بازاڕی سیستەمی سەرمایەداری، لەبێ ئەخلاقی و شەڕ و ئاژاوەدایه!
دواتر هەر ئەمریکا بێ ئەخڵاقەبوو، گرووپە ئیسلامییه تیرۆرستەکانی لە نموونە قاعیدەی بۆ دژایەتیکردنی یەکێتی سۆڤێت لە ئەفگانستان بەهێزکردن و پاڵپشتی مادی و لۆجستی و سەربازی و چی و چی دەکردن.
ئەمریکا لەبەرامبەر سەدام و بەعس، بێ دەنگی کرد لەو هەموو تاوانی کیمباران و ئەنفال کۆکوژی و وێرانکردنەی کورد.
تا بەرژەوەندی لەگەڵ بەعس تێکنەچوو، خەتی ٣٦شەش و پاڵپشتی بۆ کورد، تەنها لە ئاستی هیچ و بێدەنگی و دوو ڕوویدابوو.
ڕۆڵەکەم ئەمریکا، لە ئێرانی سەردەمی شا، لە دژی شیوعییەت( حزبی تودەی)، شیعە و خومەینی هێنا سەرحوکوم.
ئەو قاعیدە و توندڕۆیی ئیسلامی و شیعە و خومەینیەی، کە ئێستا وا کورد و هەموو مرۆڤایەتی و جیهانی و ئەمریکا خۆشی باجەکەی دەدات.
پاشان ڕۆڵەکەم، دیارە تۆ هێشتا ئەمریکات نەناسیوە.
ئەمریکا بۆ کەس ماڵ نییە، کتێبێک هەیه بەناوی(چۆن ئەمەریكا ھاوڕێكانی دەفرۆشێت ؟! ....)
بیخوێنەوە و لەوێ باس لەوەدەکات کە چۆن ئەمەریكا ھاوڕێكانی دەفرۆشێت ؟! ....
گەشتێکی بەسەرکردنەوە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی ژیانی کومەڵێک سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانە، ئەو سەرۆک و سەرکردانەی کە ڕۆژگارێک دۆست و هاوپەیمان و دۆستی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بوون، ڕۆژانێک دڵسۆز و هاوڕێی ئەو وڵاتەبوون، وەلێ لەپڕ دۆستایەتییەکە نامێنێت و دانە دانە، لەسەرکورسی حکومڕانی دەیانهێنێتەخوار و پشتیان تێدەکات و دژایەتییان دەکات.
ئەمریکا، سیاسەتێکی پراگماتییانەی نا ئەخلاقی پێڕەو دەکات. سیاسەتێک (نە دۆستایەتی تاسەر و نەیش وەفای تێدایە).سیاسەتێک لەپڕ دەگۆڕێت ! بەشەو ڕۆژێک لەبەڵێنەکانی پەشیمان دەبێتەوە، بە چاو تروکانێک جێت دێڵێت. لەپێناو قازانجی بەرمیلە نەوتێکی ڕەش، میلۆنێک بەرمیل خوێنی سور دەبەخشێت. لەسەر حیسابی گەلێک، پشتی دیکتاتۆرێک دەگرێت. ئەمڕۆ پشتیوانی تیرۆردەکات و بەیانی لەگەڵی دەکەوێتە جەنگ. مۆرێکی تیرۆری لایەو بە کاهی دڵی خۆی و بە پێی میزاج و بەرژەوەندی خۆی، کێی بەدڵدا نەچوو، دەدات لەتەوێڵیدا. کێ بە میزاجی ئەو نەجوڵایەوە و کاری بۆ ئەو نەکرد، دەیخاتە لیستی تیرۆرەوە. تیرۆرستێک وەکو موجاهید و شۆڕشگێڕێکیش بە تیرۆرست دەناسێنێت. لێره دروشمی دیموکراسی بەزکردووەتەوە و لەوڵا پشتگیری دیکتاتۆر دەکات !
کافربابەی ڕبەیەکی پێیە و بە کەیفی خۆی ئیمانی خەڵک دەپێوێت و پسوولەی چونە بەهەشت و دۆزەخ دابەشدەکات و ئەم لەسەر کورسی دادەنێت و ئەو دێنێتەخوار و ئەو دەکات بە کۆتری ئاشتی و ئەوەکەیتر بە گورگێکی دڕندە. سیاسەتێکی تەواو دەبڵ مۆڕاڵانە و فاشیستانە، ئەوەی لەگەڵی دا نەبێت، دوژمنیەتی، ئەوەی دۆستی دوژمنەکەیشی بێت ،هەر دوژمنیەتی، هەر دەوڵەتێک نەچێتە بەرەکەی ئەوەوە، هەوڵی ڕوخاندن و لەناوبردنی دەدات. هەوڵی نابوتکردن و شێواندنی دەدات.
هەر بلۆکێکیتری سیاسی- تەکنەلۆجی- ئابوری-سەربازی جیهانی بەهێز دروست بێت، بە مەترسی دادەنێت بۆ سەر هەژموون و بەرژەوندییەکانی خۆی و دژایەتی دەکات و هەوڵی بە دێوەزمەکردن و ناشیرینکردنی دەدات. گیڤارا دەکات بە خوێن ڕێژ و حەججاج بە قارەمان ! کابرا گەر بەیانی دۆستی بێت و بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت مەهاتما گاندییە، ئێوارە لێی یاخی بێت، ئیتر زەرقاوییە. کاتژمێرێک دایکە ترێزا و کاتژمێرەکەیتر ژنەکەی بەغدادیت. دوێنی هیتلەر و سبەی نیلسۆن ماندێلایت.
ئەمڕۆ دەتخاتە بۆتەی ڕاسیزم و لیستی تیرۆرەوە و بەیانی خەڵاتی نۆبڵ ئاشتیت پێدەبەخشێت و وێنەکانت لەسەر بەرگی گۆڤاری(تایم) بڵاودەکاتەوە.
جا بەو شێوەیە پیشاندەدات و وێنەت دەکێشێت، وەکو ئەوەی خۆی دەیەوێت. بۆیە دڵخۆش مەبە کە دوێنی لەسەر بەرگی گۆڤارەکە، لە بەرگی فریشتەیەکدابوویت ! لەوانەیە تۆ بێ ئاگا و هێشتا لە پڕمەی خەودایت و وەکو ئەهریمەنێک وێنەکەت دابەزێنن و پیشانی جیهانی بدەن !
ئەوەیە لۆژیکی سیاسەتی ئەمریکا. ئەو لۆژیکەی مێژوویەکی دێرین و دوور و درێژ و ئەزموونێکی دەوڵەمەندی هەیه، لەگەڵ ناپاکی و غەدر و پشتێکردنی دۆستەکانی.
لۆژیکێک، چاوپۆشی لەکەس ناکات و کەسی لێ بەدەرنییە و هەموان لەبەرامبەریدا یەکسانن. تاکه پێوەر لای ئەو لۆژیکە، تەنها بەرژەوەندییە. لۆژیکێک خاڵی لە ویژدان، خاڵی لە مۆڕاڵ و تاسەمۆخی یەسقان نائەخلاقییە. لۆژیکێک پێمان دەڵێت کە هەرگیز، ئەمریکا پیاوی پشت پێ بەستن و هاوڕێی ڕۆژانی تەنگانە و فریاکەوتن و جێگای متمانە و باوەڕی نییە. ئەمریکا خاوەنی ئەو لۆژیکە سیاسییەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو ڕژێم و حوکومەتەکان. لە هەموو سەردەم و ڕۆژگارەکان. بۆیە نابێت ئەو پشتی پێببەسترێت و بکرێت بە جێگای متمانە. چونکو لەو لۆژیکە پراگماتی و بەرژەوەندی پەرست و نەرسسیە، شتێک نییە بەناوی پڕەنسیپ، بەها، ئەخڵاق، مرۆڤایەتی و دۆستایەتی،.
تۆ دنیای بۆ وێران کە، هاوپەیمانی بە، هاوەڵی گیانی بە گیانی و دۆستی ستراتیژی بە، لەپڕ پشتت تێدەکات و بە دوو بەرمیل نەوتی خاو، لە بازاڕی بەرژەوەندییەکانی، بازاڕی بێ مرەوتی و نەرجسیەت و بێ ویژدانی، زۆر هەرزان دەتفرۆشێت.
لۆژیکێک هەرگیز، لە خەمی ئەویتردا نییە. کۆمەڵێک دروشمی درۆینە و بۆشی وەکو دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ڕوخاندنی دیکتاتۆر و ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆرو جەنگی تیرۆرو هێنانی دادپەروەری وچی و چی بەرزکردووەتەوە، کە هەمووی تەنها دروشمگەڵێکی بەتاڵە و بۆ فریودانە. پاساوی هاتنیەتی بۆ ئەو شوێنەی خۆی دەیەوێت و ڕەوایەتی دانە بەو هاتنەی. گەرنا لە حەقیقەتدا ئەو نە لەخەمی ئاشتی و ئازادی و پێکەوە ژیان و پاراستی مافی و مرۆڤ و گیانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکانە، نەیش لە خەمی بە دیموکراتیزەکردنی وڵاتانی نادیموکراتی و لابردنی دیکتاتۆرەکانە.
ئەو هەموان وەکو بوکەڵە و گەمەیەک، بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردێنێت.
تا کاری پێیانە، ئیتر کە کارنەما، بەرژەوەندی کۆتایی پێ هات، شاپێکت تێهەڵدەدات و پێت دەڵێ ماڵئاوا و پشتت تێدەکات. جا باباشترین دۆست و دڵسۆزترین هاوڕێی بووبیت، ئەوە بۆ ئەو هیچ گرنگ نییە، گرنگ سەلامەتی بەرژەوەندییەکانییەتی. بەو شێوەیە لە ناخۆشترین کات و تراژیدیترین چرکەساتدا، لەناو دەمی ئەژدەها و کەڵبەی گورگەکان بێ خاوەن و بەبێ نازی جێت دێڵێت و هەموو بەڵێنەکان دەشکێنێت و پڕۆتۆکۆڵەکان دەخاتە ژێر پێ و پەیماننامەکان دەدڕێنێت و لە وەعدو وعودەکانی پەشیمان و پاشگەزدەبێتەوە !
بەپێی ئەو لۆژیکە نەگۆڕ و جێگیرە سیاسییەی ئەمریکا"نە هیچ هاوڕێیەتییەک تاسەردەمێنێت و نە هیچ وەفایەکیش بەردەوام دەبێت" بۆیە پەند وەرگرن لەوانەی پێشەخۆتان و بزانن ئەمریکا مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ ناپاکی کردن لە دۆستەکان و فرۆشتنی هاوڕێ و هاوپەیمانەکاندا هەیە و پارادایم و نموونەکان گەڵێک زۆرن، کە نووسەر لە کتێبەکەی وەکو بەڵگە هێناویەتی و خستونییەتەڕوو.
ئەو هاوڕێیانەی ڕۆژگارێک پاسەوانێکی بەهێزی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتە زلهێزە بوون و ڕۆڵی دەزگایەکی پۆلیسی سەرکوتکار و تۆتالیتاریان دەبینی لە دژی هاووڵاتیانی خۆیان و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
بۆ ئەو وڵاتە گیانی خۆیان خستبوویە سەر دەست و گیرفان و خەزێنەی گشتی و ماڵی میلەتیشیان خستبوویە سەر پشت !
کەچی لەپڕ دیفاکتۆ و ئەمری واقیع گۆڕا، پێوەرەکان گۆڕان، کاری پێیان نەما، ئەلتەرناتیڤی باشتر هاتنە پێش، هەمووی و هەر یەکە و بە شێوەیەک، وەکو داشی دامە خستنی. یاخود جێی هێشتن. یان پشتی بەردان و لە کاتی تەنگانە و لێ قەوماندا فریایان نەکەوت و هیچی بۆ نەکردن ! بگرە ئامادەنەبووە لە کاتی لێقەوماندا پێشوازییان بکات و وەکو پەنابەرێکیش لە وڵاتەکەی خۆی وەرینەگرتوون !
لەوانە: (پەروێز موشەڕەف)ی سەرۆکی پاکستان. (محەمەد ڕەزاشای پەهلەوی) شای ئێران، سەرۆکی فلیپین(فردیناند مارکۆس)، و (مانوێل نۆربێگا)ی سەرۆکی پەنەما، سەرۆکە ئەنفالچی و دیکتاتۆرو کوردکوژەکەی عێراق(سەدام حوسێن)، و (سۆهارتۆ)ی سەرۆکی ئەدەنوسیا، (ئیدوارد شیفاردناردز)ی سەرۆکی جۆرجیا، (بینۆشە)ی دیکتاتۆری چیلی، (مۆبۆتۆس)ی سەرۆکی کۆنگۆ، (پاتیستا)ی سەرۆکی کوبا، خاتو(بی نەزیر بۆتۆ)ی تیرۆرکراوی سەرەک وەزیرانی پێشووی پاکستان، (جان ئەریستید)ی سەرۆکی هایتی، (عەسکەر ئاکاییف)ی حاکمی قیرقیستان..تاد.
دوایین نموونەیش ئەفگانستان بوو، کە چۆن ئەمریکا دووبارە لە ماوەیەکی زۆر کەم، لە شێوەی فیلمێکی سینەمایی تراژیدی و بە ئازار، جێی هێشتن و پشتی تێکردن و ڕادەستی گرووپێگی ئیسلامگەرای فێندەمێنتالیست و ڕادیکاڵی هاوشێوەی تاڵیبانی تیرۆرستی کردن !
ڕۆڵەکەم هەرگیز، نە ئەمریکا و نەهیچ هێزێکیتری دەرەکی گرنتی مانەوەی هیچ هێزێک و دەسەڵاتێک نییە تاسەر، بۆیە هەگیز نەکەن فریوبخۆن و هێندە سادە لەوح و خۆش باوەڕبن و ئەو دەوڵەتە بەرژوەندی پەرست و نەرسسە وەکو گرەنتی مانەوەتان لەدەسەڵات سەیربکەن و دڵی خۆتانی پێ خۆش بکەن. تاقە گرەنتی و مانەوەی هەر هێزێک و دەسەڵاتێک، تەنها و تەنها هێزی ناوەوە و گەلەکەیەتی، ئیرادەی خەڵک و گرەنتی خۆشگوزەرانی و دابینکردنی ژیانی مرۆڤەکانە. سەروەری یاسایە. جێبەجێکردنی عەدالەت و پێڕەویکردنە لەدیموکراسییەت، نەوەک ئەمریکا و هیچ هێزێکیتری دەرەکی.