دلزار 90 ساڵه‌ى مۆمى ته‌مه‌نى داگیرساند

له‌باره‌گای یه‌كیَتی نووسه‌رانی كورد- لقی هه‌ولیَر ،ئیَواره‌ی 8/1/2010 ، مه‌راسیمی ریَزلیَنان بۆ شاعیری گه‌وره‌ ئه‌حمه‌د دلزار به‌ڕیَوه‌چوو. له‌ومه‌راسیمه‌دا، كه‌ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ شاعیرو ئه‌دیبانی كوردستان و چه‌ندین كه‌سایه‌تی سیاسی و حكومی تیَدا به‌شداربوون، كه‌له‌نیَویشیاندا، هاوڕیَی تیَكۆشه‌ر عه‌زیز محه‌مه‌د و هاوڕیَ كه‌مال شاكر سكرتیَری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی كوردستان و محسن دزه‌یی له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و مامۆستا به‌كر له‌ یه‌كیَتی نیشتمانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندام په‌رله‌مانی كوردستان وعیَراق ئاماده‌ی مه‌راسیمه‌كه‌ بوون. سه‌رتای مه‌راسیمه‌كه‌ له‌لایه‌ن نووسه‌ر ئیسماعیل به‌رزنجی كرایه‌وه‌ كه‌ به‌ده‌وری خۆی داوای له‌ئاماده‌بووان كرد به‌ساتیَك ماته‌منی بۆ گیانی پاكی نووسه‌رانی كۆچكردووی كوردستان و جیهان و قوربانیانی قه‌له‌م به‌ماته‌مین بوه‌ستن وپاشان به‌ریَز كاوه‌ مه‌حمود وه‌زیری رۆشنبیری وتاری وه‌زاره‌تی پیَشكه‌شكردو ئینجا وتاری یه‌كیَتی نووسه‌ران له‌لایه‌ن سه‌عدوڵا په‌رۆش سه‌رۆكی لقی هه‌ولیَر خویَندرایه‌وه‌ پاشان وتاری كه‌سایه‌تی نیشتمانی و تیَكۆشه‌ر هاوڕِیَ عه‌زیز محه‌مه‌د خۆی پیَشكه‌شی كردو تیَیدا تیشكی خسته‌ گرنگی ئه‌م ریَزلیَنانه‌ كه‌ هه‌ر ریَزلیَنانی شاعیریَك نیه‌ به‌ڵكو ریَزلیَنانه‌ له‌میَژوویَك و ئینجا خوشكه‌ فریشته‌ی شاعیر كه‌ خوشكی دلزاری شاعیریشه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌بدولكه‌ریم شیَخانی مۆمی 90 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی شاعیریان داگیرساند و پاشان مامۆستا كه‌مال غه‌مبار كورته‌ی ئه‌و لیَكۆڵینه‌وه‌یه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شیعره‌كانی دلزاری ئاماده‌كردبوو ، خویَنده‌وه‌، له‌دوای ئه‌ویش رابه‌ری سه‌ید برایم ، له‌كورته‌ وتاریَكی ئه‌ده‌بیدا، دلزاری ره‌وانه‌ی نیَو گوڵوگوڵزاری ده‌ریای شیعر كرد، ئینجا نۆره‌ هاته‌ سه‌ر مامۆستا كه‌ریم شاره‌زا كه‌ كورته‌ی ژیاننامه‌ی دلزاری پیَشكه‌شكردوتیَیدا ئاماژه‌ی به‌ژیان وخه‌باتی سیاسی ونیشتمانی دلزار دا له‌ورۆژه‌ی له‌دایكبووه‌ به‌قۆناغه‌كانی به‌شداری سیاسی له‌ ریزه‌كانی حزبی شیوعیداو گرتن وراوه‌دوونان وپیَشمه‌رگایه‌تی و ئینجا سه‌فه‌ری هه‌نده‌ران و تاگه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ ساڵی 1994ه‌وه‌ تاوكو ئیَستا. له‌پاشان خه‌ڵاتی یه‌كیَتی نووسه‌ران له‌لایه‌ن كاك سه‌عدوڵا په‌رۆش سه‌رۆكی لقی هه‌ولیَر پیَشكه‌ش كراو ، به‌ریَز زیره‌ك كه‌مالیش به‌نویَنه‌رایه‌تی جه‌نابی د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح خه‌ڵاتی ریَزلیَنانی له‌ملی ئاڵاند و پاشان ئاماده‌بووانیش هه‌ریه‌كه‌و چه‌پكه‌ گوڵی ریَزلیَنانیان دایه‌ مامۆستای شاعیر. شایانی باسه‌ به‌ڕیَزان غه‌ریب پشده‌ری به‌ده‌نگیَكی به‌سۆز و ئازاد دلزاریش به‌ ده‌نگی عوده‌كه‌ی مه‌راسیمه‌كه‌یان رازانده‌وه‌.