
ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ڕێكه‌وتی 3 ی حوزه‌یران له‌شاری ستۆكهۆڵم كۆریادێك بۆ نوسه‌ر و لێكۆڵه‌ر، ڕۆژنامه‌وان و وه‌رگێڕ، دوكتۆر محه‌مه‌د ساڵح ئیبراهیمی ناسراو به شه‌پۆل به ڕێوه‌چوو له‌لایه‌ن هه‌رسێ بنه‌ماڵه‌ی ئیبراهیمی- فه‌تاحی- گه‌وهه‌ری.
ئاماده‌بووانی كۆڕیادهكه پێكهاتبوون له زۆرێك له كه‌سایه‌تی هونه‌ری و نوسه‌رو سیاسه‌تمه‌دار و نوێنه‌ری پارته جیاجیاكانی كوردستان كه به‌ده‌رله جیاوازی بیروڕا به‌تێكڕا مامۆستا شه‌پۆل به موڵكی خۆیان ده‌زانی و ته‌واوی په‌یامه‌كان كه به‌و بۆنه‌یه‌وه ئاڕاسته بنه‌ماڵه‌ی دكتۆر محه‌مه‌د ئیبراهیمی كرابوو هه‌مووی ستایشی ڕۆڵی به‌رچاوی نیشتمانپه‌روه‌رێكی ده‌كرد كه به پێنوسه‌كه‌ی به‌رگری له گه‌ل و زمانی ره‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كرد بۆ نزیكه‌ی په‌نجا ساڵ به‌بێ دابڕان و كۆلنه‌دان .
له كورته فیلمێكدا هه‌ندێ له ژیان و ووێستگه جیاجیاكانی ژیانی دوكتۆر ئیبراهیمی نمایشكرا كه تیایدا بوێرانه داكۆكی له گه‌له‌كی ده‌كات و به ئاشكرا داوای سه‌ربه‌خۆیی بۆ گه‌له‌كه‌ی ده‌كات وه‌ك گه‌لانی تری ناوچه‌كه.
شاعیر پۆلای نانه‌وازاده به‌وشێوه‌یه وه‌سفی دوكتۆر ئیبراهیمی كرد ( تێكۆشان به‌زمانی فارسی له پێناو زمانی كوردی دا و له‌ناو تاران دا، ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت له تێكۆشانی پێشمه‌رگه چه‌ك له‌شانه‌كانی كوردستان ، ئه‌وا هیچی له‌و خه‌باته كه‌متر نییه).
نوسه‌رو لێكۆڵه‌ر حامید گه‌وهه‌ری چه‌ند یاده‌وه‌رییه‌كی باسكرد له‌وانه مامۆستا شه‌پۆل هه‌رگیز پۆشاكی مه‌لایه‌تی له‌به‌ر نه‌كردووه گه‌رچی له‌سه‌ره‌تاوه مه‌لایه‌تی ته‌واوكردووه و هه‌تا به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی دوكتۆرا له ته‌مه‌نی شه‌ست و دووساڵیدا ، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به وه‌رگێڕانی قورئان كرد بۆ سه‌ر زمانی كوردی له‌لایه‌ن مامۆستا شه‌پۆل و ئه‌وه‌ی گێڕایه‌وه كه به‌وكاره‌ی رێگری كرد له سوتانی كتێبهكوردییهكان له‌لایه‌ن ڕژێمی ئێرانه‌وه.
له په‌یامی سیاسه‌تمه‌داران ئه‌وه به‌دی ده‌كرا كه مامۆستا شه‌پۆل به‌بێ جیاوازی پشتگیری خۆی دووپاتكردۆته‌وه بۆ پارته كوردستانییه‌كان و چه‌ندین جار سه‌ردانی كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانی كردووه له باشور ی كوردستان به‌بێ ئه‌وه‌ی سڵ بكاته‌وه له لێپرسینه‌وه یان سزادان له پاش سه‌ردانه‌كانی بۆ باشوری كوردستان و ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ئه‌دیب و سیاسه‌تمه‌داراندا هه‌بووه له‌وانه سه‌ركرده‌ی كۆچكردوو هاوڕێ عه‌زیز محه‌مه‌د.
دوكتۆر محه‌مه‌د ساڵح ئیبراهیمی ناسراو به شه‌پۆل ، نوسه‌رو توێژه‌رو مامۆستای زانكۆ ، له 25 ی ئایار 1933 له‌شاری مه‌هاباد له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ر و ئایینی له دایكبووه، له‌ساڵه‌كانی شه‌سته‌كانه‌وه له شاری تاران ژیاوه‌و هه‌ر له‌وێش كاریكردووه و ماڵه‌كه‌ی بووه‌ته بنكه‌یه‌ك بۆ پێشوازی و به‌یه‌كترگه‌یشتنی كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی كوردستان و هه‌روه‌ها زۆرێك له خوێندكاران و لاوان. وه‌ك ڕۆژنامه‌نووس له‌ساڵی 1981 یه‌كه‌مین گۆڤاری به‌ناوی گرشه‌ی كوردستان چاپكردووه.
زیاتر له چل كتێبی نوسیوه و زۆربه‌یان چاپ و بلاوكراونه‌ته‌وه و هه‌ندێكیشیان تا ئێستا چاپ نه‌كراون.
چه‌ندین خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی پێبه‌خشراوه.
له‌ڕۆژی 26 ی ئایار 2018 له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی تاران به هۆی نه‌خۆشی یه‌وه له‌ته‌مه‌نی 85 ساڵی كۆچی دووایی كرد، له شاری مه‌هاباد له گۆڕستانی شاعیران به‌خاك سپێردرا.