بەشی(37)
لە حوجرە تووشی گـومــان بووم
لە حوجرە من و فەقێ هێمن هەموو ڕۆژانی هەینی دەڕۆیشتین بۆ وتاری کامە مەلای زۆر ڕادیکاڵ و توندبوو لە وتاردان. دەمانگوت وتارەکانیان توند و بەهێزن، ئەو مەلایانە بە غیرەت و جیهادیین.
پێکەوە بە نهێنی، بۆ مزگەوتی (نوور) بۆ گوێگرتن لە وتارەکانی مەلا(فاتیح تەوحیدی) یان بەپاس دەڕۆشتینە مزگەوتی(خَبَّاب بن الأَرَتّ التميمي) بۆ وتاری مەلا(حافیزولدین ئەسەری).
ئەو دوو مەلایە هەردووکیان دوو مەلای وتارئاگرین و ئاڕاستە ڕادیکاڵ بوون. من و هێمن ئەوکاتە دوو فەقێی زۆر فێندەمێنتالیست و دۆگمایی بووین و دڵمان بە وتاری هیچ مەلایەک ئاوی نەدەخواردەوە جگە لەو دوو مەلایە نەبێت.
ئەوە سەرەتای ساڵانی فەقێیاتیمان، بەڵام من لەو کاتەی بووم بە پۆلی پێنجی ئامادەیی ئیسلامی، لەو شەوەی کاتی ئامادەکردنی وتارەکەم سەبارەت بە موعجیزەکانی پەیامبەر، لەوکاتەوەی کە ئەو دەنگە نهێنی و نادیارەی لەگەڵم دوا، ئەو دەنگەی کە لە کۆتاییدا خۆی ئاشکرا کرد کە فریشتەیەکی ئێزدانییە. ئەو دەنگەی زۆر شتی بۆ باس کردم و شارەزایی زۆری پێبەخشیم و نهێنی زۆری بۆ ئاشکرا کردم و هێدی هێدی تووشی دوودڵی و گومانێکی زۆر و دنیایەک پرسیاری کردم و تا دەهات و زیاتر ئاسۆی فیکرم واڵا و مێشکم دەکرایەوە.
کاتێک پێی گوتم: کوڕم، بە خوا کەرەکەی ماڵی کەریمۆکی لەچاو تۆ سوقراتە. کەرە، چییە هەرخۆت بەو کتێبە زەرد و بێکەڵکانە خەریک کردووە، بڕۆ هەندەک کتێبی فەلسەفی و کۆمەڵناسی و دەروونناسی و شت بخوێنەوە. زۆرم خەفەت خوارد و ئەو دەنگە خراپ لە جەو و میزاجی دام.
لەوساوە بڕیارم دا بڕۆم هەموو ئەو بابەتانە بخوێنمەوە.
سەرەتا کە دەستم بە خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفی و فیکری و کۆمەڵناسی و دەروونناسی کرد، زۆر دەترسام و دەمگوت نەوەک لە ئایینەکەم تووشی دوودڵی و گومان ببم و سەرەنجام ببم بە فەقێیەکی گومڕا و بێ دین.
دەستم کرد بە خوێندنەوەی کتێبی جۆربەجۆر و بیروباوەڕی جیاواز. گەشتێکی خوێندنەوەی دوورودرێژی هەمەجۆرم بەنێو لاپەڕەی کتێبە فەلسەفی و فیکرییەکان کرد و گەڕامەوە بۆ نێو زەمەن و کات و مێژوویێکی دوور.
بۆ شەش سەد ساڵ لە چاخەکانی بەر لە زایین و مەملەکەتی گریک و وڵاتی یۆنان و شاری ئاتێن و سەردەمی هیلینی و ڕۆمانییەکان. ئینجا سەدەکانی ناوەڕاست و پاشان سەردەمی ڕێنیسانس و ڕۆشنگەری و تازەگەزی. لەو گەشتەدا پەڕ بە پەڕی مێژووی کتیبە فەلسەفییەکانم هەڵدەدایەوە و ئاشنای هەموو قوتابخانە فەلسەفییەکان بووم.
سروشتییەکان و فەلسەفەی پێش سوکرات. تالیس ماڵتایی و بیردۆزی(ئاوە)کەی. دیمۆکریتسی مەتریالیستی دواهەمین گەورە فەیلەسووفی سروشتی و تیۆری "ئەتۆمەکەی".
کەلبی و سینیکەکان، فیساگۆری و ئەپیکۆرییەکان. سۆفیستەکان و ڕەواقییەکان، ئەقڵانی و ئیمپرییەکان"ئەزمونگەراکان"، ئەناکسێماندەر، ئەناکسیمێنس، ئاناکساگۆرس، پارمێنیدس، هیراکلیتس، ئێمپیدۆکلس، سوکرات و مەرگە تراژیدییەکەی، پلاتۆن و ئەکادیمییەکەی، تاریکی و سێبەری ئەشکەوتەکەی و کۆمارە ئیدیاڵی و یۆتۆپیاکەی. ئەرستۆتالیس و جیهانبینییە فەلسەفییەکەی. پلاتۆنیزمی نوێ. ئیرۆس، تەسەوف، سۆریالیزم، خورافە و میتۆلۆجیا و ئەفسانەکان، ڕۆح و مەتەریال، جادوو و فاڵ، فەنتازیا و لۆگۆس و ئەقڵانییەت. ئەگنۆستیک، ئایدیالیزم، لۆجیک، ئیتیک، تیۆلۆجی، ویژدان، هیومانیزم"Humanism" و هیپۆکراتس، و زانستی مێژوو و هێرۆدۆت و سیۆسایدیدیس، ڕامیاری و دیموکراتییەت، پێڕۆی پاشایەتی و ئەڕستۆکراتییەت، تۆتالیتێری و ئشتراکییەت، ڕۆشنبیری و مەعریفەت، تیولۆجی (لاهوت) و عیرفان، کێشەی چینایەتی و بورژوازییەت، کەپیتالیزم، پرۆلیتاریا، دایزم، هیندۆیزم و مانی و بودیزم. جوو و کریستیان، کتێبی ڕەچەلەکی ڕەگەزەکان، مانیفێستی کۆمۆنیستی، ئینجیل، ڤیدا.
شانۆی دیۆنیسۆسDionysos، و ئەریستۆفانیسی نووسەری کۆمێدی، نووسەری نووسینە تراجیدییەگەورەکانی وەک ئاسخیلۆس، ئۆریپیدێس، و سۆفکلیس، بودا، مەسیح و پاولۆس، دیۆجێنیس، زینۆن، ئارستیپۆس، ڕێنیێ دیکارت و میتۆدی گومانەکەی، ئاوگۆستین قدیس، تۆماس ئەکویناس، جیۆردانۆ برونۆ و تراژیدیای سووتاندنەکەی، ئیرامۆس، گالیلۆ گالیلی، ئیساک نیوتن و تیۆری هێزی کێشکردنی گەردوون، کۆپرنیکۆس، فرانسیس بەیکۆن، جۆهانس کیپلەر، مارتین لۆسەر و بزووتنەوەڕیفۆرمخوازەکەی، لیۆناردۆ داڤینشی، لایبنیز، ئیبن ڕوشد، ئیبن باجە، ئیبن خەلدوون، کیندی، تۆماس هۆبێس و فەلسەفە مەتریالیزمەکەی، جۆن لۆک و تێزەلیبڕالییەکەی، بارۆخ دی سپینۆزا و ڕوانگە و میتۆدە ڕەخنەییە مێژووییەکەی، شکسپیر و بەرهەمەکانی، به تایبەتی هاملێتەکەی.
کالدەرۆنی شاعیری ئیسپانی، لامێتری پزیشک و فەیلەسووفی فەڕەنسی و مرۆڤە ئامێرەکەی، هیگڵ و دیالێکتیکە مێژوویی و ڕۆحییە جیهانییەکەی، تێز و سەنت تێز و ئەنتی تێزەکەی، دێڤدهیۆم، کارڵ مارکس و دیالێکتیک و مەتریالیستەمێژووییەکەی. ئینگلس، لینین، ستالین، ماو، کیاکەگۆرد سۆرین و فەلسەفە بوونگەراییەکەی، چارڵس داروین و بیردۆزی پەرەسەندن، فرۆید و تیۆری نائاگایی و دەروونناسییەکەی، فریدریک نیتچە، مارتن هایدیگەر، کامۆ، سامویڵ بێکێت، جۆرج ستیوارت میل، جۆرج بارکێلی و ئیمانوێل کانت، شێللینگ، شیلەری شاعیری ئەڵمانی، هۆفمان، فیختە، هێردەر.
مۆنتیسکیو، جان جاک ڕۆسۆ، جۆن ستیوارت میل، جان پۆل سارتەر و سیمۆن دیبۆڤوار، بێرتراند ڕاسل، ستیڤن هۆککینگ و تەقینەوە گەورەکە(The Big Bahg)و..
ئەندێشمەندانی قوتابخانەی فەلسەفی فرانکفۆرت(هەرسێ جیلەکەی). پووچگەرا و ڕەشبین و نیهلیستی وەکو شۆپنهاوەر، کامۆ، سارتەر، کافکا و سادق هیدایەت. دەستم دا بەرهەمەکانی بیرمەند و فەیلەسووفە مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنێتەکان. بە تامەزرۆیی و حەماسەتێکی زۆرەوە، زۆرم لەسەر مۆدێرنە و بونیادگەری و(تفکیک) هەڵوەشانەوە، هێرمۆنتیک، بونگەرایی، پۆست مۆدێرنێتە، دادایزم، سوریالیزم و...تاد خوێندەوە.
بەو شێوەیە، ژیان و بەرهەم و ئەزموون و تێز و بیرۆکەی نووسیار و زانا و هونەرمەند و بیریار و فەیلەسووفانێکی زۆرم خوێندەوە.
ئینجا بۆم ڕۆشن بووەوە، گەر٦٠٠ساڵ پێش زایین و بەرەو خوارتر و قۆناغی پێش لەدایکبوونی فەلسەفە، دیاردەکانی سروشت بە میتۆلۆجیای ئایینی و ئەفسانەکان لێکدرابێتەوە و ئایین و میتۆلۆجیای ئایینی و ئەفسانەکان وەڵامی هەموو پرسێکی مرۆڤیان خستبێتە ئەستۆی خۆیان، ئەوە لە دوای هاتنەدنیای بیری زانستی و فەلسەفی، میتۆدی زانستی و ئەقڵانی جێگای تەفسیری ئایینی و ئەفسانە و میتۆلۆجیا دەگرنەوە بۆ هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی دیاردەسروشتییەکان.
چیتر لێکدانەوە و بۆچوونە میتۆلۆژی و ئایینییەکان جێگای متمانە و دڵنیایی و کۆتا بڕیار و شرۆڤە نین.
گەر پێشووتر مێتافیزیک باڵا و هێز بوو بێت، ئەوە ئێستا مرۆڤ سەنتەر و پێوەرە.
گەر پێشووتر مرۆڤ لە بەرامبەر سروشت دەستەوسان و دەستەمۆ و بێ دەسەڵات و لاواز بوو بێت، یان بەشێک بوو بێت لە سروشت، ئەوە چیتر ئەو بەشێک نییه لە سروشت، بەڵکو چاڵاکانە خۆی کار لەسەر سروشت دەکات و بە پێی بیرکردنەوە و تێهزرینەکانی خۆی دەیگوڕێت و بەسەر سروشتدا زاڵ دەبێت و دەیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بە خواست و ویستی خۆی، گۆڕانکاری تێدا دەکات و تەحەکومی پێوە دەکات.
لەو گەشتەی خوێندنەوەی کتێبە جیاوازەکان، خۆم دۆزییەوە و تێگەیشتم کە مرۆڤ بە تەنها خۆی بێت و نەبێت بە پاشکۆی هیچ ئیدۆلۆژیا و مەزهەب و تێڕوانینێک و بە کۆپیپێستی فیکری ئەوانی تر و هەوڵ بدات بە هۆشیارییەوە بژیت و جێدەست و پەنجەی مەعریفی و ڕۆشنبیری لەو جیهانەدا هەبێت و تەنها تاکێک و ژمارەیەک نەبێت لەنێو کۆمەڵ و ژمارەکان.
مرۆڤێک بێت، خاوەنی جیهانبینی خۆی بێت و ئازادانە بیربکاتەوە. خۆی لە بۆتەی هیچ تێگەیشتنێکی دەقبەستوو و ئامادەکراو و دیاریکراودا زیندانی نەکات.
بەڵکو هەڵگری ڕۆحییەتێکی زیندوو و تێڕوانینێکی واڵا و فیکرێکی کراوە بێت و لەسەر پێوەری زانستی و بنەمای فەلسەفی و تێگەیشتنێکی مەعریفی و هەڵسەنگاندنی ئەقڵانی بیرۆکە و بۆچوونەکان هەڵبسەنگێنێت و ڕاستێتی و زانستیبوون و ئەقڵانیبوون و سروشتیبوون و واقیعیبوونی شتەکان، لە ئەفسانە و خەیاڵ و خورافە و ناڕاستییەکان جیابکاتەوە و خاوەنی سەروەری و کەسایەتی خۆی بێت و دەرفەت نەدات کەس لەبری ئەو بیربکاتەوە و هەڵبژێرێت و بڕیار بدات.
بەڵکو هەمیشە دەبێت بوونەوەرێکی بیرکراوە بێت و لە بیرکردنەوە و پرسکردن و گومانکردن نەکەوێت و دایمە بپرسێت و هەموو شتەکان بخاتە ژێر پرسیار و نەشتەری ڕەخنەی هەردەم لە کار بێت و هەوڵی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بدات و هیچ کاتێک لە گەڕان نەوەستێت.
لەو گەشتەی خوێندنەوەی کتێبە جیاوازەکان، کۆمەڵێک پرسی فەلسەفی و وجوودی لە بارەی خودا و ئەهریمەن و چەمکەکانی وەکو: مردن و ژیان، ئەخلاق و ئازادی، ڕۆح و دەروون و جەستە، سروشتی مرۆڤ، باشە و خراپە، چییەتی وجوود و سەرەتای گەردوون و میتافیزیکا و چارەنووس و...تاد لام دروست بوون.
تێگەیشتم کە ئیتر هیچ شتێک وەکو ڕاستی و یەقین و قسەی خودا وەرنەگرم، تا بە بۆتەی ڕەخنەیدا نەبەم و لە فلتەری ئەقڵ و ویژدان و زانست و بیرکردنەوەیەکی ئازادانەی نەدەم.
تێگەیشتم کە فەلسەفە وامان لێدەکات پێداچوونەوە بە هەموو پێوەر و دۆگما و بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانی پێشووماندا بکەینەوە و ئیتر بە جیهانبینییەکی فراوان و هزرێکی کراوە و بیرکردنەوەیەکی ساغڵەم و لۆژیکییانە و هەناسەیەکی تازەوە لە ژیان و دەوروبەر و گەردوون و مرۆڤ بڕوانین و جارێکی تر چەمک و کۆنسێپتەکان دابڕێژینەوە و پێنەسەیان بۆ بکەینەوە.
تێگەیشتم کە فەلسەفە واتا: ڕووتبوونەوەی ڕۆح و ئەبستراکبوونی چەمکەکان و لادانی پەردەی چەواشە و وەهم و درۆ لەسەر شتەکان.
فەلسەفە واتا: ئازارێکی وجوودی و ئەبەدی، ئازارێکی نەبڕاوەی هەمیشەیی.
ئەو ئازارەی لەگەڵ یەکەم چرکەساتی پێخستنە سنووری مەملەکەتی فەلسەفەدا لە دایک دەبێت و ئازاری ئەو هۆشیارییە فەلسەفییە دێتەبوون. ئەو هۆشیارییە فەلسەفییەی بەپێی ئەندازەی زیادبوونی خەم و ئازارەکان بۆ خاوەنەکەی زیاد دەبن.
ئەو هۆشیارییەی وا لەو کەسە دەکات کە ئیتر لە گۆشەنیگایەکی تری فەلسەفی قووڵ و تێڕوانینێکی تر و شێوازێکی تری جوایەز لەوەی پێشووی، لە گەردوون و ژیان و مرۆڤ بڕوانێت.
ئەو هۆشیارییە فەلسەفییەی لەگەڵیدا کۆمەڵێک پرسیاری لۆژیکی و فەلسەفی لە دایک بن و مرۆڤ تا کۆتایی تەمەن و ژیانی بە دوای وەڵامدا بگەڕێت، هەرگیز ناتوانێت وەڵامی یەکلاکەرەوە و دڵنیاکەرەوە لەبارەیانەوە بەدەست بێنێت.
ئەو هۆشیارییە فەلسەفییەی دنیایەک گومانی لێ لە دایک دەبێت و یەقینەکانی پێشووتر هەمووی وردوخاش دەکات و کودەتایەک لە جیهانبینی ئەوکەسەدا دەکات و هەموو دۆگما و پێوەرە کۆنەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و تێک و پێکیان دەشکێنێت و کۆمەڵێک بەها و پرەنسیپ و پێوەری نوێ شوێنیان دەگرنەوە.
ئەو هۆشیارییەی خاوەنەکەی لە پەتای تێڕوانینێکی تۆتالیتێرانە و ڕەهاگەراییانە و پۆپۆلیستانە ڕزگار دەکات و وای لێدەکات کە ئیتر شتەکان بە ڕێژەیی ببینێت و چ شتێک بە حەقیقەتی ڕەها وەرنەگرێت، تا ئەوکاتەی لە بۆتەی لۆژیکی دەدات و بە فلتەری ئەقڵی داببات و بە تەرازووی ویژدان و زانست هەڵیسەنگێنێت.
ئەوکاتەی هۆشیاریم بۆ گەڕایەوە و لە غەیبووبەی فیکری و قۆناغی هەرزەیی هزریی ڕزگارم بوو و لەناو بازنەی داخراو و توونێلی فیکری ئیسلامی سیاسی هاتمەدەر(ئەو ئایدیۆلۆژیا ئیسلامگەرایەی ئەقڵی مۆمیا کردبووم و وای لێکردبووم هەموو شتەکان پێچەوانە و ئاوەژوو ببینم).
بەو شێوەیە، قۆناغی دووی کۆلێژبووم، گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر جیهانبینی و تێڕوانینم داهات. دەتگوت هەرگیز من ئەو فەقێ فێندەمێنتالیست و هیوا ئیسلامییە دۆگمایی و ڕادیکاڵەی پێشووتر نیم!
خەریک بووم پێداچوونەوەم بە سەرلەبەری بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانی پێشووم دەکرد و دەستم کردبوو بە پرسیارکردن و ڕەخنە گرتن لە ئیسلامی سیاسی. هەرچەند ئەوکات نووسەر نەبووم و تەنها بە قسە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان ڕەخنەم لەو لایەنە ئیسلامییە ڕادیکاڵە دەگرت، کە من و هێمن، ساڵانێک تێیدا ئەندام بووین. کۆمەڵەک پرسیارم لێ دەکردن، زۆر پێی قەڵس دەبوون!
وەک: چی تێدایە گەر ناموسڵمانێک و دوو جگەرەکێش و سێ مەیخۆر و چوار ئافرەتی بێ لەچک و سفوور ببن بە ئەندامی ئێمە و چیتر لەو قاڵبە مەزهەبی و توونێلە حزبی و چاڵە ئایدیۆلۆژیا تەسک و داخراوە بڕۆینە دەر و لە ڕوانگەیەکی تۆزەک بەرزتر و مرۆڤانەتر و باڵاتر و واڵاتر لە مرۆڤ و ئەویتر بڕوانین!؟
چی تێدایە گەرچوار ئێزدی و دوو یارسانی و مەسیحییەک ببن بە ئەندامی ئەو حزبەی ئێوە؟
ئێوە گەر ئەمڕۆ دوو خانمی بێ لەچک و سێ پیاوی جگەرەکش و چوار مەیخۆر قبووڵ نەکەن بێنە ڕیزی حزبەکەتان، ئەی گرەنتی چییە کە بەیانی جڵەوی حوکمڕانیتان گرتە دەست، ئەوکەسانە لە کۆمەڵ قبووڵ بکەن؟
ئێوە گەر ئەمڕۆ هێرش دەکەنە سەر سێ کچە مۆدێل و دوو لسب و چوار هاوڕەگەزخواز و دوو جودابیرتان قبووڵ نییە و لە سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندنەکانتان وەک دەعبا بە مێگەلیان دەناسێنن و هێرشیان دەکەنە سەر، جیاوازیتان چییە لەگەڵ قاعیدە و بۆکۆحەرام و تاڵیبان و هەمووگرووپە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکانی تر؟
ئێوەی دەبڵ مۆڕاڵ و فێڵباز و فریودەر، لەلایەک کاندیدتان بۆ دەرۆزەی دەنگ دەڕواتە باڕ و یانەکان و داوای دەنگ و پشتیوانی لە مەیخۆرەکان دەکات و لەلایەکیتر مەلاکانتان و ئەندام و دەروێشەکانتان و هەرخودی ئەو کاک کاندیدە فێندەمێنتالیستە، لەسەر مینبەر و لە ڕاگەیاندنەکانتان و لە سۆشیال میدیا و هەموو شوێنێک هێرش دەکەنە سەرمەیخۆر و یانە و باڕەکان!


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە