*نووسەرێک : ڕێگا فێری ئەلفوبێ نووسینی کردم
*پێشمەرگەیەک: سەکۆێەک بۆ ئازادی ڕادەربڕین
*مامۆستایەکی ئاینی: خزمەتی کۆمەڵگەی کوردی دەکات
*خوێنەرێک: یەکێک لەڕاستگۆترین ڕۆژنامەکان
هاوڕێ کرێکار ـ ڕێگای کوردستان
مانگی نیسانی ئەمساڵ، 82 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەرچوونی هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان، زمانحاڵی حزبی شیوعیی کوردستان ، کە یەکەم ژمارەی لە نیسانی 1944 بەناوی ئازادی دەرچوو، تا ئێستا 1484 ژمارەی لێدەرچووە.
لەم ژمارەیەدا، بەشێک لەخوێنەران و نووسەران و کەسانی سەر بە توێژە جیاجیاکان باس لە هەفتەنامەکە دەکەن و پێشنیاری خۆیان بۆ زیاتر بەرەوپێچشوونی دەخەنە ڕوو.
«ڕیگای کوردستان دەستی گرتم و فێری ئەلفوبێی نووسین و خوێندنەوەی كردم «
دلێر کەریم، سەرپەرشتیاری پەروەردەی و نووسەر، دەڵێت:
یادی هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان بەرز دەنرخێنم، هەمیشە خۆم بە قەرزاری ڕێگا دەزانم، كە دەستی گرتین و فێری ئەلفوبێی نووسین و خوێندنەوەی كردین. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا كە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و كەناڵە ئاسمانییەكان، تەنگی بە ڕۆژنامە و هەفتەنامە و گۆڤارەكان هەڵماڵی و زۆربەیان لە دەرچوون وەستێنران، هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان و چەند دانە ڕۆژنامە و گۆڤارێك هەن بەردەوامن لە بڵاوكردنەوە.
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات : ڕێگا بە بەهێزی ماوەتەوە ڕەشەبای تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان نەیتوانی ڕەگەكەی وشك بكات و گەڵاكانی بە سەوزی ماونەتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باڵا دەكات، ئەوەی گرنگە ڕێگا لە بەرنامەی داهاتووی خۆیدا برەوی پێبدات، هاوشانی ڕێگای كوردستان، ماڵپەڕی ڕێگای كوردستان گرنگی زیاتر پێبدرێت، بە پێی پێویستی قۆناغەكە و لەگەڵ پێشكەوتنەكاندا هەنگاو بنێت، هەروەها گرنگی بە مەلەفی تایبەت بە كەسایەتی و بابەتە مێژووی و كۆمەڵایەتی و ئەدەبی و هونەرییەكان بدات.
لەبەردەوامی قسەکانیدا، دەشڵێت: گەرچی ڕێگای كوردستان، هەفتانەمەیەكی سیاسییە، ئەوەی بۆ خوێنەر گرنگە كەمترین بابەتی سیاسی تێدایە، هێندەی بابەتی ڕۆشنبیری و ئەدەبی تێدایە، خوێنەر ماندوو ناكات، زۆر بابەتی گرنگ لە ڕێگادا جێگەكراونەتەوە، ئەوانەی شەوان كەناڵە ئاسمانییەكان پێمان نابەخشن، تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان دەستیان پێی ناگات، ڕۆژنامەیەكی هەفتانەی وەك ڕێگای كوردستان، دەتوانێت چێژمان پێببەخشێت. هەموو ساڵێك لە یادی ڕێگادا، بیرم دێتەوە ڕۆژانێك چۆن چاوەڕوانی ژمارەی نوێی ڕێگا بووین، تا بزانین بابەتەكانمان بڵاو بووەتەوە یان نا، تا لە گەڵیدا هاتین و ئێستاش بۆی دەنووسین و دەیخوێنینەوە و بەدیار بابەت و نووسینەكانیەوە، خۆمان پێدەگەیەنین.
«بە یەکێک لە سەکۆ دێرین و ڕەسەنەکانی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەبینم «
ئەفسانە ئاڵەشین ژنە پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵاتە و هاوکات نووسەرە ، وتی : وەک پێشمەرگەیەکی نووسەر، ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان بە یەکێک لە سەکۆ دێرین و ڕەسەنەکانی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەبینم کە هەمیشە هەوڵیداوە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک و ئاوێنەی ئازار و ئاواتەکانی کۆمەڵگە بێت ئەم ڕۆژنامەیە تەنیا کاغەزێکی هەواڵگری نییە بەڵکو قوتابخانەیەکە بۆ پەروەردەکردنی چەندین نەوە لە نووسەر و ڕۆشنبیر کە توانیویەتی لەناو گۆڕانکارییە سەختەکاندا پارێزگاری لە زمان و ناسنامەی نەتەوەیی بکات.
وتیشی : پەیامم بۆ ستاف و بەڕێوەبەرانی ئەم دامەزراوەیە ئەوەیە کە بەردەوام بن لەسەر ئەو ڕێبازە نیشتمانییەی کە گرتوویانەتە بەر؛ داوایان لێدەکەم زیاتر بایەخ بە دەنگی ژنان گەنجان و ئەدیبانی شار و شارۆچکە جیاوازەکان بدەن و ڕێگە نەدەن ململانێکان ڕەنگی ڕاستی لە ڕۆژنامەکەدا ون بکەن هیوادارم ڕێگای کوردستان وەک هەمیشە بە شکۆوە بمێنێتەوە و ببێتە پردێک بۆ گەیاندنی وشەی کوردی بە ئاسۆیەکی گەشتر.
وتار و بابەتەکانی گرنگ و پڕ بایەخن وابەستە و پەیوەستە لەگەڵ داخوازی کۆمەڵگەی کوردیدا.
ئازاد شکور، نووسەرێکی ناسراوی کوردستانە و هەمان کات خوێنەرێکی بەردەوامی ڕێگای کوردستان ـ ەو ئاماژەی بەوەدا، ڕۆژنامەی ڕێگای کوردوستان، وەک یەکێک لەڕاستگۆترین ڕۆژنامەکان توانیویەتی لەماوەی چەند ساڵی کارکردنیدا زۆر ئاکاریانە و پڕۆفیشناڵیانە هەواڵ و کێماسیەکانی نێو جڤات بەجوانی ڕوماڵ و ئاڕاستە بکات، بەشوازێک خۆی بگونجێنێ کە پەیام و ناوەڕۆکی کردەکە بەگوێی لایەنی پەیوەندیداردا بچەپێنێت، کە ئارمانج و ستراتیژیش خستنەڕووی ڕاستیەکان و دۆزینەوەی چارەیە بۆ کۆی ئارێشە و گرفتە هەنوکەیی و خۆماڵییەکان، کە ئەمەش هاوتەباو کۆکە لەگەڵ ئەو بنەما و پێوەرانەی کە دەزگایی میدیایی لەسەر بنیاتنراوە، هاوکات بەبێ ئەوەی ئەو هەواڵانە هیچ بەرکەوتنێکی سیاسی یان جڤاتی لێبکەوێتەوە.
ئازاد، باسی لەوەشکرد، ئەم ڕۆژنامەیە و میدکارەکانیان هەست بە بەرپرسیاریەتیەکی گەورە دەکەن کاتێک ڕۆماڵی پرسێک یان وتارێک بڵادەبێتەوە بەتەواوی بە دەروازە و وێستگەی ویژداندا گوزەری کردووە، بەبێ ئەوەی پێوەری حیزبی و کینە و خۆ بە پاڵەوانکردن و نواندن بوونی هەبێت، خۆشبەختانە دەست بۆ کۆمەڵێک پرس و بابەت دەبەن کە تەواو گشتین و بەرژەوەندی هەمووان بەتەواوی لێکدەدرێتەوە، ئەم ڕۆژنامەیە پێچەوانەی دەزگا میدیایەکی سەردەمی جیهانی سەرمایەداری خۆیان ناخزێننە نێو کۆمەڵێک پرسی و کۆمەڵایەتی و خێزانی.
لەکۆتایی قسەکانیدا، وتی «ڕێگای کوردوستان» وەک سەرچاوەی یەکەمی هەواڵ تەماشا بکەین، چون خزمەتکردن و پیشاندانی ڕاستییەکان لەهەرە کارە لە پێشینەییەکانی ڕۆژنامەی ناوبراودایە، بۆیە خاڵی سەرکەوتن و وەرچەرخان و شانازی بەردەکەوێ لەنێو ئەو هەزاران ڕۆژنامانەی کە تەنها لە پێناو زۆرترین بینەر و چەند دراوێکدا ڕەنگەکان دەگۆڕن، بۆیە ئەو وتارانەی کە پەخش و بەیان دەکرێت بۆ ئێمه هەمووی وتاری گرنگ و پڕبایەخ و بەکەڵکن، وابەستە و پەیوەستە لەگەڵ بیرکردنەوە و داخوازی کۆمەڵگەی کوردیدا.
«گرنگە هەمیشە لەناو خەڵک بێت و ئازاری نەخۆش و بێماڵ و حاڵ و کرێچی و مەحروم و ستەملێکراوان بەدەربخات «
مەلا ئیدریس ژاڵەیی، کە مامۆستایەکی ئاینییە و خوێنەری ڕێگای کوردستان ، دەڵێت: سەبارەت بە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان هێشتا سەنگەری چۆڵنەکردووە و کۆڵنەدەرانە بەرەنگاری دەکات ، خوێندنەوەی من وەک خوێنەرێکی بەردەوامی ڕۆژنامەکە ئەوەیە کە گرنگی دەدات بە بڵاوکردنەوەی
* بابەتە سیاسییەکان:
- شیکردنەوەی دۆخی سیاسی کوردستان و عێراق
- ڕەخنە لە دەسەڵات و حکومەت
- باس لە دیموکراسی، مافە سیاسییەکان و ئۆپۆزسیۆن
* بابەتە کۆمەڵایەتییەکان
هەژاری و نادادپەروەری
کێشەکانی گەنجان و خوێندکاران
مافی ژنان و یەکسانی نێوان ژن و پیاو .
مافی ئاینداری مرۆڤەکان و برەودان بە بەها باڵاکان وەک لایەنێکی سەرەکی ئاینپەروەری ڕاستەقینەو تەنها بۆ خودا و نیشتیمان بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی.
وتیشی : هەڵسەنگاندنی من بۆ ڕۆژنامەکە سەکۆیەکی ئازادە هەر نووسەرێک بیەوێت بنووسێت و نووسینەکەی لەو مەودایەدا بێت کە پێ ی دەوترێت ئازادی بیروڕا و لە خاڵەکانی پێشودا ئاماژەم پێدا بڵاودەبێتەوە و خزمەتێکی باش بە سێکتەرە گرنگ و پێویستەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەکات.
ڕوونیکردەوە، پێشنیارم ئەوەیە هەرچەندە ڕۆژنامەکە زمانحاڵی حیزبێکی سیاسیە بەڵام دەکرێت چوارچێوە بەند نەبێت و ئازادانە تر دەنگی چینی هەژار و بەشمەینەت بگەیەنێت و هەمیشە لەناو خەڵک بێت و ڕاپۆرتی زیندوو لە ژیانیان پەخش بکات و ئازاری نەخۆش و بێ ماڵ و حاڵ و کرێچی و مەحروم و ستەملێکراوان بەدەربخات .
