فەرەج فۆدە

نووسینی: حەمەسەعید حەسەن

 

لە وڵاتانی دیکتاتۆریدا، خەڵک لە دەسەڵات دەترسن، بەڵام لە وڵاتانی دیموکراتیدا خەڵک لە یاسا دەترسن.

هەر پیاوێکی ئایینی دروشمی سیاسیی بڵند کردەوە، تیرۆریستە.

داهاتوو قەڵەم دەینووسێتەوە، نەک سیواک.اتوو قەڵەم دروستی دەکات، نەک سیواک.

جیاوازیی نێوان ئینسان و ئاژەڵ ئەوەیە، ئینسان دەرس لە ئەزموونی خۆی وەردەگرێت. پێ دەچێت ئیسلامییەکان بە ئاژەڵمان بزانن، ئەوە نییە داوامان لێ دەکەن، سەرلەنوێ فەرمانڕەواییی ئیسلام تاقی بکەینەوە، وەک ئەزموونی سێزدە سەدە لە خەلافەت بەس نەبێت، وەک لەوە بترسن کە لەسەر دوو پێ دەڕۆین، بۆیە دەخوازن لەسەر چوار پێ بڕۆین.

فەرەج فۆدە (١٩٤٥ - ١٩٩٢) هەرچەندە شانازیی بەوەوە دەکرد، لە گونددا پەروەردە بووە، بەڵام بەوە نیگەران بوو کە گوندنشینان تێگەییشتنێکی ڕووکەشیان بۆ ئایین هەیە و بێ لێکدانەوە و چەندوچوون، بڕوا بە چیرۆکی ئەفسانەیی دەکەن. ئەو گوندنشینانە کە دێنە شارەوە، لەبری ئەوەی ببن بە شاری، شار وەک گوند لێ دەکەن و هەرچەندە وەک جوگرافیا لە چوارچێوەی شاردا بن، بەڵام وەک کولتوور، وەک گوندی دەمێننەوە. ئەو بیرکردنەوە ئەفسانە ئامێزەی گوندنشینان هەیانە، کێڵگەیەکی بەپیتە بۆ ئەو بزووتنەوانەی پشت بە تیرۆر دەبەستن، ئاخر زوو فریو دەدرێن و بەد سوودیان لێ دەبینرێت. کە لە بکوژەکەی دەپرسن: تۆ چۆن فەرەج فۆدە بە کافر دەزانیت، هیچ کتێبێکی ئەوت خوێندووەتەوە؟ دەڵێت: من نەخوێندەوارم.

فەرەج فۆدە پێی وابوو، هەرچەندە لە سەردەمی پەیامبەردا، زوو زوو ئیسلام بەسەر جوولەکەدا سەردەکەوت، بەڵام لە سەردەمی نوێدا، چونکە ئیسلام بە زمانی شارستانیی تازە ئاشنا نییە، هەر جوولەکە بەسەر ئیسلامدا سەردەکەوێت. فەرەج فۆدە دەیگوت، ئەو زەبروزەنگەی بزووتنەوە ئیسلامییەکان هانای بۆ دەبەن، زادەی ئەوە نییە، ئەم یان ئەو دەسەڵات لەگەڵیاندا توندوتیژ بووە و لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە دراون، ئاخر ئەوان هەر لە سەرەتای دروستبوونیانەوە بە زەبروزەنگ دەستیان پێ کردووە و زەبروزەنگ زادەی ئەو سیستەمە فیکرییەیە کە بڕوایان پێیەتی. هەروەها دەیگوت: کەسانی سەر بە ئیسلامی سیاسی دەخزێنە نێو حیزبەکانی تریشەوە، ئیدی حیزبەکە لیبراڵ بێت، یان چەپ، بۆ ئەوەی هەم لۆبی (گرووپی گوشار) لەو حیزبانەدا پێک بهێنن و هەم بنکۆڵیشیان بکەن.

لە ڕوانگەی فەرەج فۆدەوە، ئاشتی زمانی کەسانی بەهێزە و جەنگ دەربڕینێکی زەبروزەنگاوییە لە لاوازی. ئەو پێی وابوو، ئەوە خودکوژی بوو کە سادات لە ڕێی پیاوانی ئاسایشی دەوڵەتەوە، لە زانکۆکاندا، هەندێک کۆمەڵەی ئیسلامیی، بۆ ڕێگرتن لە هەژموونی چەپ و ناسرییەکان دروست کرد، ئاخر دواتر بە دەستی یەکێک لەو کۆمەڵە ئیسلامییانە تیرۆر کرا. لە دەستووری میسردا ئەوە هاتبوو، کە شەریعەت یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دەستوور، هەرچەندە سادات ١٩٨١ ئەو بەندە گۆڕی بە: شەریعەت سەرچاوەی سەرەکیی دەستوورە، بەڵام ئەو پاشەکشێیەی دەوڵەتی مەدەنی، لەبەردەم دەوڵەتی ئایینیدا، بە کەڵکی نەهات و ساڵێک دواتر بەکوشت چوو.

خەباتی فەرەج فۆدە بۆ ئەوەبوو، گەلی میسر نیشتمان پێش بیروباوەڕ بخات و سەر بە داهاتوو بێت، نەک ڕابردوو، سەر بە دیموکراسی بێت، نەک سەر بە تیرۆر، سەر بە لیبرالیزم بێت، نەک سەر بە سەرکوت، سەر بە سەردەمی نوێ بێت، نەک سەر بە دیرۆک. فەرەج فۆدە ١٩٨٧ وەک سەربەخۆیەک خۆی بۆ پەرلەمان دەپاڵێوێت، بەڵام ئەوێک کە ئەوسا چەندان کتێبی گرنگی نووسیبوو، دەنگی پێویستی نەهێنا و سەروەختی پڕوپاگەندی هەڵبژاردن، بەرەو ڕووی هەڵمەتێکی دڕندانە بووەوە. سەباح ئەبوو ئیسماعیل کە بانگخوازێکی ئیسلامی بوو، پێی گوت: (تۆ لە کتێبی - پێش نسکۆ- دا، بانگەشەت بۆ ئازادیی زیناکردن کردووە، بۆیە داوات لێ دەکەم، ژنەکەت بۆ من بنێرێت، ئەگەر ناردت ئەوا بێ شکۆمەندیت، ئەگەر نەتنارد، ئەوا خۆپەرستیت.)  موحەممەد حەیوان لە ڕۆژنامەی جەمهووریدا بۆی نووسیبوو: (تۆ داوای ئازادی بۆ زیناکاران و عارەقخۆران دەکەیت.) باڵێکی ئیسلامییەکان پێیان گوت: (کچەکەت شووی بە سەفیری ئیسرائیل کردووە و خۆت شەوانە لە ئاهەنگی سێکسی بە کۆمەڵدا بەشدار دەبیت،) بەڵام ئەو زۆر لەوە باڵاتربوو، وەڵامی ئەو ئاستنزمانە بداتەوە.

فەرەج فۆدە بۆیە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، چونکە کەسێکی عەلمانی بوو، بەڵام تا تیرۆر کرا هەر بڕوای بەوە هەبوو، لە داهاتوودا سیکولاریزم باڵ بە سەر دونیای ئیسلامدا دەکێشێت و دەیگوت: وەک چۆن سەرەتا موسوڵمانان دژی دیموکراسی بوون و دواتر پەسەندیان کرد، ئەو ڕۆژە نزیکە، سیکولاریزمیش پەسەند بکەن کە جیاکردنەوەی ئایینە لە سیاسەت و هەم لە خزمەتی ئایین و هەم لە خزمەتی سیاسەتیشدایە. کە ١٩٨٨ ئیسلامییەکان کەوتنە کوشتنی قیبتی و سووتاندنی دووکانی مەیفرۆشەکان، فەرەج فۆدە کتێبی (تیرۆر)ی نووسی، تێیدا لە دیاردەی نواندنی زەبروزەنگی کۆڵییەوە کە ئەو سەردەمە، شێوازی سەرەکیی (خەبات)ی ئیخوان بوو.

 هەندێک لە ئاخاوتن و پێشنیازەکانی پەرلەمانتارە ئیسلامییەکانی میسر کە فەرەج فۆدە لەکن خۆی تۆماری کردبوون، بریتیبوون لە:

*ئەوە حەرامە گوتوبێژ لەبارەی بوودجەی میسرەوە بکرێت، ئاخر بەشێک لەو بوودجەیە، ئەو باجەیە کە مەیفرۆشان دەیدەن.

* گەنجی قاروون بزربووە، هەقە لیژنەیەک پێک بهێنرێت بۆ دۆزینەوەی، بەڵکوو لەم قەیرانە ئابوورییە ڕزگارمان ببێت.

* داوا لە باڵیۆزی ئیسرائیل لە قاهیرە بکرێت، ببێت بە موسوڵمان، ئەگەر نەبوو، سەرانە (جزیة) بدات، ئەگەر نەیدا، بکوژرێت!

* بە پاساوی ئەوەی وڵاتێکی ئیسلامیی داگیرکراوە، جاڕی جەنگ لە دژی ئیسپانیا بدرێت.

جادولحەق (١٩١٧ – ١٩٩٦) کە شێخی ئەزهەر بوو، سەنگەری لەوانە گرتبوو کە داوای دەوڵەتی مەدەنییان دەکرد و بە کەسانی لەدیندەرچووی لە قەڵەم دەدان، بەمەیش ئاوی بە ئاشی تیرۆریستاندا دەکرد. فەرەج فۆدە کە داوای ئەوەی دەکرد، یاسا سەروەر بێت و ڕاگەیاندن داکۆکی لە دەوڵەتی مەدەنی بکات، دەیگوت: (تیرۆر وەک سپرای وایە، ڕووی دەکەیتە جێیەک، بەڵام بە هەموو جێیەکدا بڵاو دەبێتەوە، بەوە دڵخۆش مەبە کە ڕووی لە دوژمنەکەتە، ئاخر هاکا ڕووی کردە تۆیش. تیرۆریست با سەرەتا سۆزی کەسانی ساکاریش بۆ لای خۆی کێش بکات، بەڵام هەر زوو ئەوە ساغ دەبێتەوە کە زەریای کێڵاوە، کۆشکی لەسەر لم ڕۆ ناوە و بەگژ ئاشی هەواییدا چووەتەوە.) فەرەج فۆدە پێی وابوو: ئیسلامییەکان مافی ئازادیی بیروڕا دەربڕینیان هەیە، بەچاوپۆشین لە ناوەڕۆکی بیروڕاکانیان، بەڵام مافی ئەوەیان نییە، بیروڕای خۆیان بەسەر ئەم و ئەودا بسەپێنن.

فەرەج فۆدە دەیگوت: (تیرۆر لەسایەی فریودانی عەوامدا، دەژی و گەشە دەکات. ئیسلامییەکان خەڵکی ساکاریان وا تێگەیاندووە کە تیرۆر دوو جۆرە، شەرعی و ناشەرعی، هەر لەو ڕوانگەیەوە، لایەنی سولەیمان ئەلخاتریان دەگرت کە حەوت جووی کوشتبوو، کە چواریان منداڵ بوون. ئیسلامییەکان داکۆکییان لە  سەددام حوسەینیش دەکرد، کە پەلاماری کوەیتی دابوو. (گوتن لە هەوادا،) کتێبێکی فەرەج فۆدەیە، خەباتی دە ساڵی ئەو، لەپێناوی دەوڵەتی مەدەنیدا دەگێڕێتەوە و دوای تیرۆرکردنی چاپ کراوە. هەر لە سۆنگەی داکۆکیکردنییەوە لە دەوڵەتی مەدەنی، لە ٣ی یۆنیۆی ١٩٩٢دا، ئەزهەر فەتوای کافربوونی دە دات، ئیدی دوای پێنج ڕۆژ لەو فەتوایە، لە ٨ی یۆنیۆی ١٩٩٢دا، بەر لە جەژنی قوربان، لە قاهیرە، لەبەردەم سەنتەری ڕۆشنگەریدا کە خۆی دایمەزراندبوو، لە لایەن (کۆمەڵی ئیسلامی)یەوە کە لە هەناوی ئیخوانەوە سەری هەڵدابوو، تیرۆر دەکرێت.

قاسم ئەمین، تەها حوسەین و عەلی عەبدولڕازق، نەوەی یەکەم و پێشەنگانی ڕۆشنگەری بوون لە میسر، فەرەج فۆدە کە سەر بە نەوەی دووەمی ڕۆشنگەرییە، دەیگوت: (ئەو سەرکەوتنەی ئیسلامی توندڕۆی سیاسی بە دەستی هێناوە، زادەی تیرۆری فیکری و سیاسییە لە سەروەختی نەبوونی دیموکراسیدا. ئەو پرسیارانەی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ڕۆشنبیرانی میسر دەیانورووژاندن، هەنووکە لە کۆتاییی سەدەی بیستەمدا، بیرمەندێک زاتی ئەوەی نییە، بیانورووژێنێت.) فەرەج فۆدە بە ڕێزەوە سەیری کۆششی نەوال ئەلسەعداوی، خەلیل عەبدولکەریم، سەیید ئەلقەمەنی و ئەحمەد بەهادینی دەکرد و دەیگوت: (نەوەی دوای ئێمە دەرک بەوە دەکەن، ئەو خەباتەی خەریکی بووین، باجەکەیمان زۆر گران دا.)

فەرەج فۆدە پێی وابوو: (ئایین تەنیا بەشێک نییە لە پێکهاتەکانی کەسایەتیی تاکی میسری، بەڵکوو ئایین ویژدانی میسرە و ئەگەر ویژدانی تاکی میسری، ئاوازێک بێت، ئەوا (قەرار)ەکەی ئایینە کە تێیدا هێوری تێکەڵ بە قووڵی دەبێت.) پرۆژە ڕۆشنگەرییەکەی فۆدە، لەسەر چوار پایە خۆی ڕاگرتبوو:

* ڕەخنەگرتن لە ئیسلامی سیاسیی هاوچەرخ.

* خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی ئیسلامی سیاسیی مێژوویی.

* بەگەرخستنی عەقڵ بۆ لێکدانەوەی نوێ.

* داکۆکیکردن لە دەوڵەتی مەدەنی.

لای فۆدە ئیسلامی سیاسیی هاوچەرخ لە سێ ڕەوتدا خۆی نمایش دەکرد:

* ڕەوتی نەریتخوازانە کە بە ڕووکەش میانڕۆ بوو، بەڵام لە کرۆکدا سڵی لە تیرۆرکردنی نەیارانی نەدەکردەوە.

* ڕەوتی (شۆڕشگێرانە) کە لە هەندێک کۆمەڵەی چەکدار پێک دەهات، دژ بوو بە دەستوور و دیموکراسی و تەنیا بڕوای بە شێوازی نواندنی زەبروزەنگ هەبوو.

* ڕەوتی خاوەن سەرمایە کە لەو دەوڵەمەندانە پێک دەهات، لە عەرەبستانی سعوود سامانیان پێکەوە نابوو، هەر بە هەوڵی ئەم ڕەوتەیش سوودی بانک بە حەرام لە قەڵەم دەدرا، تا بانکی ئیسلامی کە سەرمایەکەی هی خۆیان بوو، سوودمەند ببێت. لای فەرەج فۆدە ئەم باڵە کە زیاتر لە سعوودستان چالاک بوو، بەهێزترین باڵی ئیسلامی بوو. لای ئەو خەڵکی عەرەبستانی سعوود لە سێ بەش پێک دەهاتن: فەرمانڕەوایان، سەرمایەداران و زۆربەی گەل. هاوپەیمانییە پتەوەکەی نێوان فەرمانڕەوایان و سەرمایەداران، زادەی ئازادیی بازرگانی و نەبوونی باج بوو، ئاخر لەوێ زەکات لە جێی باجە و ئەو سیستەمە ئابوورییەیش لە قازانجی هەردوو لایان بوو.

فەرەج فۆدە وای بۆ دەچوو، بەچاوپۆشین لە جیاوازیی فیکریی نێوان شیعە و سوننە، هەلومەرجی بابەتی بۆ دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێران و میسر وەک یەک وان. ئەو پێی وابوو، لە تارانەوە سەرکردایەتیی شیعەکانی دونیا دەکرێت و جڵەوی سوننەکانی دونیایش بە دەست قاهیرەوەیە. شیعە چونکە خۆبەخشانە، ڕێژەیەک لە سامانیان بە سەرانی مەزهەبەکەیان دەبەخشن، هێزێکی گەورەی ئابووری پێک دەهێنن، سوننەیش لە ڕێی باڵە خاوەن سامانەکەیەوە، توانایەکی ئابووریی بەهێزی هەیە. وەک چۆن گەڕەکە هەژارنشینەکانی تاران، سەرچاوەی شۆڕشی ئێران بوون، هەژارەکانی قاهیرەیش هەمان ڕۆڵ بۆ سوننە دەگێڕن و تەنانەت بانگخوازەکانی قاهیرەیش، وەک ئەوانی تاران، بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامیان پشت بە کاسێت دەبەستن. فەرەج فۆدە هەرچەندە لەگەڵ ئەوەدابوو کە میسر لە رزگارکردنی کوەیتدا، لە دژی عێراق بەشداریی کرد، بەڵام دەیگوت: (حوکمی سەددام حوسەین بە هەموو خراپەکانییەوە، هێشتا لەوە باشترە شیعە لە عێراق دەسەڵات بگرنە دەست.)

فەرەج فۆدە نزیکەی سی ساڵێک پیش ئەوەی سوودان دوولەت ببێت، پێشبینیی جودابوونەوەی باشووری سوودانی کردبوو. لە کتێبی (پێش نسکۆ ١٩٨٤)دا نووسیبووی: ئەگەر شەریعەت لەوێ ببێت بە دەستوور، ئیسلام لە دینێکی (حەنیف)ەوە، دەبێتە ئایینێکی (عەنیف) و شەڕی ناوخۆ بە جیابوونەوەی باشوور دوایی دێت. وەک بۆی چووبوو، کوودەتا سەربازییە ئیسلامییەکەی ١٩٨٩، سوودانی کرد بە گۆمی خوێن و بە شانۆی بڕینەوەی دەست و قاچ و بە هەواری تیرۆریستانی دونیا. (سەرێکی میانڕۆی فریودەری بێ قاچ و دوو قاچی دڕندەی بێ سەر.) ئەوە پێناسەی فەرەج فۆدە بوو، بۆ سەرکردە و ڕێکخستنەکانی ئیخوان، بە چاوپۆشین لەوەی لە میسر بن، یان لە تونس یان لە سوودان.

ئەوە لە قۆشمە دەچێت، ئەگەر سەر بە باڵێکی ئیسلامی سیاسی بین و باس لە دەستاودەستکردنی دیموکراسییانەی دەسەڵات بکەین، ئاخر بەدرێژایی مێژووی حوکمی ئیسلام، ئیدی هەر لە ئەبوبەکری سەددیقەوە، تا عەبدولمەجیدی دووەم، کە دوا خەلیفەی عوسمانی بوو، واتا بە درێژایی نزیکەی چواردە سەدە لە فەرمانڕەوایی، یەک خەلیفە بەشێوازێکی ئاشتییانە لەسەر حوکم لا نەبراوە! عوسمانی کوڕی عەففان دەیگوت، کە بەیعەت بە خەلیفەیەک کرا، ئیدی ئەو متمانە پێ بەخشینە، بۆ هەتاهەتایە. عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان کە لە نێوان (٦٨٥ تا ٧٠٥)ی زایینیدا خەلیفە بوو، ئەو ڕۆژەی دەسەڵاتی گرتە دەست، گوتی: (ئەوە من بووم بە خەلیفە، سوێند بە خوای گەورە، ئیدی هەر کەسێک ڕەخنەی لە خوداپەرستیم هەبێت، گۆشاوگۆش سەری دەبڕم.) مەبەستی لەو هەڕەشەیە ئەوەبوو، هیچ جۆرە ئۆپۆزیسیۆنێک قەبووڵ ناکات.

فەرەج فۆدە لە کتێبی (حەقیقەتی بزربوو)دا دەڵێت: (گەشەسەندنی کۆمەڵە ئیسلامییە تۆندڕۆکان لە میسر، کەموزۆر زادەی ئەو پەروەردە و ڕاگەیاندنەن کە تەنیا ڕوویەکی ڕاستی دەبینن و وەک هەموو ڕاستییەکان پێشکەشی دەکەن، تەنیا ڕایەک بە دروست دەزانن، هەموو بیروڕایەکی دیکە فەرامۆش دەکەن و هاووڵاتییان تەنیا بەرەو یەک ئاڕاستە پاڵ پێوە دەنێن، لەم ڕێیەوە ویژدانی خەڵک بۆ پێشوازیکردن لە توندڕۆیی و توندوتیژی ئامادە دەکەن و دەرگەی بڕواهێنان بە لۆگیکی دیالۆگ بە ڕوویاندا دادەخەن.)

هەرچەندە لای ئیسلام زیناکردن کاتێک دەسەلمێنرێت کە بە بەرچاوی چوار پیاوەوە، کلچێوک (میل) لەنێو کلتوور (کلدان)دا بێت، ئەوسایش سزاکەی لێدانی جەڵدە دەبێت، کەچی سەنگبارانکردنی ژن، لە زۆر وەڵاتی ئیسلامی، هەر لەبەر گومان پێڕەو دەکرێت، بە مەرجێک سزای سەنگباران لە قورئاندا نەهاتووە. تا ئیسلامی توندڕۆ زاڵتر بێت، کێرڤی سووکایەتیکردن بە ژن و ڕێژەی سەنگبارانکردنیشی پتر هەڵدەکشێن. فەرەج فۆدە بەردەوام لە سەنگەری داکۆکیکردندا دەبێت لە ژن، هەر لەو سۆنگەیەشەوە، کتێبێک لەبارەی (هاوسەرگیریی سەفەری)یەوە دەنووسێت و تێیدا دەڵێت: (منێک کە هاوسەرگیریی سەفەری بۆ کچانی سەر بە خانەوادەکەم قەبووڵ ناکەم، بۆ کچانی موسـڵمانانیشی بە ڕەوا نابینم.)

فەرەج فۆدە دەڵێت: (سوننەی فەندەمەنتالیست بۆیە عەلی کوڕی باوکی تالیبیان کوشت، چونکە بەپێی لێکدانەوەی ئەوان بۆ قورئان، ئەو خەلیفەیە لە دین دەرچووبوو.) ئیدی لەوساوە هەر باڵێکی ئیسلام یان تاکێکی موسوڵمان، لە ڕوانگەی سوننەوە بۆ قورئان، لە ئایین دەربچێت، کوشتنی ڕەوایە. ئایا خەلیفەی موسوڵمانان کەسێکی دادپەروەر بوو؟ فەرەج فۆدە لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەنووسێت:

* لە سەردەمی ئەبووبەکری سەددیقدا، ئەوی زەکاتی ڕاستەخۆ بە هەژاران دابا، نەک بە بەیتولمال، ئەگەری کوشتنی بەهێزبوو.

* عوسمانی کوڕی عەففان، سزای ئەو کوڕەی عومەری خەتتابی نەدا کە سێ فارسی بێگوناهی کوشتبوو.

* عەلی کوڕی باوکی تالیب، سزای بکوژانی خەلیفە عوسمانی نەدا.

* بە فەرمانی یەزیدی کوڕی مەعاویە، حوسەینی کوڕی عەلی و چوارهەزار و پێنج سەد کەس لە لایەنگرانی کوژران و هەزار کچیشیان لێ بێبن کرا.

* هیشامی کوڕی عەبدولمەلیک، تەرمی (زەین ئەلعابیدین)ی کە نەوەی ئیمام عەلی بوو، لە گۆڕ دەرهێنا، لە خاچی دا و سووتاندی و خۆڵەمێشەکەی دا بەدەم باوە.

* بەشێک لە خەلیفەکان خوویان دایە مەینۆشین و کەنیزەک خڕکردنەوە و نێربازی.

* یەکەمین خەلیفەی عەبباسی، کەوتە هەڵتەکاندنی قەبرەکانی خەلیفە ئومەوییەکان و سووکایەتیکردن بە ئێسکوپروسکیان.

* مەنسوور ئەشکەنجەی ئەبی حەنیفەی دا و موعتەسەمیش هی ئیبن حەنبەل.

* بە لەشکری فارس و ڕووم، هێندەی حەججاجی کوڕی یوسفی سەقەفییان(*) لە موسوڵمانان نەکوشت، ئەو تەنانەت کەعبەی مەنجەنیق باران کرد و بەسەر ئەوانەیدا ڕووخاند کە لێی بوون.

لەبەر تیشکی ئەم ڕاستییانەدا کە لە کۆمەڵێک سەرچاوەی جێی باوەڕەوە وەری گرتوون، فەرەج فۆدە، دەگاتە ئەوەی، هەمیشە دەوڵەتی ئیسلامی بە زیان بۆ ئایینی ئیسلام گەڕاوەتەوە.

فەرەج فۆدە لە مێژووی ئیسلامدا، تەنیا عومەری کوڕی خەتتاب هەم بە پیاوێکی ئایینداری سەرکەوتوو دەزانێت و هەم بە فەرمانڕەوایەکی لێهاتوو، ئەوەتا دەڵێت: (عومەر هەر بە ڕووکەش سەرنجی دەقی نەداوە، بەڵکوو بۆ لێکدانەوەی، عەقڵی بەگەڕ خستووە و هەمیشە ئەوەی لەبەر چاو بووە کە ئامانجی دەق، چەسپاندنی دادپەروەرییە، بۆیە لە پێناوی دادپەروەریدا لە دەق لای داوە، بەڵام لە پێناوی دەقدا، دادپەروەریی فەرامۆش نەکردووە.) وەک نموونە، سزای دەستبڕینەوەی بەسەر دزی نەداردا نەسەپاندووە، هەرچەندە لە دەقی قورئاندا هاتووە، هاوسەرگیریی سەفەریشی قەدەغە کردووە، هەرچەندە سەردەمی پایەمبەر ڕێگەپێدراو بووە.

فەرەج فۆدە لەو کتێبەیدا کە ناوی لێ ناوە: (گوتوبێژ لەبارەی سیکولاریزمەوە،) دەڵێت: (ئەوە هەڵەیە میللەت سەرپشک بکەین لە نێوان موسڵمانبوون یان عەلمانیبووندا، وەک ئەو دووانە، دوو لای ناکۆک بن و موسوڵمان نەتوانێت عەلمانی بێت و سیکولاریست نەتوانێت موسوڵمان بێت.) عەلمانیبوون لای فەرەج فۆدە، جیاکردنەوەی ئایینە لە سیاسەت، نەک جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، چونکە ئەوە دەوڵەتە سەرپەرشتیی دەزگە ئایینییەکان دەکات، گوتنەوەی دەرسی ئایین لە خوێندنگەکاندا ڕێک دەخات و بایەخ بە جەژن و بۆنە ئایینییەکان دەدات. هەروەها دەڵێت: (عەلمانیبوون جیاکردنەوەی ئایین نییە لە کۆمەڵ، چونکە ئایین بۆ کۆمەڵ پێویستە و بەشێکە لە  ویژدانی خەڵک.)

فەرەج فۆدە دەنووسێت: (دەوڵەتی ئیسلامی لە خۆی وایە، خاوەنی هەققی ئیلاهییە، بۆیە بڕوای بە یاسا و دەستووری لەلایەن ئینسانەوە نووسراو نییە. دەوڵەتی ئیسلامی بڕوای بە هەبوونی دوو حیزب هەیە: حیزبی خوا و حیزبی شەیتان کە هەموو حیزبێکی جیاواز دەگرێتەوە، با ئەندامانی موسوڵمانیش بن، ئاخر ئەوی سەر بەو حیزبە نەبێت کە دەوڵەتی ئیسلامی بە حیزبی خوای هەژمار دەکات، ئەوا یەکێکە لە بەدکارانی سەر زەمین.) فەرەج فۆدە داوای ئەوەی دەکرد، مزگەوت تایبەت بێت بەوەی لە پێناویدا ڕۆ نراوە، واتا خواپەرستی و مۆچیاریی چاک. ئەو دەیگوت: (با پیاوانی ئایین باسی ئایین و سیاسەتکارانیش باسی سیاسەت بکەن، ئەوە جۆرێکە لە تۆقاندن و تیرۆر، ئەگەر پیاوانی ئایین دروشمی سیاسی بەرز بکەنەوە، وەک چۆن نابێت سیاسەتکارانیش، بەد سوود لە ئایین وەربگرن.)

فەرەج فۆدە دەیگوت: (عەلمانیبوون بۆیە بۆ خۆرئاوا پێویستبوو، چونکە فەرمانڕەوا بە کۆمەک و لەسایەی کەنیسەدا ستەمی لە خەڵک دەکرد، بۆیە بۆ خۆرهەڵاتیش پێویستبوو، چونکە خەلیفە بە ناوی ئیسلامەوە زوڵمی لە میللەت دەکرد.) لای ئەو دیموکراسی ئەوە نییە، زۆربە دەست لە دەسەڵات گیر بکات و مافی کەمینە فەرامۆش بکات، ئەوەیش نییە، ئەم بیروڕای خۆی بە ئازادی دەرببرێت و بەس، بەڵکوو دیموکراسی ئەوەیە، ئەوی جیاوازیش ئازاد بێت لە دەربڕینی بیروڕای خۆی، بێ ئەوەی کەسیان بیروڕای خۆی بەسەر ئەوی دیکەدا بسەپێنێت.

دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لای فەرەج فۆدە، کاتێک دێتە ئاراوە، (ڕژێمی فەرمانڕەوا لەسەر ئەوە سوور بێت، بڕیارە ئابوورییەکان لە بەرژەوندیی زۆربەدا بن، بە لەبەرچاو گرتنی لایەنی کەمی بازاڕی ئازاد.) فەرەج فۆدە، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بە ئاسایشی نەتەوەیییەوە دەبەستێتەوە و دەڵێت: (دەترسم دووچاری کارەساتی شەڕی براکۆژی ببین، شەڕی نێوان هەرە دەوڵەمەندەکان و هەرە هەژارەکان، شەڕێک مەگەر خودا بۆ خۆی بزانێت بە کوێ دەگات.) بۆیە لای فۆدە، داکۆکیکردن لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، لە دژی دەوڵەمەندان نییە، لە قازانجیانە. ڕاستییەکی تاڵ ئەوەیە، زۆربەی دەوڵەمەندان دەرک بەوە ناکەن، هەژاران مافیان لە سامانی ئەواندا هەیە و دەبێت دەوڵەت لە ڕێی باجەوە ئەو مافەی هەژارانیان لێ بستێنێت، ئەگەرنا هاوکێشەکە تێک دەچێت، دەوڵەمەندان دەوڵەمەندتر و هەژاران هەژارتر دەبن و ئیدی هاووڵاتییانی ناڕازی دەوڵەت بە هی خۆیان نازانن، لێی یاخی دەبن، ئەوسا  هەژاران هیچیان نییە لە کیسیان بچێت و گۆزەکە لە سەری دەوڵەمەنداندا دەشکێت.

فەرەج فۆدە وای بۆ دەچێت، لێبوردەیی و دڵفراوانیی ئایینی، (تێگەییشتنێک یان هەڵسوکەوتێکی شارستانییە زیاتر وەک لەوەی زادەی ئایین بێت. بەگوێرەی تەورات، جوو گەلێکن دەسکەگوڵی خودا، ئەمەیش بەو مانایە دێت کە خۆیان لە گەلانی دیکە پێ باڵاترە. ئینجیل پڕە لە سەرکۆنە و ڕەخنەی توند لە جووەکان و بەگوێرەی قورئانیش، ئەوە کوفرە مەسیح بە کوڕی خوا لە قەڵەم بدرێت.) چەند ماوەیەکی کورتی لێ دەربچێت، ئیدی نزیکەی هەمیشە، دەوڵەتی ئایینی بەرانبەر (کافران) لێبوردە نەبووە و چەوساندنەوەی غەیرە موسوڵمان درێژەی هەبووە، مەگەر ئیللا بڕی زەبروزەنگ بەرانبەریان ناوبەناو کەمتر بووبێتەوە.

فەرەج فۆدە دەنووسێت: (کە سادات داوا لە پاپا شنوودەی سێیەم (١٩٢٣ - ٢٠١٢) دەکات، ناوی هەندێک قیبتی پێ بڵێت، تا بیانکاتە ئەندامی ئەنجوومەنی شوورا، ئەو بە سەرۆک دەڵێت: لای من جیاوازیی لەنێوان موسوڵمان و کریستیاندا نییە، تەنیا ئەوەم دەوێت، ئەندامانی شوورا داکۆکی لە مافەکانی ئینسان بکەن، بڕوایان بە دادپەروەری و یەکسانی هەبێت و بە هەمان چاو سەیری خەڵکی نیشتمان بکەن، بەچاوپۆشین لەوەی هاووڵاتییان بڕوایان بە کام ئایین هەیە.) کێشەکە ئەوەیە، بە لای دەوڵەتی ئایینییەوە، دین پێش هاووڵاتیبوون دێت و تەنانەت جیاوازیی لە نێوان خەڵکانی سەر بە هەمان ئایینیشدا، بەگوێرەی مەزهەبیان دەکرێت، بۆیە سەرهەڵدانی دیموکراسی و دادپەروەری، بە لێک جیاکردنەوەی سیاسەت و ئایینەوە بەندە.

شەریعەتی ئیسلام بڕوای بە سزادانی جەستەیی هەیە، ئیدی هەر لە بڕینەوەی دەستی دزەوە، تا ئەوەی مێرد مافی ئەوەی هەیە لە ژنی بدات، ئەمەیش لەگەڵ جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤدا ناکۆکە. بەگوێرەی شەرعی ئیسلام، ئەو موسوڵمانەی لە ئایینی خۆی هەڵبگەڕێتەوە، خوێنی حەلاڵە، ئەمەیش دژ بە ئازادیی ویژدان و بیروباوەڕە کە یەکێکە لە مافە بنچینەیییەکانی ئینسان. (ئیسلام ئایینی دەوڵەتە،) ئەم دەقە، هەر لەسۆنگەی ئەوەوە لە دەستووردا نەهاتووە کە زۆربە موسوڵمانن، بۆ ئەوەیشە کە دەستوور لەبەر ڕۆشناییی ئایینی زاڵدا بنووسرێتەوە، ئەمەیشیان بە دژی یەکسانی دەشکێتەوە، با گەل شوێنکەوتووی تاقە ئایینێکیش بێت، ئاخر پێشێلکردنی مافی ئەو خەڵکەی لێ دەکەوێتەوە کە بڕوایان بە هیچ ئایینێک نییە.

ئەگەر خۆمان بە هەڵەدا نەبەین، زۆر ئاسانە لەوە بگەین، هیچ نەخۆشییەکی سەردەمی نوێ، بە دەرمانی سەردەمی کۆن، چارەسەر ناکرێت. چونکە لە وڵاتانی ئیسلامیدا، گەلان هێشتا لە سەردەمی پێش ڕێنیسانسدا دەژین، هێشتا ناوکەداوی نێوان واقیع و زەمەنی پیرۆز نەپساوە و دابڕان ڕووی نەداوە، بۆیە ئەوە چاوەڕوانکراوە لەناکاو بزووتنەوەیەکی بەهێزی توندڕۆی ئیسلامی سەرهەڵبدات و ئەم یان ئەو ناوچە بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە. ئیسلامیش وەک هەر پەیامێکی پیرۆزی دیکە، دوو خوێندنەوە هەڵدەگرێت، خوێندنەوەیەکی ئیخوان ئاسا کە وەک خوێن و شمشێر دەیبینێت و خوێندنەوەیەکی ئینساندۆستانەی هاوچەرخ کە وەک بانگی لێبوردەیی و پشتکردنە زەبروزەنگ، دەیناسێنێت.

فەرج فۆدە دەنووسێت: (ڕەتکردنەوەی عەلمانیبوون، زادەی نەشارەزایییە دەربارەی شارستانیی نوێ، کافراندنی عەلمانییەکان، تێنەگەییشتنە لە عەلمانیبوون، بانگەشەکردن بۆ دەوڵەتی ئایینی، حاڵینەبوونە لە مافەکانی ئینسان، هەوڵدانیش بۆ گەڕانەوەی حوکمی خەلیفە، دەرکنەکردنە بە مێژوو.) فەرەج فۆدە پێی وایە، بەهۆی بەرنامەی خراپی خوێندنەوە، نەوەیەک سەرهەڵدەدات، نە عەقڵ بەگەڕ دەخات و نە ڕێز لە شارستانیی ئینسانی دەگرێت، تا ئەو بەرنامە نالۆگیکییە نەگۆڕدرێت بە بەرنامەیەکی پشت بە لۆگیک بەستووی ئینساندۆست، میسر هەر گیرۆدەی دەستی تیرۆر دەبێت. ئەو دەڵێت: (ئەرکێکی مێژوویی و سەرەکیمان لەسەر شانە، ئەویش خەباتکردنە بۆ سەرهەڵدانی ئەتمۆسفیرێکی فیکریی چاکتر لەوەی هەیە، ئەوەیش نایەتە دی، ئەگەر بوێرانە و بە ڕاشکاوی بە گژ تیرۆردا نەچینەوە.)

فەرەج فۆدە دەڵێت: (ڕۆڵی من وەک نووسەرێک، گەیاندنی پەیامی ڕۆشنگەرییە. بەلامەوە گرنگ نییە، ئەگەر من بە تەنیا لە لایەک بم و کۆمەڵیش لە لایەکی دیکە، بەوە خەمبار نابم شمشێر بە ڕوومدا هەڵبکێشن، ئەوەیش نائومێدم ناکات ئەگەر ئەوانەی بڕوایان بە قسەکانم هەیە، ناپاکیم لێ بکەن، بەڵام منێک کە ڕووی دەمم لە خەڵکی خاوەن ڕایە، نەک خاوەن سەرمایە، ئەوە بێزارم دەکات، پەیامەکەم نەگاتە جێی خۆی.) ئەو لەمێژبوو، پێشبینیی مەرگی خۆی کردبوو، ئەها نووسیویەتی: (مردنم پێ باشترە لەوەی مل بۆ لۆگیکێکی گێلانە کەچ بکەم. لەپێناوی یەکڕیزیی نیشتماندا بمرم، لەوە باشترە لە وڵاتێکی لەتوپەتکراودا بژیم. قوربانیدان بە ساڵەکانی پاشماوەی تەمەنم باشترە، لە قایلبوون بە گەڕانەوەی سەردەمی شارستانیی حوشتر.)

کە بە ئاسناسیوس (٢٩٨ – ٣٧٣)ی گەورەقەشەی ئەسکەندەرییە دەڵێن: پاشگەز بەوە، دونیا دژی تۆیە، دەڵێت: منیش دژی دونیام، فەرەج فۆدەیش، سوکرات و ئاسناسیوسی سەردەمی خۆی بوو. دوژمنەکانی فەرەج فۆدە ئەوەندە جاهیل بوون، وەک لە ڕۆژنامەی (ئەلنوور ١٩/١١/١٩٨٦)ی ئیسلامیدا نووسیبوویان، خەباتیان لەپێناوی قەدەغەکردنی تەوالێتی خۆرئاواییدا دەکرد، بە پاساوی ئەوەی، مەترسیی بۆ سەر ساغلەمی و بۆ سەر شەرع هەیە. ناحەزەکانی هێندە نەفام بوون، داوای ئەوەیان دەکرد، ژنان شیر بە پیاوان بدەن، بۆ ئەوەی لە نامەحرەمەوە بیانکەن بە مەحرەم و ئیدی شەیتان نەکەوێتە نێوان ئەو ژن و پیاوانەوە کە پێکەوە لە جێیەکدا کار دەکەن.

ئیسلامییەکان چونکە ئەو توانا فیکرییەی فەرەج فۆدەیان نەبوو، بەردەوام درۆیان بۆ هەڵدەبەست، بۆ نموونە دەیانگوت: زانیارییە دیرۆکییەکانی لە (هەزار و یەک شەوە)وە دەهێنێت. یان: ململانێی نێوان عەرەب و ئیسرائیل بە ڕەوا نازانێت، شەهیدانی ئێمە بە کوژراو و کوژراوانی جوو بە شەهید لە قەڵەم دەدات، هەرچەندە برایەکی لەو ململانێیەدا گیانی بەخشیبوو. کە فەرەج فۆدە باسی ئەوەی دەکرد، حەڵاڵ ڕێژەیییە و بە گۆڕانی کۆمەڵ، گٶڕانی بەسەردا دێت، کە دەیگوت: سەردەمی کۆیلایەتی، کەنیزەک، مارەکردنی کچۆڵەی کەمتەمەن و خواردنەوەی میزی حوشتر بەسەر چووە، ئەوان ئەوق دەبوون و تۆمەتیان بۆ دەهۆنییەوە.

فەرج فۆدە بەدەم گیانەڵڵاوە دەڵێت: (خوا دەزانێت، هەموو هەوڵی من لە پێناوی بەرژەوەندیی نیشتمانەکەمدا بووە.) بکوژەکەی ددان بەوەدا دەنێت کە لەبەر ڕۆشنایی فەتوای دۆکتۆر عومەر عەبدولڕەحمانی موفتیی (کۆمەڵی ئیسلامی)دا کوشتوویەتی. کە لێی دەپرسن، بۆچی کوشتنەکەیت خستە ٨ی یۆنیۆی ١٩٩٢ەوە، کە ڕێکەوتی بەر لە جەژنی قوربان بوو؟ دەڵێت: تا دڵی کەسوکارەکەی زیاتر بسووتێنم. ڕێبەری ئیخوان کە ئەوسا مەئموون ئەلهەزیبی دەبێت، بەگەرمی پێشوازیی لە کوشتنی فەرەج فۆدە دەکات. د. عەبدولغەففار عەزیز، سەرۆکی کۆڕبەندی زانایانی ئەزهەریش، تاوانی تیرۆرکردنەکە، دەخاتە ئەستۆی قوربانییەکە و خۆشحاڵیی خۆی بە ئاشکرا لە دووتوێی کتیبێکدا، کە ناوی نابوو: کێ فەرەج فۆدەی کوشت؟ دەردەبڕێت. عەلی سالم لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی میسردا، میسرییەک خۆشحاڵیی خۆی بە کوشتنی ئینسانێک، لە کتێبدا دەرببرێت!

شێخ موحەممەد ئەلغەزالی (١٩١٧ - ١٩٩٦)  کە (لیخنبیر)ێکی سەر بە ئیخوان بوو، وەک شاهیدێکی خۆبەخش لە دادگەدا دەڵێت: فەرەج فۆدە لە دین وەرگەڕابوو، کوشتنی حەڵاڵ بوو، کە دەسەڵات ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکرد و نەیکوشت، دەبێت سوپاسگوزاری ئەو گەنجانە بێت، ئەو ئەرکەیان خستە ئەستۆی خۆیان و نابێت بکوژەکانی ئەو لەدینوەرگەڕاوە  سزا بدرێن. هەر عەبدولشافی ڕەمەزان لەسەر تیرۆکردنی فەرەج فۆدە ئیعدام کرا، بەشداربووەکانی تر کە زۆر بوون، یەک لە دوای یەک ئازاد کران. دوا کەسیان کە لە زینداندا مابووەوە، ئەبولعەلا موحەممەد بوو کە زۆر جار لە تیڤییەوە گوتبووی: لە کوشتنی فەرەج فۆدە پەشیمان نیم، چونکە کافربوو، ئەویش ٢٠١٣ لە سەردەمی (موحممەد مورسی)دا ئازاد کرا.

برا بچووکەکەی لە جەنگی حوزەیرانی ١٩٦٧دا، گیانی لە پێناوی خاکی میسردا دەبەخشێت، خۆیشی دەبێت بە قوربانی یەکێتی و ئایندەی میسر. فەرەج فۆدە دەیگوت: (ئەی میسر خوا دەزانێت، خۆشەویستیم بۆ تۆ سنوور ناناسێت، تا دوا تنۆک لە خوێنم هەر عاشقی تۆ دەبم، بە هەموو بوونمەوە لە میحرابی عیشقی تۆدا، خەریکی عیبادەت دەبم و لە پێناوی بە یەکگرتووییی مانەوەی تۆدا، گیانم دەکەم بە قوربانی.) فەرەج فۆدە بە مەنتیق شەڕی تیرۆریستانی دەکرد، بەڵام ئەوان بە مەنجەنیق بەرەو ڕووی دەبوونەوە.

*

(١) فودة، د. فرج، الحقيقة الغائبة، دار الفكر ١٩٨٤ باريس.

(٢) فودة، د. فرج، حوار حول العلمانية، المحروسة، الطبعة الثانیة ١٩٩٣القاهرة.

(٣) فودة، د. فرج، الإرهاب، دار مصر الجديدة ١٩٨٨ القاهرة.

(٤) فودة، د. فرج، زواج المتعة، دار مصر الجديدة ١٩٩٠ القاهرة.

(٥) فودة، د. فرج، قبل السقوط، دار مصر الجديدة ١٩٨٤ القاهرة.

(٦) فودة، د. فرج، من ویکیبیدیا، الموسوعة الحرة.

(٧) أیمن رمزی نخلة، في ذکری إغتیال فرج فودە ٨/٦/٢٠٠٨ إیلاف.

(٨) هاشم صالح، جاک بیرک وإسلام التقدم ١٣ یونیو ٢٠١٤ الشرق الأوسط، لندن.

(*) والی لە مەککە، مەدینە، تائیف و بەغدا، سەردەمی خەلیفە عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان.

 

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا