ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كاتێك دەوروبەر كاریگەری خۆی لەسەر تاك جێدەهێڵێ‌ ئەوە ناچارت دەبی ئەو كاریگەریانە هەڵڕێژی جا لەهەر روویەكەوە بێت، چاوی هونەرمەندو شاعیران لەم كاتانەدا شتە شاراوەكان دەبینێ‌ و دەخوازێ‌ ئەویش جێپەنجەی خۆی لەسەر جوانی سروشت و رووداوەكان هەبێت، (بنار پیرداود) وەك هونەرمەندێكی شێوەكار سەرنجەكانی لەنێو رەنگەكاندا بەتاڵ دەكاتەوەو دەیانخاتە سەر ئەو پەڕە سپیانەی لەبەردەمیتی، ئەو بەجۆرێك سروشتی نەخشاندووە حەزدەكەی بۆ پیاسەیەك بچییە ناوی، بۆیە رێگای كوردستان بەباشی زانی بەسەریكاتەوە:

دیمانە: هێرش مەغدید

-كامە قوتابخانە لای تۆ چێژ بەخشترە؟

+تایبەت بە قوتابخانە هونەرییەكان، لای من قوتابخانەی ریالیزمی زیاتر پەسندترە‌و لە هەمووشیانم زیاتر پێ‌ خۆشترو جوانترە، چونكە راستەوخۆ چێژ بە بینەر دەبەخشن، وە دەتوانم رێك وەكو فۆتۆیەكە دەری بچوێنم.

 -ئەوەی ئێمە سەرنج دەدەین تابلۆكانت هەمووی زەیتین بۆچی؟

+راستە هەموو تابلۆكانم رەنگی رۆنین، خۆم زۆر حەز بەو جۆرە رەنگە دەكەم وە دەتوانم ئەوەی من مەبەستمە لە چوارچێوەی تابلۆكەما بیپێكم، وە تابلۆكانیشم سروشتین، بۆیەش سروشتم هەڵبژارد چونكە لە منداڵییەوە بە بینینی سروشت‌و ئەو شێوە تابلۆیە واقیعییانە دڵخۆش دەبووم، هەر بەشێكی كوردستان سەیر بكەین خۆی لە خۆیدا تابلۆیەكە ویستوومە لە رێگەی رەنگەوە جوانییەكانی ئەو سروشتە بۆ ناو تابلۆكانم بگوازمەوە.

-كامە قەبارە لای تۆ پەسنترە بۆ وێنەكێشان؟

+لەسەر جۆرەها قەبارە كارم كردووە، لە بچووكەوە بۆ زۆر گەورە، وە لەسەر دیواری درێژ‌و بڵند‌و هەتا لەسەر كۆڵكە داریش وێنەی سروشتم كێشاوە، زیاتریش حەزم بە قەبارەی (60×80)یە چونكە لەو شێوە قەبارەیە دەتوانم كاری جوانتر بكەم.

 - كەس یارمەتیدەرتە بۆ ئەنجامدانی كارەكانت؟

+هیچ كەسێك یارمەتیدەرم نییە وەكو دەستگرتن بۆ تەواوكردنی كارەكانم، بەڵام كاتێك دەستم بە ئیشی سروشتی كرد لە ساڵی 2010 ئەوكات بە مامۆستا (هێمن خدرەسۆر)م نیشاندەدا، بەڕاستی ئەو وای لە من كرد بگەم بەو رۆژە، وە بۆ هەمیشە وەك مامۆستاو رێنیشاندەر لە دەروونم دەمێنێتەوە.

  پرۆفایل:

بنار پیرداود قادر، لە دایكبوونی 4/11/1983 لە قەزای مەخمور چاوی لە دونیا هەڵێناوە، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێرە، بەشداری چەندین پێشانگای شێوەكاری كردووە لە شارەكانی كوردستان، وەك خۆی دەڵێ‌ زیاتر لە پێنج جار داوەتی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی‌و ئەوروپی كراوە، بەڵام لەبەر بواری ماددی كە گەشتە هونەرییەكان لەسەر گیرفانی خۆی بووە نەیتوانیوە بەشداری بكات، لە ئێستاشدا مامۆستایە لە قوتابخانەی (قانیع) سەر بە پەروەردەی دەشتی هەولێر.

 

دیدارو چاوپێكەوتنەكان