
ڕاپۆرت: هاوڕێ کرێکار
گرانیی نرخی کاتژمێرەکانی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی پڕۆژەی "ڕووناکی"، هاووڵاتیانی نیگەران کردووە؛ پێیان وایە ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ ئاستی بژێوی و مووچەکانیان ناگونجێت و پێویستە حکومەت ڕەچاوی باری داراییان بکات. لە ئێستاشدا داوا دەکرێت هاووڵاتیان بایکۆتی پێدانی پارەی کارەبا بکەن بەهۆی بەرزیی نرخەکەیەوە.
لە ساڵی ڕابردووەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی، پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی بەناوی "ڕووناکی" خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
نرخی کارەبا بۆ هاوبەشان بە دیناری عێراقی:
• ١ بۆ ٤٠٠ کیلۆوات: ٧٢ دینار.
• ٤٠١ تا ٨٠٠ کیلۆوات: ١٠٨ دینار.
• ٨٠١ تا ١٢٠٠ کیلۆوات: ١٧٥ دینار.
• ١٢٠١ تا ١٦٠٠ کیلۆوات: ٢٦٥ دینار.
• ١٦٠٠ کیلۆوات بەرەو سەرەوە: ٣٥٠ دینار.
"ئەم پڕۆژەیە ڕووتانەوەی گیرفانی خەڵکە نەک خزمەتی گشتی"
هەرێم عەبدولڕەحمان، ڕۆژنامەنووس لە پارێزگای هەڵەبجە، پێی وایە ئەم پڕۆژەیە ڕووتانەوەی گیرفانی هاووڵاتییانە نەک خزمەتکردن. ناوبراو بۆ "ڕێگای کوردستان" وتی: "هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێم، پارێزگای هەڵەبجەش بەتەواوی قەزا، ناحیە و گوندەکانیەوە کەوتووەتە ناو پڕۆژەی ڕووناکی و کارەبای ٢٤ کاتژمێریی بۆ دابینکراوە، بەڵام هاووڵاتیان و کاسبکاران نیگەرانن لە زۆریی نرخەکە و ناتوانن بەپێی پێویست بەکاریبهێنن؛ چونکە داهاتیان کەمە و کار و کەسابەت وەک پێویست نییە. بۆیە ئەمە پڕۆژەی ڕووناکی نییە، پڕۆژەی تاریکییە و خەڵک وەک دەرمان کارەباکە بەکاردەهێنن."
وتیشی: "ئەم پڕۆژەیە لە بنەمادا لە خزمەتی گشتیدا نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی سەرمایەداری و کۆمپانیا حزبییەکانە؛ جگە لە قۆرخکاری و ڕووتاندنەوەی گیرفانی هاووڵاتیان، هیچ بەرژەوەندییەکی گشتی تێدا ڕەچاونەکراوە."
"حکومەت دەیەوێت هاووڵاتی بکاتە کرێنشینی خۆی"
سیروان حەسەن، هاووڵاتییەکی دانیشتووی سلێمانی و بەشدار لە پڕۆژەی ڕووناکی، پێی وایە حکومەت بەم شێوەیە هاووڵاتیانی کردووەتە کرێنشینی خۆی. لەسەر گرانیی نرخەکە وتی: "نیگەرانم لە پڕۆژەی ڕووناکی؛ ڕاستە پڕۆژەیەکی باشە و وا دەکات هاووڵاتیان ٢٤ کاتژمێر کارەبایان هەبێت و کۆتایی بە کێشەی دەیان ساڵە بێنێت، هەروەها لە ڕووی ژینگەییشەوە کاریگەریی باشی هەیە و دووکەڵی مۆلیدەکان کەم دەکاتەوە، بەڵام نرخەکەی زۆر گرانە. ئەم نرخە وا لە هاووڵاتی دەکات لەناو ماڵی خۆیدا هەست بکات کرێچییە و نەتوانێت بۆ فێنککردنەوە یان گەرمکردنەوە بەکاریبهێنێت."
دەشڵێت: "دەکرا حکومەت نرخێک دابنێت کە لەگەڵ گوزەرانی خەڵک بگونجێت؛ ناکرێت هاووڵاتییەک ٦٠٠ هەزار مووچەکەی بێت و ٢٠٠ هەزار پارەی کارەبای بۆ بێتەوە. باشترین چارەسەر کەمکردنەوەی نرخەکەیە بۆ ئەوەی مانگانە ٥٠ تا ٦٠ هەزاری بۆ بێتەوە. عەیبەیەکی گەورەیە دوای دەیان ساڵ، هاووڵاتی لەناو خانووی خۆیدا بکەیتە کرێچی."
سەبارەت بە شێوازی هەژمارکردنی پارەکە وتی: "نازانرێت چۆن حساب دەکرێت؛ مانگی ڕابردوو ٤٠ هەزارم بۆ هاتبووەوە، دواتر هەمان پسوولەم برد بۆ لای کارمەندێکی تر، وتی دەبێتە ٣٤ هەزار! بۆیە دەکرێ بڵێین میکانیزمەکە ناڕوونە و ئەرکی حکومەتە ڕێکی بخات تا بە ڕوونی بزانرێت چەند سەرفکراوە و چەند دەکات."
"کارەبای ٢٤ کاتژمێری بووەتە بارگرانی"
زاهیر ئیبراهیم، هاووڵاتییەکی دیکەی بەشداربووی پڕۆژەکە لە ئیدارەی سۆران، پێی وایە پڕۆژەکە پێویستییە، بەڵام بە مەرجێک نەبێتە بارگرانی. ناوبراو بە "ڕێگای کوردستان"ی وت: "پێوەری خزمەتگوزاریی سەرکەوتوو ئەوەیە نەبێتە مایەی بارگرانی و لەگەڵ باری دارایی زۆرینەی کۆمەڵگە بگونجێت. کێشەی جەوهەریی ئەم پڕۆژەیە کە بەشێکە لە دیدگای 'نیولیبڕالیزم'، خاوەنداریەتییەکەی کەرتی تایبەتە؛ چیتر کارەبا خزمەتگوزارییەکی گشتی نییە، بەڵکو وەک 'کاڵا' لە نێوان کڕیار و فرۆشیاردا بۆ قازانج مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت."
وتیشی: "دابینکردنی کارەبای بەردەوام ئەرکێکی سەرەکیی حکومەتە بە کوالێتی و ئاسانکاریی باش، بەڵام پڕۆژەی ڕووناکی و سپاردنی بە کەرتی تایبەت، هەنگاوێکە بۆ بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان کە لە ساڵی ٢٠١٦وە دیزاین کراوە. لای حکومەت گرنگ نییە سەرچاوەی داهاتی تاک چییە، بەڵکو قۆرخکاری و کۆکردنەوەی زۆرترین قازانج بۆ کۆمپانیاکانیان بە کەمترین تێچوو و کەمترین هێزی کار لای ئەوان گرنگە."
"لە پێنج مانگدا ٧٠٠ هەزارم بۆ هاتووەتەوە"
بێژەن ئەحمەد، دانیشتووی دهۆک کە پێنج مانگە بەشدارە، دەڵێت: "لەسەرەتای مانگی ٨ی ٢٠٢٥وە کارەبامان بووەتە ٢٤ کاتژمێری. نرخەکەی زۆر گرانە؛ لە ماوەی چوار مانگدا ٥٢٠ هەزار دینارم بۆ هاتووەتەوە و تەنها بۆ مانگی ١ی ئەمساڵ ١٨٦ هەزار دینار بووە. نە سبلت و نە موجەمیدەم هەیە، تەنها لەبەر سەرما بۆیلەرم هەڵکردووە. دەخوازم حکومەت و وەزارەتی کارەبا چاو لە داهات و مووچەی خەڵک بکەن."
"نابێت نیوەشەو کارەبا لە هاووڵاتی ببڕێت بەبیانووی قەرزاربوون"
ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندازیار لە وەزارەتی کارەبا، وێڕای باشبوونی پڕۆژەکە، پێی وایە نرخەکەی ڕووتکردنەوەی گیرفانی هاووڵاتیانە: "خۆزگە ئەم پڕۆژەیە دە ساڵ پێش ئێستا جێبەجێ بکرایە. بەهۆی پێوەری زیرەکەوە کارەبا کۆنترۆڵکرا و سەرپێچی و لۆد کەمبووەوە، بەڵام دەکرا لە نرخەکەدا ڕەچاوی گوزەرانی خەڵک بکرایە چونکە چەند ساڵە قەیرانی دارایی هەیە."
ئاماژەی بەوەشدا: "پێش پڕۆژەی ڕووناکی دەکرا کارەبا بکرایە بە پریپەید (پێشەکی پارەدان)، ئەوکات هاووڵاتیان دەتوانین دەستبگرن بە بەکارهێنانەوە. هەروەها چونکە سیستمەکە ئەلیکترۆنییە، کێشەی هونەریی تێدەکەوێت؛ هەندێکجار کابرا پارەی داوە و هەر بە قەرزار دەنووسرێت. جگە لەوەش، نابێت نیوەشەو کارەبای هاوبەش ببڕدرێت بە بیانووی ئەوەی قەرزارە."
شیکاریی دارایی و پەرلەمانی
عەلی حەمە ساڵەح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر ئەم پرسە دەڵێت: "بەشێک لە میدیاکانی دەسەڵات دەڵێن پڕۆژەکە بێ کێشەیە، بەڵام ئەم کارەبایە بە غازی کوردستان بەرهەم دێت. ئەگەر هیچ فێڵێکی تێدا نەبێت، لە ٥ تا ٧ ئەمپێر بە ٢٧ هەزار دینار، لە ٧.٥ تا ١٠ ئەمپێر بە ٣٩ هەزار و لە ١٠ ئەمپێر بەرەو سەرەوە بە ٥٥ هەزار دینار دەدرێت بە هاووڵاتی (دوای گۆڕینی بۆ کیلۆوات). فەرموو بەراوردی بکەن بزانن بێ کێشەیە یان فوول کێشەیە؟"
هەروەها وتی: "پێش کارەبای ٢٤ کاتژمێری، داهاتی مانگانە نزیکەی ٧٠ ملیار دینار بوو بۆ ٣٥٠٠ مێگاوات، ئێستا هەمان بڕ دەفرۆشرێت بەڵام نرخ ٥ بۆ ٨ هێندە زیادی کردووە، کەواتە داهات دەبێت بگاتە ٣٥٠ ملیار دینار. جگە لەوەی نزیکەی ١٥٠٠ مێگاواتیش بە ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەفرۆشرێتە عێراق."
داوای بایکۆتکردنی پێدانی پارە دەکرێت
ڕۆژی شەممە ٢١ی شوبات، لە شاری سلێمانی کۆمەڵێک چالاکوانی مەدەنی دژی زیادکردنی نرخ و پڕۆژە ئەلیکترۆنییەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا. ئەوان داوایان لە هاووڵاتیان کرد بایکۆتی پێدانی پارەی کارەبا بکەن و فشارەکان زیاد بکەن.
لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوە کرد کە نرخی کارەبا لە هەرێم چەند بەرامبەری حکومەتی ناوەندییە و ئەمەش بارگرانییە. چالاکوانان ڕایانگەیاند: "دەسەڵاتداران کاتێک فشار بۆ پارە دەکەن کە خۆیان پابەندی مووچە نین." داواشیان لە خەڵک کرد لە گەڕەکەکان کۆببنەوە و نوێنەر دیاری بکەن بۆ ڕێکاری توندتر، جەختیان لەوەش کردەوە کە تەنها کارەبا نا، بەڵکو نرخی بەنزین و نەوت و گازیش بەرزبووەتەوە.