دیمانە: شیڤان شێرزاد

دنیای وەرزش بەو پێیەی لە ڕوخسار و ناوەڕۆکدا لەوپەڕی پاکی و بێگەردی خۆیدا دەبنیرێت، وڵاتانیش بە کەرەستەیەکی زیندووی دەزانن تا بتوانن کەلتووری وڵاتەکەیان بە جیھان بناسێنن، ھەندێکجاریش لە ڕێگەی وەرزشەوە پەیامی گەلەکەیان بە جیھان ئاشنا دەکەن، لەو سۆنگەوەش کەرتی تایبەت و گشتی بۆ پشتیوانی کردن لە وەرزشی وڵاتەکەیان ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ بەرز ڕاگرتنی پەیامی وەرزش، لە ھەرێمی کوردستانیش ساڵانێک وەرزش و یاری تۆپی پێی بەتایبەتی جوڵانەوەیەکی خێرای بەخۆیەوە بینی، ھاوکات یانە کوردییەکان ڕکابەرێکی سەخت بوون بۆ بردنەوەی نازناوی خوولەکان، بەڵام ئێستا بەھۆی یرانی سەختی داراییەوە جموجوڵە وەرزشیەکان ڕووەو سستی دەڕۆن، جگە لە کشانەوەی چەند یانەک کە توانا داراییەکانی ڕێگر بوون لەبەردەم بەردەوامیان لە خوولی عێراقی.

(دیدار ڕەشید شێروانی) وەک بازرگان و خاوەنی گرووپی ئەتڵەس، کە خۆی وەرزشوانە و ھەمیشە پشتیوانی لە بواری وەرزشی کردووە، تا ئێستا توانیوویەتی درێس و سەرجەم کەل و پەلە وەرزشیەکان بۆ یانە و تیپە میللییەکانی ھەولێر و دەورووبەری دابین بکات، وەک خۆشی دەڵێت: پێموایە وڵات لە ھەر بارودۆخێکدا بێت، ناکرێت وەرزش لە ھەرێمی کوردستان دڵی لێدان بکەوێت!.

• بۆچی وەرزش بووە بە ئەولەویەتی کارەکانی تۆ لە کاتێکدا تۆ سەرقاڵی پیشەیەکی جیاوازی؟

خزمەتکردنی من لە بواری وەرزشدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە من بەر لە کاری بازرگانی و خاوەندراییەتی کۆمپانیای ئەتڵەس، کۆنە وەرزشوانێکم، خۆشەویستیەکی زۆرم بۆ وەرزشی کوردستان و شارەکەم ھەیە، ئەمەش وایکرد کە بێدەنگ نەبم لە ئاست گرفتی وەرزشوانانی کورد.

• تا ئێستا چیت پێشکەش بە وەرزشوانان کردووە؟

لە ڕووی ھاوکاریی مرۆییەوە درێغیم نەکردووە بۆ خزمەتکردنی گەنجانی ھەولێر و دەورووبەری ھەولێریش، بەڵام وەرزش بووەتە ئەولەویەتی کارەکانی من، تا ئەمڕۆش توانیوومە درێس و کەل و پەلی وەرزشی بۆ زۆرترین یانە و تیپی میللی دابین بکەم، کە ئێستا زۆربەی تیپە میللیەکان کە بەشداری لە خوولە نێوخۆییەکاندا دەکەن، بە لۆگۆی ئەتڵەس گرووپەوە دەبینرێن، بڕیاریشمداوە تا لە ژیان بم ھاوکاری سەرجەم وەرزشوان و وەرزشدۆستانی کوردستان بکەم، ھیوادارم ھەموو سەرمایەداران بێنە سەر ھێل بۆ ئەوەی دڵی وەرزشی کوردستان لە لێدان نەکەوێت.

• یانەی ھەولێر لە بارێکی سەختدایە ئێوە چۆن بەدەنگ ئەو یانەیەوە ھاتوون؟

یانەی وەرزشی ھەولێر، پێگەیەکی تایبەتی لە دڵی مندایە، بەو پێیەی خۆم لەو شارەدا چاوم بە دنیا ھەڵھێناوە و چەندین جار خۆم گەیاندووەتە دەستەی بەڕێوەبەرایەتی یانەکە و خەمی وەرزشوانەکانی ھەولێرم بە خەمی خۆم زانیووە، تەنانەت یانەی وەرزشی ھەولێر لە ھەر کات و ساتێکدا پێویستی بە ھاوکاری من بێت، ئامادەم پشتیوانیان بکەم، جا چ لە ڕووی داراییەوە بێت چ لە ڕووی مەعنەوی بێت.

• دوور لە وەرزش و کارەکەت دەگوترێت پاڵپشتیەکی زۆری گەنجان دەکەیت ئەمەیان تا چەند ڕاستە؟

خەونی من ئەوەیە، کە گەنجی ئەو وڵاتە لەسەر پایەکانی خۆی بوەستێت، بە کار و پڕۆژە و بەرھەمەکانیان خزمەت بە وەرزش و گشت بوارەکانی ژیان بکەن، بۆیە ھیچ کات داوای گەنجانم ڕەتنەکردووەتەوە، کە خەونی زۆریان ھەیە بۆ خزمەتکردنی ئەو شارە، ھاوکات چەندین گەنجی خێزاندار لای من مانگانە مووچەیەکی تایبەتیان پێدەدرێت و ھاوکاری بار و گوزەرانیان دەکەین، بۆ ئەوەی ڕەشبینی لە ژیانی خۆیاندا ڕەشبکەنەوە، بە ئەرکی خۆمان دەزانین کە لەو سەرمایەی ھەمانە بیبەخشینەوە ئەوانەی ئەمڕۆ چاویان بڕیووەتە ھاوکارییەکانی ئێمە.

 

هەمیشە پەنجەكانی هونەرمەند گۆرانی دەڵێن، مەرج نییە تەنیا موزیكزان نۆتەكان بنووسێتەوە ئەوەتا لەنێو تابلۆكاندا چەندین ئاواز هەن، ئەگەر سەرنج لەتابلۆیەكی شێوەكاری بدەی جگە لەجوانی رەنگەكان گوێت لە گۆرانیش دەبێت، دەنگی بولبولەكان و خوڕەی ئاو تێكەڵی یەكتری دەبن، ئەوەتا لەنێو تابلۆكانی ژاڵە سەیفەدیندا هەموو ئەوانە دەبینی و دەبیستی، خۆ ئەگەر زیاتر سەرنج بدەی شتی ئەفسوناویشی تێدایە ئیدی ئەوە خۆت دەتوانی بیاندۆزیەوە.

سازدانی: هێرش مەغدید

 

 

*كامە ستایل لای تۆ چێژ بەخشترە؟

-وەك ستایل حەز بە ستایلی ریالیزم و هایپەر ڕیالیزم دەكەم واتە زۆر نزیك لە واقع چێژێكی زۆری لێ دەبینم بەهۆی وردەكاری تێیایدا.

*ئەوەی ئێمە سەرنج دەدەین تابلۆكانت هەمووی زەیتین بۆچی؟

- وەك مەتریاڵ ڕاستە من تەنها ڕەنگی زەیتی بەكار دەهێنم چونكە تعامول كردن لەگەڵی و نەرم و نیانی لە كاتی بەكار هێنانی فلچەدا زۆر ئاسوودەیە وە هەروەها ڕەنگی زەیتی تا ڕاددەیەك كێشەی لەگەڵ گۆڕانكاری كەش و هەوا نییە و تەمەنی تابلۆكە زیاتر پارێزراوە.

*كامە قەبارە لای تۆ پەسنترە بۆ وێنەكێشان؟

- وەك قەبارە من بە جۆرەها قەبارە كارم كردووە بەڵام بۆ ئەو كارانەی كە من دەیانكەم زیاتر لە تابلۆی قەبارە گەورەدا جوانترە، من زیاتر حەز بە قەبارەی وێنە دەكەم لە 100 تاكو 150 سم بێت بەڵام ئەوە پێوەری جێگیرم نییە و بەگوێرەی شوین بۆ تابلۆكان قەبارەكە دەگۆڕم.

*مەبەستی بەڕێزتان چییە سەبارەت بە وێنەكردنی ئەو پیاوە كاسبكارەی نێو شار؟

- مەبەست لە كێشانەوەی ئەو تابلۆیە وەك شێوەكارێك دیمەنی ئەو فۆتۆیە زۆر ناخی هەژاندم لە هەمان كاتدا زۆر سەرسام بووم بە پابەندیەكەی زۆر حەزم كرد خزمەتێك بەو پیاوە مەزنە بكەم.. دوای ئەوەی ڕەزامەندی فۆتۆگرافەرەكەم وەرگرت بڕیارم دا لە ڕێگەی تابلۆیەكەوە هاوشێوەی هاوڕێ شێوەكانیترم كە پێشتر كردوویانە تابلۆیەك بكێشم و داهاتەكەی پێشكەش بەو بەڕێزە بكەم.

 

 

پرۆفایل

شێوەكار (ژاڵە سیف الین حسن) لەدایك بووی ناحیەی دیبەگە.. دەرچووی پەیمانگەی تەكنیكی هەولێر بەشی ئەندازیاری ڕێگاو بان.. مامۆستام لە هەمان پەیمانگە تاوەكو ئێستا.

هەر لە منداڵیەوەحەزی وێنەكێشانم هەبووە و لە پێشانگاو چاڵاكیەكانی قوتابخانە بەشداریم دەكرد.

لە ساڵی 2014 دەستم كردووە بە كێشانی تابلۆی زەیتی.

تا ئێستا خاوەنی چوار پێشانگای تایبەتم هەروەها كۆمهڵێك پێشانگای هاوبەش و بەشدار لە چاڵاكی زانكۆ و پەیمانگاكان و بەشدار لە پێشانگاكانی خێرخوازی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە..

 

 

بۆ گرنگیدان به‌ ئه‌ده‌بیاتی منداڵان و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌و بواره‌‌، به‌ پێویستمان زانی ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز"م. ڕزگار خدر" ی شاعیر و نووسه‌ری بواری ئه‌ده‌بیاتی منداڵان و سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی ساز بده‌ین.

 - ڕزگار خدر مسته‌فا" له 1964/7/3‌ لە گەڕەکی کانێسکان ی شاری سلێمانی له‌ دایك بووه.‌

- سەرپەرشتیاری پسپۆڕیی لە پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی. 

- ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژیار و سەرنووسەری گۆڤاری ئاراستەی پەروەردەیی.

- خاوەنی سێ منداڵه‌ بەناوەکانی: ( فرۆ ، دینۆ ، باکۆ ).

  ئەم بەرهەمانەی چاپکردووە:

١- ئاڤێستا کلتوری دینی و نەتەوەیی کورد، لێکۆڵینەوەی مێژوویی.

٢- غەمنامە، دیوانە شیعر. 

٣- خەمە پەروەردەییەکان، کۆمەڵێک نووسینی پەروەردەیین. 

٤- سەد پەند، کۆمەڵێک چوارینە شیعری پەروەردەیین. 

٥- هەلوربلور، دیوانە شیعری منداڵان.

6- باپەروەردە خەمی هەمووان بێ، کۆمەڵێک بابەتی پەروەردەیی.

 سازدانی: ڕۆسته‌م خامۆش

 پرسیار: لە کەیەوە شیعر بۆ منداڵان دەنووسی؟ 

وەڵام: دنیای منداڵ دنیایەکی ڕازاوەو تایبەتە, تاکو بەتەواوەتی ئاوێتەی نەبیت ناتوانی دەربڕی خواست و ئارەزووەکانی منداڵان بی، سەرەتا دەمەوێت بڵێم وەک پەروەردەکارێ هەمیشە ئارەزووم بووە بەهەموو شێوەیەک خزمەت بەبواری پەروەردەبکەم, خۆم بەتەواوی تەرخان بکەم بۆ خزمەت لەو بوارەدا و کاتێکیش بووم بەسەرشتیاری پەروەردەیی لەپۆلدا و لە ڤیستيڤاڵ و چالاکیەکاندا ئامادە دەبووم, منداڵان بە خوێندنەوەی شیعر و بەچالاکيی جوان پێشوازیان لێ دەکردین، ئارەزوم بوو ڕۆژێک منیش هۆنراوەیان بۆ بنووسم و پاداشتی ئەو پێشوازیە جوانەیان بدەمەوە و لەو ڕێیەشەوە خزمەتێک بەبواری پەروەردە بکەم، دەتوانم بڵێم ئەوان بوونە ئیلهام بەخشی هۆنراوە نووسینم بۆ منداڵان و تێکەڵ بوون بەو دونیا پڕ لە تەلیسمی جوانییەی ئەدەبی منداڵان.

 پرسیار: تا ئێستا چەند بەرهەمت بۆ منداڵان چاپکردووە، ئەگەر ئاماژە بە ناوەکانیان بکەی؟

وەڵام: لەزۆربەی گۆڤاره‌كانی منداڵاندا هۆنراوەم بڵاوکردۆتەوە و یەک دیوانە شیعرم چاپکردووە بۆ منداڵان بەناوی (هەلوربلور )، وه‌ دیوانێکی ترم ئامادەیه‌ بۆ چاپ.

 پرسیار: تایبەتمەندیی شیعری منداڵان چیە؟

وەڵام: نووسین بۆ منداڵان ئاسان نییە, کە ڕەنگە هەندێ کەس وابیربکەنەوە, تۆ کە بۆ منداڵان دەنووسیت دەبێت تەواو ئاوێتەی دنیای منداڵان بی و بچیتە دنیای پڕ لە خەیاڵی جوان و ڕازاوەی ئەوانەوە، بەزمانێکی سادە بنووسی، دووربیت لە وشەی قەبەو ئاڵۆز، دەبێت وەڵامدەرەوەی پرسیارەکانی ئەوان بێ و دووربێ لە ئامۆژگاری ڕاستەوخۆ, کە منداڵ بێزار دەکات، بنەماکانی مرۆڤدۆستی و ژینگە پارێزيی و گیانی هاوکاريی و لێبوردەیی و بەڵێنپارێزيی و ئاژەڵدۆستيی و تەندروستی..... لەخۆبگرێت بەپێی ئاست و قۆناغی تێگەیشتنی منداڵ بنووسرێت، دەبێت هەڵگری پەیامی تەواوکاری پەروەردەی دروست بێت.

 پرسیار: لە ئێستادا ئەدەبیاتی منداڵانی کورد، چۆن دەبینی؟

وەڵام: لە ئێستادا کۆمەڵێک نووسەر و شاعیری باشمان هەیە له‌ بواری ئه‌ده‌بیاتی منداڵانی كورددا، گەر بەراوردی بکەی بەساڵانی پێشوو، بەڵام پێویستیان بەهاوکاريی هەیە, پێویستمان بە وەرگێڕانە لەبواری ئەدەبی منداڵان, تا زیاتر نووسەرانی خۆشمان ئاشنا بن بە تەکنیکی نوێی نووسین و خەیاڵی فراوانيی دنیای منداڵان, پێویستە دەزگایەک هەبێ بۆ وەرگێڕان لەئەدەبی گەلانەوە بۆ کوردی و بەپێچەوانەشەوە وەرگێڕانی نووسینی نووسەرانی کورد و ناساندنیان بە دنیای دەرەوە.

 پرسیار: وەکو دەزانین زۆربەی گۆڤارەکانی تایبەت بەمنداڵان لە ئێستادا دەرناچن و بڵاوناکرێنەوە، ئەوەش وادەکات، کە بواری ڕۆژنامەگەریی منداڵان پاشەکشێ بکات و هەر خودی منداڵانیش لە سوودەکەی بێبەش بن، بەڕێزت پێشنیارت چیەو چی بە چارەسەر دەزانی؟

وەڵام: بەداخەوە زۆربەی ئەو گۆڤارانەی خزمەتێکی باشیان بە ئەدەبیاتی منداڵان دەکرد, لە ئێستادا لەبەرنەبوونی هاوکاريی ڕاگیراون, نەحکومەت هاوکارییان دەکات, وه‌ بەراستی وەک گلەییەکیش نەخەڵک هاوکاره‌، ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئامادەیە بڕە پارەیەکی زۆر بدات بە مۆبایل و ئایپاد و.... چی و چی, بەڵام بیر لە کڕینی گۆڤار و کتێب ناكه‌نه‌وه‌و لەگرنگیی و بایەخیان تێنەگەیشتوون. هیوادارم, کە هەمووان هاوکار بن, وەک حکومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیريی و پەروەردە، وەک خەڵک و کۆمپانیاکان بەبایەخەوە بڕواننە ئەو گۆڤارانە و هاوکاريان بن.

 پرسیار: هەر چەندە کتێب و نامیلکەی تایبەت بەمنداڵان کەمن، بەڵام ئەوەندەی کە هەیە لەوە باشترە کە هەر نەبێ، جا بۆ ئەوەی منداڵان ئاشنا بکرێن بەکتێب، بە ڕای تۆ هەنگاوەکانی بەکەلتوور کردنی خوێندنەوە چین و بەکام ڕێگە دەتوانرێ ئەم کارە گرنگە بکرێ؟

وەڵام: بۆ بەکه‌لتووريکردنی خوێندنەوە, ئەوە ئەرکێکە لەسەر شانی هەمووان, گەر بمانەوێ نەوەیەکی هۆشیار و پێگەیشتوومان هەبێ, دەبێت بزانین, کە کتێب باشترین هاوڕێ و مامۆستایە, کە دەتوانێت لە هەموو جێگەیەگ هاوکاربێ، بە خوێندنەوە توانای ژیريی زیاد دەکات و تێگەیشتنی منداڵ و ئاشنابوونی بە دەورووبەر فراوان دەبێ، توانای ئاخاوتنی زیاد دەکات و دووری دەخاتەوە لەشەرم و گۆشەگیريی، خەیاڵی فراوان دەکات, گەشە بەدەمارەکانی مێشک دەدات، ڕەفتاری ئەرێنی لەمنداڵدا بەرجەستە دەکات.... لەبەر هەموو ئەم هۆکارانە دەبێت خێزان و قوتابخانەو دایک و باوک و مامۆستا هەمووان هاوکار بن لەهاندانی منداڵان بۆ خوێندنەوە لە باخچەی منداڵانەوە دەبێت دادەکان حەزی خوێندنەوە لای منداڵ بەرجەستە بکەن, حکایەت و چیرۆکی بەچێژیان بۆ بخوێننەوە، گرنگيی بە بوونی کتێبخانە لە ناو ماڵ و لە قوتابخانە بدەن و دایک و باب لەبەرچاوی منداڵ بخوێننەوە, چونكه‌ منداڵ لاسایی گەورەکان دەکاتەوەو حەزدەکات وەک ئەوان ڕەفتاربکات و لە بۆنەکاندا کتێب بکەنە دیاريی بۆیان، سەردانی کتێبخانەیان پێبکەن و بەپێی تێگەیشتن و قۆناغی تەمەنیان کتێبیان بخەنە بەردەست، لەپای پاداشت و کردەوەی جوان گۆڤار و کتێبیان بۆ بکەنە دیاری.

  پرسیار: زۆربەی شاعیران و نووسەرانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان بەرهەمی ئامادەیان هەیە بۆ چاپ، بەڵام بەداخەوە خۆیان وەک پێویست ناتوانن چاپی بکەن، پێشنیاری بەڕێزت چیە؟

وەڵام: وەک لەوەڵامی پرسیارێکی پێشووتر ئاماژەم پێکرد ئەوە ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە, ئەرکی کۆمپانیا و دەزگاو دامەزراوە رۆشنبیريی و پەروەردەییەکانە, كه‌ هاوکاری نووسەران بن لەچاپکردنی بەرهەمەکانیان, لە وڵاتانی دنیا نووسەر لەسەر چاپکردنی بەرهەمەکانی دەژی, کەچی بەداخەوە لەلای ئێمە دەبێ نووسەر بەپارەی خۆی و لە قووتی خۆی و ماڵ و منداڵی بگرێتەوە بۆ چاپکردنی بەرهەمێکی, دواتریش هەمووی لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکان بێ خوێنەر و کڕیار دەمێنێتەوە و دەبێتە مایەی زەرەر.

 پرسیار: بە هۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و هەبوونی ئەو هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییە و بەکارهێنەرێکی زۆری ئینتەرنێت لەلایەن گەورەساڵانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە منداڵانیش لە ڕێگەی مۆبایل و ئایپادەوە بەکاری دێنن، بەڵام بۆ ئەوەی زیانی نەبێ و بە شێوەیەکی تەندروست بەکاری بێنن و سوودی لێ وەربگرن، چی بەباش دەزانی و ڕێنماییت چیە بۆ دایکان و باوکان؟

وەڵام: بەداخەوە هەمووان ئیمڕۆ دەرهاویشتە خراپەکانی تەکنەلۆژیاو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەبینین و دەستەوستان و بێچارەین, کە بەدیوێکی تردا ڕەنگە بتوانین بە قازانج بیگێڕینەوە گەر هانی منداڵان و نەوجەوانان بدەین بۆ دروست بەکارهێنان و سوودبینین لێی، واقعی ئەمڕۆ سەپاندویەتی بەسەرماندا و پێشکەوتنی کۆمەڵگه‌ و داهێنانەکان دەتوانن هەموو سوود بەخشن بن و هەم زەرەرمەند, ئەوە خۆمانین, کە بڕیار دەدەین بەچ دیوێکدا بەکاری ببەین، دەبێت دایک و باب، مامۆستایان هاوکاربن بۆ چۆنێتی بەکارهێنان و سوودبینین لە تەکنەلۆژیای سەردەم و نەبینە کۆیلەو هۆگری هەمیشەیی و دابڕان لەدونیای دەرەوە.

 پرسیار: منداڵ، کاتێ شیعر، یان چیرۆک دەخوێنێتەوە، یاخود بۆی دەخوێنرێتەوە، پێی خۆشە وێنەی لەگەڵدا بێ و بیبینێ، بۆچی؟

وەڵام: بوونی وێنە و ڕەنگەکان سەرنجی منداڵ ڕادەکێشێ و چێژ و توانای هەستی بینین دەیان جار زیاترە لە بیستن, ئەمەش زیاتر وا دەکات گرنگيی زیاتر بە وێنە بدرێت لە گۆڤار و کتێبی منداڵان.

  پرسیار: تا چەند گەشبینی بە ئایندەی ئەدەبیاتی منداڵانی کورد؟

وەڵام: گەشبینم بە بوونی کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر لەو بوارەدا، نووسەرانی پڕ هیوا دەبینم, کە کۆڵنادەن و بەردەوامن لە نووسینی شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و خەمخۆرانێک لە مامۆستایانی دڵسۆز, کە هاندەری بە که‌لتووریکردنی خوێندنەوەن.

   

 

 

 

لە گفتوگۆیەکی رێگای کوردستان لە گەڵ هاورێ کاوە محمود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان دەربارەی بە هەڵوێستی حزب سەبارەت بە کێشەکانی نێو پەرلەمان، بەرێزی ئەم لێدوانەی دا:

1ــ سەرچاوەی ناکۆییەکانی نێو پەرلەمان بۆ بارگرژی و ناکۆکێ نێوان دوولایەنی دەسەلاتدار کە پارتی و یەکێتییە دەگەرێتەوە، و و پێشتریش چەندین ڕووداوی بارگرژی و شاڵاوی ڕاگەیاندنیان دژ بە یەکتر بەرپاکرد.

2ــ بنەمای ئەو ناکۆکییانە بۆ بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی ئەو دوولایەنە دەگەرێتەوە و ئاکامەکەشی بە جۆرێکی سەلبی لە سەر کاری پەرلەمانی ڕەنگدەداتەوە، و بە هیچ شێوازێک خزمەتی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان ناکات، لە کاتێکدا ئەم دوو لایەنە لە نێو حکومەتدا کێشەی زەقیان نییە.

3ــ بوونی ئەم ناکۆکییانە لە پەرلەمان ئیش و کاری پەرلەمان بە لارێدا دەبات، و سەرنجی ڕای گشتی کوردستان بەرەو ململانێی لاوەکی و بارگرژی دەبات و نابێتە هۆکاری درووستکردنی سەقامگیری سیاسی لە کوردستاندا، لە کاتێکدا جەماوەری خەڵکی کوردستان چاوەرێیە پەرلەمان ڕۆڵی خۆی ببینێت لە یاسادانان و چاودێری و کارکردنی گشتی بۆ دەربازبوونی کوردستان لەم قەیرانە ئابورییە هەمە لایەنە، و درووستکردنی یەک هەڵوێست لە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان.

4ــ مەبەست لە بوون حزبی شیوعی کوردستان لە پەرلەمان وەک حزبێکی چەپی دیموکرات ئۆپۆزیسۆن داکۆکیکردنە لە بەرنامە و بۆچونی حزب و بەستنەوەی تێکۆشانی جەماوەری بە هەموو شێوازەکانییەوە بە تێکۆشانی پەرلەمانی بۆ داکۆکیکردن لە بەرژەوەندی نیشتمانی و چینایەتی جەماوەری زەحمەتکێشی گەلی کوردستان.

5ــ لەو ڕوناگەیەوە و بە پشتبەستن بە سەربەخۆیی سیاسی حزبمان کە بنەمای هەڵوێستەکانمانە حزبی شیوعی کوردستان دژ بە درووستکردنی جەمسەرگیرییە، و ئێستا و ئایندەش ئامادە نییە نە لە جەمسەری پارتی و نە لە جەمسەری بەکێتی بێت، و بە هیچ جۆرێک سیاسەت و هەڵوێستی خۆمان وابەستی هەڵوێستی لایەنی دیکە ناکەین، و پێمان وایە مێژووی بزوتنەوەی سیاسی بۆ هەموو لایەنەکانی دەرخستوە کە بوونی ئەم دابەشبوونە گەرانەوەیە بۆ ناوەڕاستی شستەکانی سەدەی ڕابووردوو ، و زەمینە خۆش کردنە بۆ شەڕی ناوخۆ یان دابەشبوونی ناوچەی هەژموونی حزبی.

6ــ حزبمان جەخت لە سەر پاراستنی دامەزراوەکانی کوردستان دەکاتەوە کە لە دەستوری عێراقیش دانی پێنراوە، و بەشدارکردن یان بەشدارنەکردنی حزبمان لە هەر دانشتنێکی پەرلەمان و هەڵوێست وەرگرتن لە پرۆژەکان بەندە بە هەڵویستی حزبمان لە ناوەڕۆکی هەر بابەتێک کە جێگای گفتوگۆیە لە پەرلەمان بە پێی بەرنامە و گوتاری سیاسی حزبمان بە هیچ جۆرێک هەڵوێستەکانمان لە سەر ڕۆشنایی هەڵوێستی لایەنی دیکە وەرناگرین.

 

 بەهار مونزر: پێویستمان بە یاسای یەکسانى جێندەرى هەیە

ئاودێر

لەم دیمانەیەدا، بەهار مونزیر چالاکى بوارى مافەکانى ئافرەتان، باس لەوە دەکات کە پلانێک بۆ شکاندن و بەکەمدانانى کارى ڕێکخراوەکان و بزووتنەوەى ژنان و دەنگى مەدەنى لە کوردستان بوونى هەیە، بەپێویستیشی دەزانێت کە 8ى مارس بکرێتە دەرفەتێک بۆ وەستانەوە دژ بەم کۆنەپارێزییە، بەپێویستیشی دەزانێت بۆ هێنانەدى یەکسانى یاسای جێندەرى دەربکرێت تاکو هیچ کەسێک بۆى نەبێت بەهۆى جیاوازى جێندەرییەوە سوکایەتى بە ڕەگەزى بەرانبەر بکات.

-لە ماوەى ڕابردوودا سوکایەتێیەکى زۆر لەلایەن چەند پیاوێکی ئاینییەوە بەرانبەر بە ژنان کرا، هۆکارى چییە؟

پلانێک بۆ شکاندن و بەکەمدانانى کارى ڕێکخراوەکان و بزووتنەوەى ژنان و دەنگى مەدەنى لە کوردستاندا لەلایەن چەند مامۆستایەکى ئاینی و کۆنەپارێزەکانەوە هەیە، ئەم پلانە لەڕێگەى زمانێکى تەواو زبرەوە بەیان دەکرێت بەشێوەیەک کە ژن بە کەم دادەنێت و خەڵکانى مەدەنى بەسوک سەیر دەکات، هەرچەندە بوونى جەدەل لەناو هەر کۆمەڵگەیەکدا حاڵەتێکى ئاساییە و لە هەموو وڵاتێکدا لەکاتى گۆڕانکاری بەرەو مەدەنییەت ڕووبەڕووبوونەوە ڕوودەدات، بەڵام ئەوەى لە هەرێمى کوردستان ڕوودەدات حاڵەتێکى سروشتى نییە، ئەو زمانەى کە قسەى پێ دەکرێت زمانى جنێوە، ئەوە نابێت ببێت، واتە کێشەى ئێمە لەگەڵ ئەم جۆرە لە زمانەیە نەک جەدەل و گفتوگۆ لەسەر پرسەکان، دەبێت ئەوەش ڕوون بێت کە خەبات بۆ یەکسانى و کۆمەڵگەى مەدەنى کارى ئاسان نییە و گرووپ و ڕێکخراوەکان هەمیشە ڕووبەڕووى کۆنەپارێزەکان دەبنەوە.

-ئەم سوکایەتی و بێڕێزییە تەنیا لەیەک لایەنەوە دەکرێت؟

لەڕاستیدا کۆدەنگییەک بۆ بڵاوکردنەوەى بێڕێزییەکان بەرانبەر بە ژنان هەیە، بەتایبەتى لە سۆسیال میدیاوە، بەشێوەیەک جگە لەو زمانەى کە بەشێک لە مامۆستایانى ئاینى بەرانبەر بە ژنان قسەى پێ دەکەن، لەناو سۆشیال میدیاشدا سەکۆیەک دروستکراوە بۆ لێدان لە ژنان و بڵاوکردنەوە و سوکایەتی پێکردنیان، تەنانەت هەندێک جار چالاکێکى بوارى مافەکانى ژنان، یاخود ڕێکخراوێک لەکاتى دانانى چالاکییەکدا سەدان ناووناتۆرە و قسەى ناشیرینیان بۆ دادەنرێت.

-تاچەد گرنگە 8ى مارس بکرێتە دەرفەتێک بۆ وەستانەوە دژ بەم کۆنەپارێزییە؟

لەڕاستیدا هەشتى مارس دەبێت یەکێک بێت لە کارە گرنگەکان بۆ وەستانەوە و خەبات لە بەرانبەر ئەو سوکایەتی و بێڕێزییەى بەرانبەر بە ژنان دەکرێت، بۆ ئێمەش هەر وابووە، کەمپەینێکى فراوان هەبوو، ڕێکخراوەکان و چالاکان زۆر پەیوەست بووین بەیەکترى تاکو بتوانین هەشتى مارس پێکەوە بکەین، دروشمی سەرەکی کەمپەینەکەی ئەمساڵى ئێمە بۆ هەشتى مارس وەستانەوە بوو بەرانبەر بەو سوکایەتییەى بە ژنان دەکرێت، بەڵام بەهۆى ئەو دۆخەى کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستى کردووە نەمانتوانیوە چالاکییەکان بەتایبەتى ڕێپێوانەکە بکەین، هەربۆیە کارمان لەسەر سپۆتێکى تەلەفیزیۆنى کرد، بە بەشدارى کۆمەڵێک هونەرمەند.

-سوکایەتیکردن بە ژنان لەلایەن بەشێک لە مامۆستایانى ئاینى و خەڵکانى کۆنەپارێزەوە، بووەتە هۆى پاشەکشێى ڕێکخراوەکان، یاخود بەپێچەوانەوە بووە؟ 

بەپێچەوانەوە ئەم سوکایەتییە نەک نەبووە هۆى کشانەوەى ئێمە، بەپێچەوانەوە سوربوونى زیاترى پێداین لەسەر بەردەوامى کارەکانمان، ئەم سوکایەتییانە کە لەماوەى ڕابردوودا کرانە سەر ژنان و کەسانى پێشکەوتووخواز وایکرد کە ئێمە زۆر زۆر یەکگرتووانەتر کار بکەین، هەموو ئەوانەى لەبوارەکانى ژناندا کاریان دەکرد زۆر زیاتر لە جاران هەماهەنگى لەنێوانیان دروست بوو، خاڵێکى گۆڕانکارى و دەستپێکێکى باش بووە کە ڕاشکاوانە ڕووبەڕووى کۆنەپارێزى بوەستیتەوە، تاکو لەو ڕێگەیەوە بتوانرێت فشار دروست بکرێت، لەم پەیوەندەشدا دەنگێکى ئازاد و مەدەنى هەیە کە هەمیشە پشتیوانی ژنان و پرسە گرنگەکەیان دەکات، بۆیە لەداوى ئەم ڕووداوانە ئێمە زیاتر جەخت دەکەینەوە کە یاسای یەکسانى جێندەرى لە هەرێمى کوردستاندا چێبکرێت تاکو هیچ کەسێک بۆى نەبێت بەهۆى جیاوازى جێندەرییەوە سوکایەتى بە ڕەگەزى بەرانبەر بکات، هیوادارم هەشتى مارسی ئەمساڵ ببێتە هۆى بەهێزبوونى بزووتنەوەى ژنان و گەشەکردنى بەشێوەیەک بتوانێت ڕووبەڕووى ئەو دەنگە کۆنەپارێزانە بوەستێتەوە کە ئەمڕۆ لەزۆر ئاستدا بوونیان هەیە.

 

دیدارو چاوپێكەوتنەكان