شانۆنامە
بەشی(٤٢)
کاتی ئەوە نییە تڕۆتسکی قسە بە گیڤارا بڵێت.
ئاری: سەروین تۆ پێم بڵێ چۆن جارێکیتر گەڕایتەوە ژیان ! ئەی تۆ نەکوژرایت؟
سەروین: ئەی من نەمگوت: ڕۆحێکم بخنکێنن، لە هەزار ڕۆحی تر دێمەوە؟ ئاری من پشیلەی حەوت ڕۆحم حەوت ڕۆح!
ئاری: سەیرە! سەروین دیارە تۆ باوەڕت بە دۆنادون نییە؟
ئاری: نەخێر.
سەروین :دەی کەواتە هیچ.
ئاری: باش.
سەروین: بۆچی سەیرە؟ کاکە من هاتووم پڕۆژە تەواونەبووەکەم لە گەڕێکی تردا دەست پێبکەمەوە و ئەو شەڕ و ڕوبەڕوبوونەوەیەم لەگەڵ خێڵ و خەنجەر و ئاغا و نەریت و سمێڵ تەواوبکەم. پڕۆژە گاڵتەجاڕ و تەواو نەبووەکەی ئێوە ناڵێم.
ئاری: کامە هی ئێمە؟
سەروین: ئەوەی کاکە یۆرگن هابرماس. مەبەستم ئەو قسە قوڕەی کە دەڵێت مۆدێڕنێتە پڕۆژەیەکە و تەواو نەبووە !
ئاری: ئەها، ئێ خۆ ڕاست دەکات.
سەروین: دەی هەڤال، با دووبارە نەگەڕێینەوە نێو ئەو جەدەلە بیزەنتییە بێتامهی نێوان: مۆدێڕنە-پۆست مۆدێڕنە.
ئاری: زۆر ڕاستە.
سەروین: ئاری ئێمە شەڕێکی زۆر گەورەترمان له پێشە. شەڕی خێڵ و نەریت و سمێڵ، شەڕی ئاغاوات و کلاوات و فێندەمێنتالییەتی دینی.
ئارای: ڕاستە دادەی گوڵ. ئێمە دەبێت هەوڵدەین هێز ووزەی خۆمان لە شتی لاوەکی وەک مۆدێڕنێتە حەقە و پۆست مۆدێڕنێتە ناحەقە بەهەدەر نەدەین.
سەروین: زۆر ڕاستە هەڤال ئاری، ئێمه دەبێ مۆدێڕنەکان و پۆست مۆدێڕەکان، ئیتر جیاوازییە فیکری و جوزئیاتییەکانی نێوانمان تێپەڕێنین.
سەروین: کێ بە قەد منی سوریالیست و پووچگەرا دژایەتی مۆدێڕنێتەی کرد و جوێنی بە چەمکی ڕۆشنگەری دا.
چیم بە چی کرد؟ جگە لە دڵخۆشکردنی ناحەزانی ئەقڵانییەت و مۆدێڕنێتە و پۆست مۆدێڕنێتە. لە بەرەی کوێخا و خەنجەر و خێڵ نەریتگەرایان و کۆنخوازانە و فێندەمێتالیستەکان.
ئاری ئێمە لە شەڕی مان و نەمانین لەگەڵ هێزێکی تاریکپەرستی زۆر زەبەڵاح. هێزێک، یەک دنیا هێزی دواکەوتوو خۆیان لێکداوە لە دژی ئێمەی بەرەی مۆدێڕنەکان و پۆست مۆدێڕنەکان.
ئاری هەرچی خیلاف و ناکۆکییەکیشیمان لە نێواندا هەبێت،
کاتی ئەوە نییە هۆنیس جوێن بە نیچە بدات و تڕۆتسکی قسە بە گیڤارا بڵێت و مارکس هێگڵ زەڕبی سفر بکات و بڵێت دیالیکتیکەکەی لەسەر سەر بوو و من خستمەوە سەرپێ و بوونگەراکان مرۆڤ پێش ماهییەتی بخەن و دیکارت بڵێ هەرکەسێک نەڵێت من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم، ئەوە حیسابی جڕتێکیشی بۆ ناکەم و جاک درێدا جڕت بۆ قوتابخانەی فڕانکفۆڕت لێبدات و کاکە سلڤادۆردالی سمێڵ حیز، بکێشێت بە قنی دادە سیمۆن دیبۆڤواری.
دەی وەک چۆن ئەوان هەرچی نەریت و ئاغا و دەرەبەگ و کاهین و پیاوانی ئایینی و هێزی فێندەمێنتالیست و خەنجەر و خێڵ و سمێڵە لە دژی بەرەی ئەقڵانییەت، یەکیان گرتووە و بە هێزی قەفەس، شەری لۆژیک و ئازادی و ژن و ژیان دەکەن. با ئێمەش هەرچی دادایزم و سوریالیزم و مۆدێڕنێتە و پۆست مۆدێڕێتە و جەماعەتی هێرمۆنتیکا و تەفکیکگەراکان و کێ و کێی ترە، یەکتری بگرین و بە چەکی ڕووناکی، شەڕی تاریکی و بت و جەهالەت و خوڕافەپەرستان بکەین.
ئاری: زۆر ڕاستە هەڤال سەروین.
لەگەڵ دەنگی چەپڵەی ئامادەبووانی هۆڵەکە، پەردەکە دادەرێتەوە.