ڕێگای کوردستان


پشتگوێخستن و جێبەجێنەکردنی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، هۆکاری سەرەکیی مانەوەی سەرجەم گرێکوێرە و کێشە ئاڵۆزەکانی کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی ئەو ماددەیەیە. چاودێران و شارەزایانی سیاسی پێیان وایە، ئەگەر ئەم ماددە دەستوورییە لە کاتی خۆیدا و وەک خۆی جێبەجێ بکرایە، سەرجەم کێشە کەڵەکەبووەکانی ئەو ناوچانە بە یەکجاری یەکلایی دەبوونەوە و دۆخەکە هەرگیز بەم ئاستە مەترسیدارەی ئێستا نەدەگەیشت.
بەپێی شیکارییەکان، جێبەجێکردنی ماددەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی کۆتایی بە کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی کورد دەهێنا، ڕاگوێزراو و ئاوارەکانی کەرکوک کە ئێستا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، دەگەڕانەوە سەر زێدی خۆیان. هەروەها کەرکوک بەیەکجاری لە عەرەبی هاوردە پاک دەکرایەوە و کەرکوک بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانی خۆی دەگەڕایەوە.
چاودێران پێشیان وایە، لە پاڵ ئەمانەشدا، ئەگەر ماددەی 140 کاری پێبکرایە، ئەوا کەرکوک نەدەبووە سەربازگەیەکی گەورە و سەرباز حوکمی ڕەهای نەدەکرد. هاوکات ڕێگرییەکی یاسایی دەبوو لەوەی دەیان هەزار خێزانی دیکەی عەرەب لە چوارچێوەی شاڵاوی تەعریبێکی نوێدا بێنە ناو کەرکوک و تێیدا نیشتەجێ بکرێن،چیتر خانوو و ماڵی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن سوپاوە زەوت و داگیر نەدەکران و تەواوی ململانێ سیاسییەکانیش کۆتاییان پێدەهات.
لەگەڵ هەموو ئەم ڕاستییانەدا، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، کێ فشار دروست بکات بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140؟ بە بۆچونی چاودێرانی ، گرفتە گەورەکە لە نەبوونی هیچ فشارێکی ڕاستەقینەدایە. ڕەخنە سیاسییەکان بە توندی ئاراستەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا و سەرکردایەتی سیاسی کورد دەکرێن، بەوەی کە لەبری ئەوەی لە بەغدا شەڕ لەسەر گەڕاندنەوەی خاک و مافە نەتەوەییەکان بکەن، هەوڵ و ململانێکانیان تەنیا لەسەر دەستکەوتی کەسی، پاراستنی بەرژەوەندی حزبی و مسۆگەرکردنی پۆستەکان چڕکردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە پرسە نەتەوەییەکان ببنە قوربانی ململانێی پۆست و دەسەڵات.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا