حەمەسەعید حەسەن
ئەو هەموو کتێبەت نووسیوە، ئیدی بۆچی پشوو نادەیت؟
چونکە خوێنەرەکانم چاوەڕێی نووسینی من دەکەن،
چونکە کەس ناتوانێت وەک من جوانیان بۆ بنووسیت،
ئاخر من بە زەبری خۆشەویستی دەنووسم،
ئاخر من دڵم دەخەمە دووتوێی نووسینەکانمەوە.
ئەوەی لە کتێبدا هەیە، جا کتێبەکە پیرۆز بێت، یان نا، تیۆرییە، حەقیقەت ئۆرجیناڵە، لە کتێبەوە قەرز ناکرێت، لە ناخی خۆتەوە هەڵدەقوڵێت. ئەوانەی خۆیان بە مەزن و پیاوچاک و کاریزما دەزانن، تا بۆیان بلوێت خۆیان لە خەڵک بەدوور دەگرن، ئەگەرنا هەر زوو دەستەکەیان دەکەوێتە ڕوو. بۆ ئەوەی ببیت بە مامۆستای خۆت، تەنیا ئەوەی دەوێت، هێندە هۆشیار بیت، بتوانیت چاودێریی خۆت بکەیت، ئیدی نە حەوجەت بە ڕێبەر دەبێت، نە بە مامۆستا، خۆت دەبیتە ڕێبەر و مامۆستای خۆت. کە شەپۆل لەسەر ڕووی زەریا گەمە دەکات، زەریا بینەرە، هاوزەمان زەریا و شەپۆلیش بە! وەک کریشنا، دونیا بە گەمە بزانە، ئیدی ئەنجامی گەمەکە هەر چییەک بێت، نیگەران نابیت.
ئەگەر دەستبەرداری زمان ببین، وەک ئەوە وایە دەستبەرداری دین و هەموو داهێنانێکی دیکە بووبین، ئاخر بەبێ زمان، نە دین هەیە، نە فیکر، نە ئەدەب هەیە، نە حیکمەت. بۆچی ئاژەڵ نە دینی هەیە، نە فیکر؟ چونکە زمانی نییە، درەختیش هەروەها. هەر چی تۆ دەیزانیت لە زمان چێ کراوە، ئەگەر زمان لە ئارادا نەبێت، جیاوازی لە نێوان ئینسان و ئاژەڵدا نامینێت، جیاوازی لە نێوان، هێندۆس و کریستیاندا نامێنێت، ئاخر هەموو جیاوازییەکان زادەی زمانن. تۆ کە بتەوێت ململانێ بکەیت، پێویستت بە زمانە، ئەوە نییە هەنگاوی یەکەمی شەڕیش، بە شەڕە وشە دەست پێ دەکات. کۆمەڵ زمانە، شارستانی زمانە، ئەوەیش هەر زمانە، موسوڵمانە، یان کریستیان. خۆ ئەوە لە خۆڕایی نییە کە ئینجیل دەڵێت: سەرەتا وشە هەبوو. لای (کەبیر)ی گەورە شاعیری هیند، ساباد بە مانای ئەو وشەیە دێت کە بەر لە هەبوونی ئینسان هەبووە.
ئێمە بە هەڵە پێمان وایە کە نماز دەکەین، بەوە خوا دەدوێنین، چونکە نوێژ، گوێکرتنە لە خوا، نەک قسەکردن بۆی. کە نزا دەکەین، وەک ئەوە وایە پێمان وابێت، خوا هەندێک شتی لەبیر چووەتەوە و ئێمە وەبیری دەهێنینەوە، یان دروستتر وەک ئەوە وایە ڕێنوینیی خوا بکەین، ئاخر خوا خۆی دەزانیت، نەخۆش چاوەڕێی چاکبوونەوەیە، ئیدی چ پێویست دەکات، ئێمە لەڕێی نزاوە وەبیری بهێنینەوە؟ نوێژی ڕاستەقینە، پەیڤین نییە، گوێگرتنە. ڕاستەوخۆ ستایشی خوا مەکە، ئەگەر دەخوازیت ستران بۆ خۆشەویستیی خوا بچڕیت، ستایشی گوڵێک بکە! یان شیعرێک بۆ ژنێک بنووسە! مەچۆ بۆ پەرستگە، گۆرانی بۆ ئەو گەردوونە جوانە بڵێ کە دەورەی داویت! گۆرانی بۆ گەڵایەکی پاراو بڵێ کە بە چڵێکەوە دەلەرێتەوە. گۆرانی بۆ شەونمی سەر پەلکەگیا، بۆ درەوشانەوەی ئەستێرە و بۆ شکۆی ئینسان، بڵێ! گۆرانییەکی نوێ بڵێ! کەبیر دەڵێت: خوا لەوانەوە نزیکە کە توانای داهێنانیان هەیە.
درەختێک هەیە
سەری بڵندی، لە هەور دەخشێ
نە ڕەگی هەیە، نە لق، نە گەڵا
نە گوڵیش دەگرێ
بەڵام بەردەوام، میوە دەبەخشێ.
لە هەموو جێیە، باڵای هەڵدەکشێ
ئەوە شیعری (کەبیر)ی گەورە شاعیری هیندستانە، کە ڕەنگە مەبەستی لەو درەختە زاتی خوا بێت، کە خالیقە نەک خەلقکراو، کە لە کەس نەبووە، کە وابەستەی کەس نییە، کە نە سەرەتای هەیە، نە کۆتایی و لە هەموو جێیەکیش هەیە.
ئەگەر ئینسان حەفتا ساڵ بژی، پێویستی بەوەیە سی و پێنج ساڵی تەمەنی خەریکی بەهێزکردنی (من)ی خۆی و وزەی ویستی خۆی بێت، ئینجا پشوو بدات. بۆ ئەوەی ببیت بە خاوەنی (من)ێکی جیاواز و ویستێکی بەهێز، پێویستت بەوەیە سڵ لە سەرچڵی نەکەیتەوە و دەست لە ململانێ هەڵنەگریت، ئاخر ئەوانەی بەرەو ڕووی مەترسی نابنەوە و لە ململانێ هەڵدێن، کەسانی خاوەن ویست و زیرەکیان لێ دەرناچێت. کەسێک ئەزموونی نەبێت و لە ترساندا خۆی دوورەپەرێز ڕابگرێت، نە دونیای دەرەوە دەناسێت، نە خودی خۆی، ئاخر بۆ ناسینی خۆمان، پێویستمان بە ناسینی دونیای دەرەوەی خۆمان هەیە.
ئەگەر نەڵێم هەمووی، لای کەم زۆرینەی پێوەندیی خۆشەویستی، ئەوەی لە ئێمە وایە پێوەندییەکی ڕۆمانسییە، ڕاستییەکەی زادەی گەوجایەتییە. لە سەرەتاوە پێتان خۆشە بەردەوام پێکەوە بن، ئینجا بڕیار دەدەن بچنە نێو هێلینی زێڕینی هاوسەرگیرییەوە و دەچن بۆ جێیەک بۆ بەسەربردنی مانگی هەنگوین، هەر لەوێ کە یەکدی لە نزیکەوە دەناسن، هیچ گومانتان لە گەوجایەتی خۆتان نامێنێت. کەسێکت خۆش بوێت، هەر وەختێک خواستی، دەستبەرداری دەبیت، لێی بەدگومان نابیت، نایخەیە بن هەژموونی خۆتەوە، نایکەیت بە کۆیلەی خۆت، ڕێز لە ئازادییەکانی دەگریت، خۆشەویستییەکەت ناکەیت بە زیندان بۆی و ئالوودەی نابیت.
ئەگەر پیاوێکت خۆش دەوێت، شووی پێ مەکە! ئەگەر ژنێکت خۆش دەوێت، مەیهێنە، لە دوورەوە یەکتریتان خۆش بوێت، باشترە لەوەی لەگەڵ تەواوبوونی مانگی هەنگویندا یەکدیتان لەبەر چاو بکەوێت. بەگوێرەی ئەفسانە، ژنێک بۆقێک دەباتەوە و شەوێک لەگەڵ خۆیدا دەیخەوێنێت، بۆ بەیانی بۆقەکە دەبێت بە شازادە، بەڵام ئەگەر لە (واقیع)دا، ژنێک، شەوێک شازادەیەک لەگەڵ خۆیدا بخەوێنێت، بۆ بەیانی دەبێت بە بۆق. ڕاستییەکەی هیچ هەڵەیەک لە گۆڕێدا نییە، تا خەونی پێوە دەبینیت، شازادەیە، کە بوو بە واقیع دەبێت بە بۆق.
تۆ کە یەکەم جار لە دایک دەبیت، هیچ ئازایەتی خۆتی تێدا نییە، ئازایەتی لەوەدایە سەرلەنوێ لە دایک ببیتەوە، سەرلەنوێ لە دایک نابیتەوە، ئەگەر لە سفرەوە دەست پێ نەکەیتەوە. ئایا لەدوای مەرگ ژیان هەیە؟ ئەوە پرسیارێکی لاوازە، ئاخر دەشێت تەمەنێکی درێژ بەسەر ببەین، بەبێ ئەوەی بژین، خۆ ژیان هەر ئەوە نییە هەناسە بدەین، بخۆین و زاوزێ بکەین! هەر کەسێک لە دایک بوو، مانای ئەوە نییە دەژی، چونکە ژیان ئەوەیە سەرلەنوێ لە دایک ببینەوە، سەرلەنوێ لەدایکبوونەوە بریتییە لەوەی، تاکایەتیی خۆمان بسەلمێنین. ئەوی بزانیت بژی و بزانێت ژیان چییە، ناپرسێت: ئایا لە دوای مردن ژیان هەیە؟ ئاخر مردن وەختێک هەیە کە نەزانین ژیان چییە، ئەگەر بزانین ژیان چییە، شتێک نییە ناوی مردن بێت. وەک چۆن کە لە ژوورێکدا مۆمێک دادەگیرسێنین، تاریکی بزر دەبێت، هەر وایش ژیانی ڕاستەقینە مردن دەسڕێتەوە.
لەدوای مەرگ چی ڕوو دەدات؟ کەسێک ئەم پرسیارە دەورووژێنێت، بەر لە مردنی ژیابێت. سەیرە لەدوای لەدایکبوونت ژیان ڕووی نەدابێت و پێت وابێت لەدوای مردنت ڕوو دەدات! لەدایکبوونی ڕاستەقینە ئەو وەختەیە کە خۆمان دەناسین، نەک ئەو وەختەی وەک جەستە لەدایک دەبین. ئەگەر بزانین ژیان چییە، ئەوەیش دەزانین، مردن پشوویەکی درێژە بەدەم خەوێکی قووڵەوە کە دوای تەمەنێک لە ماندووبوون، پێویستمان پێیەتی.
سرووت وەک داوودەرمان وایە بۆ چێشتی ژیان. ئەوەیش سرووتە کە ناسیاوێک دەبینین، بە ڕوویدا دەگەشێینەوە و سەڵاوی لێ دەکەین. کێشە ئەوەیە هەموو ژیانمان لە سرووتدا چڕ بکەینەوە، ئەوسا وەک ئەوە وایە هەموو خۆراکمان ببێتە داوودەرمان. ژیان نە بۆ ئەوەیە، لە دژایەتیکردنی ئاییندا بەفیڕۆی بدەین، نە بۆ ئەوەیشە تەرخانی بکەین بۆ خواپەرستی. واقیع زۆر سەختە، بۆ ئەوەی بتوانین بژین، حەوجەمان بە بڕێک لە خەیاڵ دەبێت.
پارە: باشە، بەڵام بۆ ئەوەی چاک بەکاری بهێنین، نەک سەری بۆ شۆڕ بکەین، نەک بیکەین بە سەروەری خۆمان. هونەر ئەوە نییە وەک بوودا پارەت هەبێت و وازی لێ بهێنیت، هونەر ئەوەیە وەک عیسا پارەت نەبیت و عەوداڵیشی نەبیت. بوودا و عیسا کوڕ بوون، ئەمیان کوڕی پاشا و ئەویان کوڕی خودا، دوو کوڕی یاخی لە پاوەری پارە. سادەیی و خۆڕسکی وەک خۆشەویستی وان، زادەی بڕیاری پێشوەخت نیین، با ئەکتەرێکی چاکیش بیت، ئەگەر عاشق نەبیت، ناتوانیت وەک وەک عاشق ڕەوتار بکەیت، خۆڕسکی و سادەیی دوو کانیاون لە ناخەوە هەڵدەقوڵین، نمایش ناکرێن. ئاسانە زەردەخەنەی ساختە لە هی ڕاستەقینە جودا بکەینەوە، یەکەمیان نمایشە، دووەمیان خۆڕسکە، یەکەمیان ئیمزای خۆتی پێوەیە، دووەمیان واژۆی خوا، یەکەمیان لە زەردەخەنەی قەیسەر دەچێت، دووەمیان لە هی عیسا، یەکەمیان ڕووکەشە، دووەمیان ڕەگی دەچێتەوە سەر دڵ.
دەڵێن مورغی سولەیمان ئاو، لەژێر خاکا دەبینێ شەو
منیش حەوت ڕۆژە ڕێ دووربێ، بە چاوی دڵ دەبینم ئەو
پیرەمێرد
کە عەقڵ بزر دەبێت، دڵ ڕۆشن دەبێتەوە، دڵ پڕ دەبێت لە خۆشی و لە خۆشەویستی، ئاخر عەقڵ بیر بەرهەم دەهێنێت و بیریش واقیع دەشێوێنێت، ئاخر ئەوە بیرە لێ ناگەڕێت تۆ کەسێکی بابەتی بیت، بوارت نادات شتەکان وەک خۆیان ببینیت، بەڵام ئەگەر بە دڵ سەرنجی واقیع بدەیت، خۆی چۆنە وای دەبینیت. ئەگەر بە دڵ سەیری دونیا بکەیت، نەک هەر واقیع، ئەوەیشی لەودیو واقیعەوە هەیە، دەیبینیت. بەهۆی ڕوانینەوە بە چاوی دڵ، کە بریتییە لە ڕامان، دونیا گەشتر و دەوڵەمەندتر دەبینین. ڕوانین بە چاوی دڵ، خۆ دەربازکردنە لە کۆتی بیر، کە خۆت لە کۆتی بیر ئازاد کرد، ئەگەر لەنێو زیندانیشدا بیت، ئازادیت، بەڵام بە کۆتی بیرەوە، لە دەرەوەی زیندانیش بیت، دیلیت. وەک چۆن کۆیلەیت ئەگەر لە بازنەی فیکرێکدا گیر بخۆیت، هەر وایش کۆیلەیت ئەگەر لە بازنەی دژایەتیکردنی فیکرێدا گیر بخۆیت.
*
(1) Osho, Medvetenhet : nyckeln till ett liv i balans, översättning:Anita Sandberg, Damm Förlag 2004 Stockholm.
(٢) أوشو، طریق الحب، ترجمة: متیم الضایع، دار الحوار ٢٠١٥ اللاذقیة.
(*) مورغی سولەیمان: پەپووەسولەیمانە. سولەیمان: پەیامهێن بووە.