
رێگای کوردستان - هەولێر
ڕۆژی پێنجشەممە 2026/4/30 لە شاری هەولێر، بە بۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران، لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان کە پێکهاتووە لە (حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان)، ڕێپێوان و گردبوونەوەیەکی جەماوەری بەرفراوانیان ئەنجامدا.
لە گردبوونەوەکەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاران و هاوڵاتییان بەشداربوون و لەگەڵ سەرکردایەتی و مەڵبەند و کۆمیتەکان و جەماوەری هەرسێ حزب بەشداربوون، و کە تیایدا، بەیاننامەی هاوبەشی هەرسێ حزب خوێندرایەوە.
لایەنە چەپەکان لە ڕێگەی بەیاننامە و دروشمەکانیانەوە، ڕەخنەی خۆیان ئاراستەی حکومەت کرد و ڕایانگەیاند: "حکومەت لە ئاست باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کرێکاران کەمتەرخەمە." جەختیشیان کردەوە کە پێویستە حکومەت بە ئەرکی خۆی هەستێت لە دابینکردنی ژیانێکی شایستە و پاراستنی سەلامەتی کرێکاران لە شوێنی کارەکانیان، بۆ ئەوەی چیتر کرێکاران نەبنە قوربانی بێباکی خاوەنکار و نەبوونی چاودێری ورد.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، لیژنەی کاری هاوبەشی چەپ دووپاتی کردەوە کە خەباتیان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی کرێکاران و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بەردەوام دەبێت و ڕێگەنادەن مافی ئەو چینە تێکۆشەرە پشتگوێ بخرێت.








