونیا مه‌غدید) مامۆستا وتی:"هه‌ڵبه‌ته ئیشی تاكسی بۆ ئافره‌تان كارێكی شارستانی‌و جوانه توانای ئافره‌ت بارته‌قای پیاوان ده‌سه‌لمێنێ، به‌ڵام وا ئاسان نییه كۆمه‌ڵگاكه‌مان هه‌روا به‌ئاسانی وه‌ریبگرێ، چونكه بۆ وڵاتێكی رۆژهه‌ڵاتی و كۆمه‌ڵگایه‌كی نیچمه مه‌ده‌نیه‌تی وه‌كو ئێمه‌مانان به‌ئاسایی نازانم، دوورنیه ئه‌م كاره‌ش هه‌لێك بێت بۆ زیاتر چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافره‌تان زۆر زه‌حمه‌ته ئه‌م كۆمه‌ڵگا پیاو سالارییه به‌م ئیشه یه‌كسانیبوونی ئافره‌ت و پیاو قبوڵ بكات. من وه‌كو هه‌نگاوی یه‌كه‌م شوفێری پاس بۆ ئافره‌تان به‌شیاوتر ده‌زانم به‌كارێكی مۆدێرن‌و شارستانی ده‌زانم و سنووری كاری پاسه‌كان دیاری كراوه بۆیه شیاو تره.
پۆلیسی هاتووچۆ رازین به‌ئیشی تاكسی بۆ ئافره‌تان به‌رپرسی راگه‌یاندنی پۆلیسی هاتوچۆی شاری هه‌ولێر (حاجی پوشۆ) وتی: "ئه‌م بڕیاره ده‌رچووه وپرۆژه‌ی تاكسی كوردستان چه‌ندین رێنمایی تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌ی ده‌ركردووه وه له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلسیی هاتووچۆ, بریاردراوه تاكسی ئافره‌تان تایبه‌تمه‌ندی هه‌بێت به‌لێدانی لۆگۆی تایبه‌تی"، وه ده‌بێ به‌ناوی شوفێره‌كه خۆی بێت , نابێت به‌ناوی مێرد‌و براو باوكی بێت, فرۆشتنه‌وه‌ی تاكسیه‌كه‌ش له‌داهاتودا هه‌رده‌بێت به‌ئافره‌تانی بفرۆشێته‌وه, هه‌روه‌ها وتی له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پولسیی هاتوچۆی هه‌ولێر تائێستا (8) ئافره‌ت مۆڵه‌تی گشتی (عمومی) یان پێدراوه تا له‌داهاتوودا ئیشی تاكسی بكه‌ن.