ڕاپۆرت: هاوڕێ کرێکار

لە پشت پەردەی بژێویی ژیان و گەڕان بەدوای هەلی کاردا، دیاردەیەکی مەترسیدار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان سەری هەڵداوە؛ ئەویش ناچارکردنی کرێکارانە بە پڕکردنەوەی گرێبەستێک لە بەرامبەر پێدانی کار. ئەم گرێبەستە کە یاساناسان بە "نادادپەروەری و نائەخلاقی" وەسفی دەکەن، بووەتە هۆی ئەوەی کرێکار لەبری بەدەستهێنانی کار، بکەوێتە ژێر باری قەرزێکی خەیاڵییەوە کە هەرگیز نەیکردووە.

گرێبەستی کار لە ئامرازێکی بازرگانییەوە بۆ فشار بۆ سەر کرێکار

گرێبەستی کار ( کۆمپیالە ) لە بنەڕەتدا پەراوێکی بازرگانییە و لە یاسای بازرگانیی عێراقیدا بۆ ڕێکخستنی مامەڵەی نێوان بازرگانان و پاراستنی قەرزی ڕاستەقینە دانراوە. بەڵام ئێستا لە زۆربەی شارەکانی وەک (هەولێر، سلێمانی، ناوچەی گەرمیان، بادینان و ڕاپەڕین) وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ دامەزراندنی کرێکاران بەکاردێت.

کارۆ کاوە مەحمود، پارێزەر لە شاری هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی کۆمپانیاکان کرێکار وەرناگرن تا کۆمپیالەیەکی پێ پڕ نەکەنەوە . ئەو دەڵێت: "حاڵەت لای من هەیە کرێکارێک بە مووچەی ٥٠٠ هەزار دینار دامەزراوە، بەڵام ناچار کراوە بۆ بەدەستهێنانی کار، کۆمپیالەیەک بە بڕی ۲۰ یان ٥۰ ملیۆن دینار واژۆ بکات، لە کاتێکدا ئەو پارەیەی وەرنەگرتووە و تەنها بۆ دەستکەوتنی کارەکە خۆی قەرزاری خاوەنکار کردووە تا ماوەی دیاریکراوی کارەکەی تەواو نەکات لەسەری ناسڕێتەوە. 

یاسا چی دەڵێت؟

بە وتەی یاساناسان، ئەم کارە جۆرێکە لە "زۆرەملێی یاسایی". یاسای کار لە کاتی هەر سەرپێچییەک بە تەواوی مافی خاوەنکاری پاراستووە ، بۆیە پەنابردن بۆ کۆمپیالە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. مەترسیی گەورە لەوەدایە کە ئەگەر کرێکارەکە کۆچی دوایی بکات، خاوەنکار دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو کۆمپیالەیەوە دەست بەسەر میراتی کرێکارەکەدا بگرێت و منداڵەکانی بێبەش بکات، چونکە بەپێی یاسا "قەرز پێش میرات دەکەوێت".

گەرمیان؛ فشارەکان بەردەوامن

لە ناوچەی گەرمیان، مەینەتییەکانی کرێکار تەنها لە کۆمپیالەدا کورت نابێتەوە. ئازاد عەبدولڕەحمان، نوێنەری سەندیکای کرێکاران لە گەرمیان، پشتڕاستی دەکاتەوە کە چەندین کۆمپانیا ئەم کارە دەکەن.

کرێکارێک بە ناوی (سامان) باس لەوە دەکات کە جگە لە ترسی دەرکردن، سیستمێکی توند پەیڕەو دەکرێت: "ئەگەر ڕۆژێک نەچمە سەر کار بەهۆی نەخۆشییەوە، دەبێت کەسێکی تر لەسەر حسابی خۆم بخەمە جێگاکەم، ئەگەرنا دەردەکرێم." هەروەها کرێکارێکی تر ئاماژە بەوە دەکات کە "بیمەی کۆمەڵایەتی"یان بۆ ناکرێت و لە پشووەکانیشدا ناچار بە کارکردن دەکرێن.

هەڵاتن لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی

لە لایەکی ترەوە، هێمن جەمال، بەڕێوەبەری دەستەبەری کۆمەڵایەتی گەرمیان، ئاماژە بە کێشەیەکی تر دەکات؛ ئەویش خۆدزینەوەی خاوەنکار و تەنانەت هەندێک کرێکاریشە لە "دەستەبەری کۆمەڵایەتی". خاوەنکارەکان وا لە کرێکار دەگەیەنن کە دەستەبەرکردن لە قازانجی ئەوان نییە، تاوەکو خۆیان لە پێدانی مافە داراییەکانی کرێکار بدزنەوە.

ئامارەکان و پێویستیی هۆشیاری

بەپێی دواین داتاکان، ڕێژەی دانیشتوانی تەمەنی کارکردن (١٥ بۆ ٦٤ ساڵ) لە عێراقدا گەیشتووەتە ٦٣.٧%، بەڵام لە هەرێم لەبەر نەبوونی  ئامارێکی ورد و کەمی لێژنەکانی چاودێری، هەروا نەبوونی  ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کاربە مەبەستی بەکارهێنانی لە کاتی بەدواداچوونی بۆ هەلومەرجی ژینگەی کار و جێبەجێکردنی مافەکانی کرێکاران، وایکردووە چەوساندنەوەی کرێکاران بەردەوام بێت و خاوەم کارەکان لە ئەنجامی پێشێکردنی مافەکانی کرێکاران هیچ سزایەکی یاسایی نەدرێن. 

کۆتایی:

پارێزەران و چالاکوانان داوا دەکەن حکومەت ڕێگریی بەپەلە لە دیاردەی پڕکردنەوەی کۆمپیالە بکات و ڕاگەیاندنەکان هۆشیاریی یاسایی  لەناو کرێکاراندا بڵاوبکەنەوە، چونکە تەنها بە زانینی مافەکان و ڕەتکردنەوەی واژۆکردنی کۆمپیالە، خاوەنکارەکان ناچار دەبن مل بدەن بۆ یاسا و دەست لەسەر مەرجە نادادییەکانیان هەڵگرن.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا