شەماڵ بارەوانی
بەشی(٣٥)
لینینی کافر
من و هێمن، دوو فەقێی تا بڵێیت دۆگماتیست و ناحالی بووین و ڕقێکی بێئەندازەمان لە مارکس و چەپ و شیوعییەکان دەبووەوە.
پیاوێک هەبوو لە دێیەکەی ئێمە، من و هێمن پێمان دەگوت: لینینی کافر!
ئەو ناوی جەعفەربوو، بەڵام بەهۆی مارکسیبوونیەوە، ئێمە وەکو تەنز، پێیمان دەگوت لینین.
لینین پیاوێکی زۆر خوێندەوار و ڕۆشنبیر بوو. سەبارەت بە مارکسییەت و فەلسەفەی چەپ، تا بڵێیت شارەزا و زیرەک بوو.
ئەو لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوو، بە چەندساڵێک بەرلەوەی یەکێتی سۆڤیەت هەڵبوەشێتەوە و بلۆکە سۆسیالیستییەکە بڕووخێت، بۆ خوێندن ڕووی لە بولگاریا کرد.
بولگاریا ئەوکاتە بەشێک و کۆمارێک بوو لە یەکێتییەکە.
ئەو دوای چەندساڵێک خوێندن لە یەکێک لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە خوێندنەکەی بە هۆکارێک بۆ تەواو نەکرا و گەڕاوە بۆ دێیەکەمان.
لینین کەسێک بوو، هیچ پابەندییەکی بە ئایین و شتەوەنەبوو.
هەموو خەڵکی دێ، وەک شیوعی و بێبڕوایەک لێیان دەڕوانی.
لینین، مرۆڤێکی زۆر هێمن و لەسەرخۆ بوو. مرۆڤێک، پڕ لە مەعریفه و ئەتەکێت و ڕۆشنبیری و جوانی و ڕێزبوو.
بیرمە ڕۆژێک پرسەی پوورم بوو، لینین لەناو حەوشەی مزگەتەکەی دێ دانیشتبوو و خەڵکێکی زوریش دەوریان دابوو، زۆر زانستیانە باسی گالیلی گالیلۆ و تیۆری خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆی و خۆردا دەکرد.
دەیگوت: ئاسمان بۆشاییە و هیچ تەبەقەیەکی نییە.
ئەوکات من و هێمن، بڕوامان وا بوو، کە ئاسمان حەوت تەبەقەی هەیە و خوداوەند لەسەر کۆمەڵێک دینگە، ڕایگرتوون.
من و هێمن، ویستمان گفتوگۆی لەگەڵدا بکەین و بەرپەرچی بدەینەوە، بەڵام نەمانوێرا و گوتمان ئێمە هیچ لە زانست و بابەتەکە نازانین و بەخوا فلیممان دەسووتێنێت.
بیرمە جارێکی تر من و هێمن بە سەردان لە حوجرە ڕۆیشتبووینەوە دێ. دوای نوێژی ئێوارەبوو، لینین لەگەڵ کۆمەڵێک پیاوی دیکە لەناو باخچەی مزگەوتەکە دانیشتبوون. ئەوکاتە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبولڵای لوبنانی بوو.
لینین بە زەردەخەنەوە دەیگوت: حیزبولڵای لوبنانی ناتوانێت لەبەردەم دەوڵەتێکی بەهێزی وەک ئیسرائیل خۆی ڕابگرێت.
ئیسرائیل گەر بیەوێت، بە دووکاتژمێر تەختی دەکات.
کە وای گوت، من و فەقێ هێمن، ڕێک لە داخان دەهری بووین و وەڵاممان دایەوە و گوتمان: نەخێر، ئەو قسانەی تۆ هیچ ڕاستییەکیان بۆ نییە و دەوڵەتی جوولەکەی داگیرکەر هەرگیز ناتوانێت لەڕووی حیزبولڵای لوبنانی بوەستێتەوە.
لە کۆتاییدا هەر حیزبولڵا سەردەکەوێت و کافران و نۆکەران و هەوادارانیان پۆرتیان دەشکێت.
کە وامان گوت، لینین بێئەوەی وەک من و فەقێ هێمن، هەڵبچێت و تووڕە بێت، یان هیچ کاردانەوە و وەڵامدانەوەیەکی هەبێت، زۆر بەڕێزەوە بێدەنگی هەڵبژارد.
ئەوە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی من و فەقێ هێمن بوو لەگەڵ لینینی شیوعی.
بیرمە عەسرانێکی هاوین بوو، هەردیسان من و هێمن لە حوجرە بەسەردانی ڕۆیشتبووینەوە دێ. خاڵۆم مووسا، تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوو، من و هێمن ڕۆیشتین بۆ سەردانی. هەر کە دانیشتین، یەکسەر لینینی شیوعیش هات. خاڵۆم زۆر نیگەران بوو کە بینی ئێمە و لینین وا پێکەوە لای ئەوین. ئەو دەیزانی من و هێمن لەگەڵ لینین دوو جەمسەری دژ و پێچەوانەین و دانوومان پێکەوە ناکوڵێت.
لینین بلۆکی ئیشتیراکییەت و چەپ، من و هێمنیش بلۆکی ئیخوانولموسلمین و ئیسلامی ڕادیکاڵ.
خاڵۆم دەیزانی کە ئێستا زویربوون و لێک ناحاڵیبوون ڕوو دەدات و من و هێمن کە دوو هەرزەکاری دەمڕووت و خوێنگەرمین، شەرمەزاری بەردەم لینینی دەکەین.
لینین لە دێ، ڕاستە خەڵکی وەک بێدین و شیوعییەک باسیان دەکرد، بەڵام جێگای ڕێزی هەمووان بوو. ئەو مرۆڤێکی زۆر سەنگین بوو، تاقە ڕۆشنبیری دێ بوو!
مەلای دێ، مەلاسەمەد، تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندبوو و تەنها کتێبی فەتحولقەریبی هەبوو. ئەوکتێبە تاقە سەرچاوەی مەعریفی و زانیاری و فتوادان و ڕۆشنبیری و هەموو شتێکی مەلا بوو.
مامۆستاکانیشمان لە قوتابخانەی سەرەتایی، هیچیان زانکۆیان تەواونەکردبوو، هەیانبوو سێی ناوەندی و هەشیانبوو شەشی ئامادەیی. هەمووشیان جگە لە پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانە، نە هیچ کتێبێکی تریان دەبینی و نە هچیشیان دەخوێندەوە، تەنها مامۆستائاکۆ نەبێت. ئەویش کتێبێکی ژیاننامەی پەیامبەران و کتێبێکی تر کە باسی سیرەی پەیامبەری ئیسلامی دەکرد و دانەکی تریش ئوسوول سەلاسەی محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب و لەگەڵ چەند نامیلکە و کتێبۆکەی تری ئایینی و لەگەڵ قورئانێک کە لای بوو، هیچی دیکەی نەدەخوێندەوە.
لینین، لە ماڵەوە کتێبخانەیەکی گەورەی هەبوو، یەک دنیا کتێبی زانستی، مێژوویی، سیاسی، فیکری، فەلسەفی و ئەدەبی تێدابوو. دەیگوت: هەزاران کتێبم خوێندووەتەوە.
ئەوڕۆژە، لینین هەر کە دانیشت لە ماڵی خاڵۆم، یەکسەر باسی مێژووی فتوحات و تەعریبی شاری مووسڵ و هاتنی سەحابەی بۆ ئەو شاره و شوێنانی تری خاکی کوردستان کرد.
باسی لە ئەبو زەڕی غیفاری کرد و گوتی: ئەبو زەڕ، کەسێکی بیروباوەڕ ئیشتراکی بوو و لەسەر بۆچوونی جیاواز و ئەو ئیشتراکیبوونەیشی چیان پێ کرد؟
هەڵەتەی(ڕەبەزە)یان کرد و لەوێش گەمارۆیان خستە سەری و سەرەنجام کوشتیان.
من و هێمن، دیسان هەڵچووین و بێ هیچ شارەزایی و زانست و زانیارییەک لەو بابەتە، بەرپەرچی لینینمان دایەوە و گوتمان ئەوەی تۆ دەیلێیت، هەمووی درۆ و چەواشەکارییە.
لینین هیچ قسەیەکی نەکرد و زۆر بەڕێزەوە ئەوجارەش وەکو پێشوو، بێدەنگی هەڵبژارد.
لەڕاستیدا ئەوکات من و فەقێ هێمن، دوو فەریکە فەقێی نەخوێندەواربووین و سنووی زانیاری و هۆشیاریمان لە دوو سێ کتێب و نامیلکۆکەی سادەی سەید قوتب و محەمەد بن عەبدولوەهاب و حەسەن بەننا و ئیبنولتەیمییە و هاوشێوەکانیان، زیاتر بڕی نەدەکرد.
جارێکی تر لینینم لە ماڵی باوکی مەلاسەمەد بینی، باسی ئیشراکییەت و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکرد.
گوتی: لە بولگاریای سەردەمی یەکێتی سۆڤییەت، بە تیۆری لە زانکۆکان دەمانخوێند و لە واقیعیش عەدالەت و ئیشتراکییەتێکی زۆر جوان هەبوو.
ئینجا گوتی کاپیتاڵیزم، درۆ و چەواشەکاری زۆر لەبارەی شیوعییەت و مارکسییەتەوە دەکات و هەوڵی خنکاندن و لەناوبردن و وشککردنی ئیشتراکییەت دەدات.
نانی سەرمایەداری لە بێئەخلاقی و دزین و نایەکسانیدایە. ئێ لە مارکسییەتدا یەکسانی هەیه و ڕێگری لەوکارە دڕندانەیە دەکات. کاپیتاڵیزم ناچارە فڵێبازانە بێت و دژایەتی ئیشتراکییەت و مارکسییەت بکات و وەک دێوەزمە به خەڵکێکی نا هۆشیار و بەشمەینەتی بناسێنێت.
سەرمایەداری ئەخلاق و ویژدانی تێدانییە. سەرمایەداری چینایەتی زەق دەکاتەوە و لە سەرمایەداریدا هەموو چینەکان دەبێت ببن بە کۆیلە و کرێکار و خزمەتکاری چینی سەرمایەدار و مشەخۆر و خوێنمژ.
ماسی گەورە و چینی باڵادەست و کۆمپانیا گەورەکان و کەرتی تایبەت، کەرتی بەرپرسه بزنزمان و گونگەورەکان، ماسییەبچووکەکان و خەڵکی هەژار و چینەکانی تر لووش دەدەن و خوێنیان دەمژن.
ئەوکاتەی کە لینین وای گوت و باسی جیاوازییەکانی ئیشتراکییەت و سەرمایەداری دەکرد، من قۆناغی سێی زانکۆبووم لە کۆلێژی شەریعە و زۆر گۆڕابووم و ئەو فەقێ هیوا دۆگمایی و فێندەمێنتالیستەی جاران نەمابووم.
کە گوتم ئێمەش لە کۆلێژ فەلسەفە دەخوێنین و سەدان کتێبی فەلسەفیم خوێندووەتەوە و ئێستا لە حوجرە وانەیەکی فەلسەفی کە باس لە قوتابخانە فەلسەفییەکان دەکات، بە هەندێک لە فەقێکان دەڵێمەوە، لینین زۆر دڵخۆشبوو و باوەڕی نەدەکرد کە ئەوە هەمان ئەو فەقێ هیوا وشکباوەڕ و دۆگمایەیە کە پێشووتر لەڕووی دەوەستاوە و تەکفیری دەکرد و بێڕێزی پێ دەکرد!
ئەو فەقێ هیوایەی پێشووتر ئیسلامییەکی ڕادیکاڵی تەمام عەیاربوو، کەچی ئێستا هاتووە پشتگیری ئیشتراکییەت و لینینی مارکسی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەی یەکسانی مارکس دەکات.
ئەو فەقێ هیوا فێندەمێنتالیستەی ئەوکات سنووری بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانی، دوو بست ئەولاتری لوتی نەدەبڕی و هەموو سەرچاوەکانی مەعریفی و زانیاری و ڕۆشنبیری، چوارپێنج کتێبی کەسانی لە نموونەی سەید قوتب و مەودوودی و محەمەدی کوڕی وەهاب و فلان و فیسکەی تری فێندەمێنتالیستی تێنەدەپەڕاند، کەچی ئێستا بە شارەزاییەکی زۆرەوە، لەبەردەم لینین باس لە دیالێکتیکی ماتریالی و ماتریالیزمی مێژوویی و خەباتی چینایەتی و چینی پڕۆلیتەر و ترۆتسکی و ماو و گیڤارا و فەلسەفەی ئابووری مارکسیزم دەکات.
بیرمە ڕۆژێکی تر، سەرەتای فەقێیاتیمان بوو، من و هێمن لەسەر سەکۆی ماڵی هێمن، بەرگێکی مەجمووعەفەتاواکەی(یوسف قەرەزاوی)مان لابوو.
ماڵی لینین لەگەڵ ماڵی هێمن، چەند مەترێکیان بەین بوو. لەو دەمەی لینین لە ماڵ دەهاتە دەرەوە، کە کتێبەکەی لە دەستمان بینی، گوتی فەقێینە، ئا بزانم چی دەخوێننەوە؟
سەیرێکی کتێبەکەی کرد، گوتی ئەم پیاوە زۆر درۆ بەدەم شیوعییەتەوە دەکات و فەتواکانیم ئاگا لێیە سەبارەت بە مارکس و شیوعییەت.
شیوعییەت وا نییە وەکو ئەو پیاوە ئایینییە دەیڵێت.
لینین کۆمەڵێک قسەی سەبارەت بە مارکسییەت بۆ کردین.
قسەکانی زۆر لۆژیکی و جوان و مەعریفی و بابەتی بوون.
بەڵام من و هێمن ئەوکات تازه ژەهری فێندەمێنتالیستی تێکەڵ بە شادەمار و هەست و خوێنمان ببوو و هێشتا فەریکەفەقێ و نەخوێندەواربووین و هیچ لە لۆژیک و زانست حاڵی نەدەبووین. بۆیە هیچ گوێمان بە قسەکانی لینین نەدا و کاتێک لینین قسەی بۆ دەکردین، ئێمە نەماندەتوانی موناقەشەی لەگەڵ بکەین. بۆئەوەی وا تێنەگات کە ئێمە دۆڕاو و ئەو براوەیه، کاتێک قسەی بۆ دەکردین، لچمان لێ هەڵدێنا و لە ناخەوەیش وەختابوو شەق ببین لە داخان.
ئاخر لینین زۆر زیرەک و پڕ فەلسەفەبوو.
من و هێمنیش جگە لە دوو سێ فەتوای مەحەللـەباتی وەک: شەرواڵکورتکردن واجبه.
-ڕیشتاشین حەرامە.
-برۆهەڵقەندن ناڕەوا و کارێکی نەفرەتاوییە.
-دەبێت بەپێی ڕاستە بڕۆیتە تەوالێت و بە هی چەپیش بێیتە دەرەوە.
- فلان شت بیدعەیە و فیسار شت شیرک و ئەوی دیکە کفرە، هیچیترمان نەدەزانی.
ئەوڕۆژە لینین کۆتاقسەی ئەوەبوو: ئێوە دوو هەرزەکار و کوڕی ناخپاکی کوردن. ئەو ئیخوانی و هێزە کۆنەخواز و فێندەمێنتالیستانە، لە نێچیری وەکو ئێوە بێ باکگراوەند و بێئەزموون و سادەلەوح دەگەڕێن، تا لە خشتەیان بەرن و بیانخەنە داوی ئایدۆلۆژیاکەی خۆیان.
تکایە لێیان دوورکەونەوە، ئەوانە پرۆژەیەکی نامۆن به کۆمەڵی کوردەواری، ئەوانە ئەجێندای نەیارانن، ئەوانە نۆکەر و جاشی عەرەبن.
هاتوون بە وەکالەت، لەژێر پەردەی ئایین و بەناوی ئایینەوە، شەڕی زمان و مێژوو و کولتوور و هەموو شتێکی ڕەسەنی کوردیمان بکەن.
من و فەقێ هێمن، ڕقێکی زۆرمان لە شیوعییەکان دەبووەوە.
بیرمە من و هێمن ڕۆژێک بە لای بینایەکدا ڕۆیشتین، بیناکە ئاڵایەکی کوردستان و ئاڵایەکی سووری لەسەر هەڵواسرابوو.
لەسەر ڕووکاری بیناکەش نووسرابوو(نیشتیمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار).
ئێمە بۆ بازاڕ دەڕۆیشتین بۆئەوەی هەندێک پێداویستی و شت بکڕین.
لەپڕ فەقێ هێمن گوتی: هیوا هیوا، ئەها مقەڕی لینین و شیوعییەکافرەکان، وەرە با تفی لێ بکەین.
دەی. دوای ئەوجارە، هەموو جار، کاتێک من و فەقێ هێمن دەڕۆیشتین بۆ بازاڕ، هەر بە ئەنقەست تۆزەک ڕێگەی خۆمان دەگۆڕی و لە نزیک مقەڕی شیوعییەکاندا ڕەت دەبووین و تف و نەفرەتمان لێ دەکردن و دنیایەک جوێنمان بۆ حەواڵە دەکردن. هەرچەندە من و هێمن، بە تەمەن گچکە بووین،
وەلێ دوو بابای ئیسلامی تا بڵێیت دۆگمایی و دەمارگیربووین.
من و هێمن، سەرەتا مامۆستائاکۆ و پاشان پیاوە ئایینی و مەلائیسلامی و بانگخواز و واعیزه ئیسلامییەکان و نووسەری لە نموونەی قەرەزاوی، بە پێی ئیدەلۆژیا و بیروباوەڕ و قەناعەتی خۆیان، تێگەیشتنێکی زۆر کۆمێدی و سەیریان سەبارەت بە مارکسییەت و شیوعییەکان لە مێشک و هزردا دروست کردبووین.
وەک: شیوعییەکان سنوورێکیان بۆ سێکس نییە، کەسە نزیکەکانیان لەخۆیان مارە دەکەن، کافر و دوژمنی خوداوەندن، بێبڕوا و دژەئایین و وا و وان. بەکورتییەکەی، من و هێمن شیوعییەت و شیوعییەکانمان لا وەکو دڕندە وابوو. هەتا بڵێیت وێنایەکی نێگەتیڤ و خراپ و نزم و هەڵەمان سەبارەت شیوعییەکان لە ئەقڵ و مێشکدابوو.
دوای ئەوجارەی کە فەقێ هێمن گوتی: وەرە با تف لە بارەگای شیوعییەکان بکەین، هەموو جارێک من و هێمن، کە بەوێدا دەڕۆیشتین بۆ بازاڕ، دنیایەک جوێنی مزر و نەفرەت و تفمان بۆ مقەڕەکە و شیوعییەکان حەواڵە دەکرد.
بەو شێوەیە بێئەندازە ڕقمان له چەپ و شیوعییەکان دەبووەوە. بێئەوەی یەک دێڕمان لەسەر فەلسەفەی مارکسییەت و پرۆگرام و ئیدەلۆژیەتی شیوعییەت خوێندبێتەوە!
بیرمە هەینییەک مەلایەکی هاوڕێم پێی گوتم: فەقێ هیوا، کارێکم پێتە. لەبری من، ئەم هەفتەیە بڕۆ وتاری هەینی بۆ خەڵکی ئەو دێیه بدە، کە من مەلایەتییان بۆ دەکەم.
من لەبری ئەو ڕۆیشتمە ئەو دێیەی ئەو وتاری جومعەی بۆ دەدان. وتارەکەشم لەسەر شوعییەت بوو!
مەلاکە پێشتر ئاگاداری کردمەوە و پێی گوتم: خەڵکی ئەو دێیە زۆربەی شیوعین و حەقی خۆیان وێ بدە.
گوتم باش، خەمت نەبێت، من دەزانم چۆن دەردیان دەرمان دەکەم، ئەم شیوعییە کافرانە.
بە حوكمی ئەوەی ئەوکات هەم هەرزەکار و هەم ئیسلامیش بووم و وەکو ئاماژەم پێ دا، تێڕوانینێكی زۆر سەقەت و نەرێنی و خراپم لەسەر شیوعییەت هەبوو.
فەقێ هێمنیشم لەگەڵ خۆم بردبوو.
لەوێ، کاتی وتارهات و ڕۆیشتمە سەر مینبەر، هەرچی جنێو لە فەرهەنگی دەمپیسی و جنێودا هەبوو، هەموییم هێنان و لۆ دایکی فیورباخ و باوکی مارکس و کچی ماو و پووری فیدڵ کاسترۆ و هاوسەری ستالین و خوشکی لینینم نارد.
دیقەتم دا، خەڵکەکە هەموویان پێدەکەنین.
لە دڵی خۆمدا گوتم سەیرە!
باشە ئەوە بۆ هەموویان سمێل ختکەیانە و پێدەکەنن؟! خوانەخواستە، کەس هەوایەکی لێ بەرنەبووە؟!
مەگەر فەقێ هێمن!
سەیری یەخەی کراسەکەمم دەکرد، نەوەک ملكەم خوار بێت و عەیبەیەک یان جیقنەک یان شتەکی پێوە بێت.
تووڕەیی و گەرمییەکی وایش منی گرتبوو، ببووم بە تەندوور و یەك تۆز مابوو کۆنترۆڵ لەدەست بدەم و بڵێم هەی بێ ئابڕووینە، ئەوە ئێوە بە چی پێدەكەنن؟ شەرم لەخۆتان ناکەن؟ ئابڕووتان نییە؟ چی بووە کاکە؟ خۆ كەس هەوای لێ بەرنەبووە؟! کە وتار تەواو بوو و من و هێمن لەگەڵ ئەو پیاوەی دەهاتین بۆ دەرەوه، زۆر بەڕێزەوە تەوقەی لەگەڵدا کردین و گوتی: مامۆستاگیان دەبێت میوانی من بن.
کە چووینە ماڵ، بە کابرام گوت: ئەو خەڵکە ئەمڕۆ لە مزگەوت لەکاتی وتار، بۆ هەموو پێدەکەنین؟
گوتی: مامۆستا دەزانی ئێمە خەڵکی ئەم دێیە زۆربەمان شیوعین؟
وای کە تەریق بوومەوە کاتێک وای گوت.
عەرد شەق ببایە، لەشەرمان دەچوومە ناویەوە.
ئینجا زانیم ئەوان بە گێلایەتی من پێکەنینە و لینین زۆر ڕاستی وت، کە بە من و هێمنی دەگوت: شیوعییەکان وا نین وەکو ئەوەی قەرەزاوی دەیڵێت! دواتر بەڵێنم بە خۆم دا لە خوتوخۆڕا و بێ زانیاری و بە نەزانی، جارێکی تر یەک قسەی خراپ لەسەر شیوعییەکان نەکەم.
ئینجا دەستم دایە خوێندنەوەی کتێبەکانی مارکس و گەورەیی مارکسی فەیلەسووف و بیرمەند و کۆمەڵناس و ئابووریناسم بۆ دەرکەوت و زانیم دیالێکتیکی ماتریالی و ماتریالیزمی مێژوویی و پرۆلیتار و چینی چەوساوە و کەپیتاڵیزم و فیوداڵیزم(دەرەبەگ) و عەدالەتی کۆمەڵایەتی...هتد. چییە.
ئینجا، دوای ئەوەی کە من و هێمن بەهۆی جیاوازی فیکرییەوە، درز کەوتە پەیوەندی و هاوڕێیەتیمانەوە و لێکتری دابڕاین.
هێمن ڕۆیشتە حوجرەیەک و منیش ڕۆیشتمە حوجرەیەکی تر و مزگەوتێکی تر و لە گەڕەکێکی تر. ڕیزی پێشەوەی نوێژخوێنان، بەردەوام دووسێ شیوعی تێدابوو.
کەوتمە بیرکردنەوە و پرسیارکردن: ئەی کوا ئەو مامۆستائاکۆیەی بەڕێوەبەر و قەرەزاوی و ئەو هەموو ئیسلامی و واعیز و مەلایانەی کە بە من و هێمنیان دەگوت: شیوعییەکان کافر و دوژمنی ئاین و مزگەوت و پێغەمبەر و خوداوەندن؟!
ئینجا هاوڕێیەتیم لەگەڵ کۆمەڵێک لە شیوعییەکان دروست کرد و دەیان کەسی شیوعیم ناسی، لە نووسەر، مامۆستا، ڕاگەیاندکار، کەسی ئاسایی... بۆم ڕۆشن بووەوە کە شیوعییەکان چەندە مرۆڤدۆست و دڵپاک و دەستپاک و بێگرێ و ڕاستگۆ و دەستکراوە و میهرەبان و لەخۆبووردە و ڕۆشنبیر و بەڕێزن.