ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پارێزگای هەولێر و قەزا و ناحییەکانی:

بەبۆنەى ڕۆژى شەهیدى شیوعى (14 ى شوبات) کۆمیتەى پارێزگاى هەولێر و کۆمیتەى ڕێکخستنەکانى (ناوەندى هەولێر و دەوروبەر و مەخمور) دواى زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار بڕیاری کۆمەڵێک چالاکیدا:-

- دواى سەردانى خانەوادەى سەربەرزى شەهیدان لەشاری هەولێر و دەوروبەری ڕێککەوتى 13/2/2020 گردبوونەوەیەکى لەبەردەم وەزارەتى کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەنجامدا و یاداشتێک ڕادەستى وەزارەتى شەهیدان کرا کە تیایدا کۆمەڵێک داواکاریی و ماف و ئیمتیازاتى خانەوادە و کەسوکاری شەهیدانى کوردستان و شەهیدانى حزبمان بەتایبەتى لە ساڵانى حەفتاکان و نایەکسانییەکى بەرچاو و زەقی لە نێوان شەهیدانى لەخۆگرتبوو.

- لە ڕێککەوتى (14) شوباتدا لە مەراسیمێکى شایستە و شکۆدار بەگەورەیى شەهیدانى حزبمان و بەئامادەبوونى هەردوو سکرتێری پێشوو هاوڕێیان (کەریم ئەحمەد و کەمال شاکر) و هاوڕێ خدر ڕووسى و ژمارەیەکى بەرچاو لەخانەوادە و کەسوکاری شەهیدان و جەماوەرێکى بەرچاو لە گۆڕستانى شەهیدانى حزب لە گردەڕەشەى شاری هەولێر گردبوونەوە و بە کۆمەڵێک وتار و دانانى چەندان تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆى شەهیدان ئەم مەراسیمەیان بەرز نرخاند.

شایەنى باسە سکرتێری حزب هاوڕێ (دکتۆر کاوە) وتاری حزبی شیوعى کوردستانى پێشکەش کرد و وتاری حزبی شیوعى عێراقیش لەلایەن هاوڕێ (ئەبو زینە) پێشکەش کرا.

مەراسیمەکە بەدانانى تاجەگوڵینەکان و گوتنەوەى چەندان سروود و بروسکە کۆتایی هات.

- لە ڕێککەوتى 15ى شوباتدا وەک نەریتێکى ساڵانەى کۆمیتەى پارێزگاى هەولێر، هەڵمەتێکى خوێن بەخشینیان ئەنجامدا لە ژێر ناوى (خوێن دەبەخشین لە پێناوى بەردەوامى ژیانى نەخۆشانى تالاسیما) ئەم هەڵمەتە لە شاری هەولێر ئەنجام درا.

- هەروەها لە کۆمیتەى ڕێکخستنى کۆیە دواى بەسەرکردنەوەى خانەوادەى شەهیدانى کۆیە و دەوروبەری لە ڕێککەوتى 15/2/2020 هەڵسان بەئەنجامدانى هەڵمەتى خوێن بەخشین لە شاری کۆیە، بۆ هەمان مەبەستى نەخۆشانى تالاسیما.

- هەر بەم بۆنەیەوە کۆمیتەى ڕێکخستنى شەقڵاوەى حزبمان دواى سەردانى خانەوادەى سەربەرزى شەهیدانى حزبمان ڕێککەوتى 14 ى شوبات سەردانى گۆڕستانى شەهیدانى حزب لە تەوسکەیان کرد و تاجە گوڵینەى ڕێز و وەفادارییان لەسەر گڵکۆى شەهیدان دانا.

پارێزگای سلێمانی:

کۆمیتەى پارێزگاى سلێمانى حزبى شیوعى کوردستان لە سلێمانى، ئێوارە ماتەمێکى بۆ بەرزڕاگرتنى ڕۆژى شەهیدى شیوعى ڕێکخست، لە ئێوارە ماتەمەکەدا لەلایەن پێشکەشکاران هاوڕێ شنە باباعەلى و هاوڕێ کارمەند بابەکر بەخێرهاتنى خانەوادەى شەهیدان و میوانە بەڕێزەکان کرا، و بە ساتێک وەستان بۆ ڕۆحى شەهیدان دەسپێکى 71یەکەمین ساڵى شەهیدى شیوعى بوو.

وتارى خانەوادەى شەهیدان لەلایەن هاوڕێ گۆران حوسێن خوێندرایەوە، لە وتارەکەیدا ئاماژەى بە دۆخ و ژیانى خانەوادەى شەهیدان دا و گوتى:

لەم یادە پڕ شکۆیە و یادەکانى پێشووترى شەهیدى شیوعى دا چەند جارێک گوتوومانە و دەیڵێینەوە، کە ئەرکى سەرشانى سەرۆکایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستانە بەیەک چاو سەیرى سەرجەم شەهیدەکان بکات لە ماف و ئیمتیازاتیاندا، بەڵام ئەم خاڵە بە یەکسانى جێبەجێ نەکراوە، بۆیە دووپاتى داواکارییەکانمان لەم چەند خاڵەى خوارەوەدا دەخەینە ڕوو :

لیستى شەهیدان پاک بکرێتەوە لە کەسانێک کە تاوانە ناویان لە ناو لیستى شەهیداندا هەبێت .

لە ڕووى ڕیزبەندى پلەوە جیاوازى نەکرێت لە نێوان شەهیدەکاندا و هەمووى بەیەک چاو سەیر بکرێت .

پەلە بکرێت لەپێدانى زەوى بەو وارسى شەهیدانەى کە تا ئێستا زەوییان وەرنەگرتووە .

نابێت جیاوازى بکرێت لە دامەزراندنى کوڕان و کچانى بنەماڵەى شەهیدان لە دامەزراوە حکوومییەکاندا .

هاوکات هاوڕێ عوسمان زیندانى بەرپرسى کۆمیتەى پارێزگاى سلێمانى وتارى حزبى شیوعى کوردستانى خوێندەوە و تێیدا باسى هەڵوێستى حزب و دۆخى نالەبارى خەڵک و خانەوادەى شەهیدان کرد بەهۆى سیاسەتى شکستخواردووى دەسەڵات و لە درێژەى وتارەکەیدا گوتى :.

لەم نێوەندەشدا حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەمان سیاسەتى خراپى ئابوورى هاوشێوەى عێراق دەکات کە بووەتە مایەى بێکاربوونى دەیان هەزار کرێکار و دەرچووى زانکۆ و پەیمانگاکان، نەگێڕانەوەى مووچەى خەڵک بە ناو پاشکەوتکراو، جگە لەوەى شەفافیەت لە سیاسەتى (نەوت و گاز)دا نییە، حزبە حوکمڕانەکان تا ئێستا بەرژەوەندى بەرتەسکى حزبایەتى و ململانێ لە پێناو دەسەڵاتدارێتى و ڕیزبەندى ئیقلیمى پیادە دەکەن و ئەم کارەش کاریگەرى خراپى هەیە لەسەر چارەنووسى هەرێم بەگشتى، ژیان و گوزەرانى خەڵکى هەژار و کرێکار و مووچەخۆران، کە شەهیدانى هەموو لایەنەکان و شەهیدانى حزبمان لە پێناو ئازادى خەڵک بە ئامانجێکى ژیانێکى باشتر و یەکسانیخوازى بۆ کۆمەڵگا و بۆ ژنان و کرێکاران قوربانیاندا و خوێنى خۆیان بەخشى .

لێرە بەردەوامى خەبات دووپات دەکەینەوە لە پێناو ئامانجەکانى گەلەکەمان، لەم ڕێگەدا بەردەوام دەبین لە پێناو چاکسازى ڕاستەقینەدا و بەشێوازى خەباتى مەدەنى و بانگەوازى خەڵک دەکەین بوەستنەوە لە بەرانبەر سیاسەتى هەڕاجکردنى ئابوورى وڵات و نەهێشتنى خزمەتگوزارى گشتى وەک سوتەمەنى و ئاو و کارەبا و تەندروستى و خوێندن بەکەرتى تایبەت.

هەر لە درێژەى ئێوارە ماتەمەکەدا چەندین هۆنراوە و پەخشان بە باڵاى شەهیداندا خوێندرایەوە هاوکات لەلایەن گرووپى موزیکەوە چەندین سروود و گۆرانی بۆ گیانى شەهیدان گوترا، بەتایبەت سروودى شەهید نەمرە بۆ ڕۆحى شەهیدان لەلایەن گرووپى موزیکەوە پێشکەش کرا .

لە کۆتاییدا ناوى هەموو ئەو حزب و لایەن و ڕێکخراوانە خوێندرایەوە کە بروسکەیان بۆ ڕۆژى شەهیدى شیوعى ناردبوو .

14ى شوبات ڕۆژى شەهیدى شیوعى بەر لە 71 ساڵ ڕژێمى کۆنەپەرستى پاشایەتى هەریەک لە سەرکردەکانى حزبى شیوعى عێراق (فەهد، حازم و سارم)ى لە شەقامەکانى بەغداد لەسێدارەدا، لەو ڕۆژەوە ئەم شەهیدانە بوونە سمبول بۆ شەهیدانى شیوعى و هەموو ساڵێک شیوعییەکان ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگرن .

کەرکووک:

کۆمیتەی پارێزگای کەرکووک مەراسیمێکی شایستەی بۆ ڕۆژی شەهیدی شیوعی لەناوەندی رۆشنبیری زوهدی بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆری شاری کەرکووک ڕێکخست.

هەڵەبجە:

بۆ بەرز راگرتنی (١٤) شوبات ڕۆژی شەهیدی شوعی

مەکتەبی ڕۆشنبیری کۆمیتەی پارێزگای هەلەبجە

هەستان بەسازدانی گفتوگۆتەکی هاوڕێیانە لەسەر

(سیستەمی لیبرالیزم و بێهیوایی) و (١٤ شوبات و گیانفیدایی شیوعییەکان)، بۆ هەر یەکە لە هاوڕێیان (دکتۆر شوان نوری) و (سوبحی مەهدی).

کۆبنهاگن:

گۆران هەڵەبجەیی

ڕۆژی 14ی شوباتى 2020، لە یەکیک لە گەڕەکەکانی کۆبنهاگن-ى وڵاتی دانیماڕک، لە مەراسیمێکی شایستەدا یادی ڕۆژی شەهیدی شیوعی بەرز ڕاگیرا.

یادەکە هاوبەش بوو لەنێوان حزبی شیوعی عێراقی و کوردستان دا .

مەراسیمەکە کۆمەڵێک بڕگەی لە خۆ گرت، لەوانە وتاری هاوبەشی هەردوو حزب، وتاری کۆبەندی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعی عێراقی، کۆمەڵەی ئافرەتانی عێراق و چەندین بروسکەی لایەنە عەرەبی و کوردستانییەکان.

هاوکات چەند شاعیرێک شعری تایبەتیان بۆ یادەکە خوێندەوە. نمایشکردنی ڤیدۆیەکی شانۆگەری لە ڕێگەی شاشەوە کە ناوەڕۆکێکی سیاسی هەبوو و گوزارشت بوو لەم دۆخە ناهەموارەی ئیستای عێراق کە بەر لە چەند ڕۆژێک لە لایەن هونەرمەندە پێشکەوتووخوازەکانەوە [کەربەلا] پێشکەشکرابوو، بڕگەیەکی تری مەراسیمەکە بوو. گفتووگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خانمێکی چالاکی گۆڕەپانی [تەحریر] کە باسی خوپیشاندانەکانی خانمانی کرد کە لە زۆربەی شارەکانی عێراق بەڕێوە چوو، بەشێک بوو لە یادەکە .

گرووپی بابلیش چەندین سروودی کۆن و نوێیان پێشکەش کرد کە لە ناویاندا دوو سروودی بەزمانی کوردی بوون کە لەلایەن ڕووبار کچی هاوڕێی کۆچکردوو شێخ سەعید، هاوکات برازای شەهیدی قارەمان عەلی بەرزنجی پێشکەش کران.

جێگەوی ئاماژەیە هونەرمەندی موزیکژەن گۆران ئیبراهیم خەیات هاوسەری ڕووبار خان، بە کەمانچەکەی هاوکاری گرووپی بابل بوو.

ستۆکهۆڵم:

ئاسۆ دەوڵەت - سوید

شیوعییەکانی عێراق و کوردستان بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی شەهیدی شیوعی کۆڕیادێکیان بەڕێوەبرد لەشاری ستۆکهۆڵم، بەسەرپەرشتی ڕێکخراوەکانی حزبی شیوعی کوردستان و حزبی شیوعی عێراق لە سوید.

بەر لە 71 ساڵ ڕژێمی کۆنەپەرستی پاشایەتی لە عێراق، هەریەک لە سەرکردەکانی حزبی شیوعی عێراق (فەهد، حازم و سارم)ی لە شەقامەکانی بەغداد لەسێدارەدا، لەو ڕۆژەوە ئەم شەهیدە قارەمانانە بوونە سیمبول بۆ شەهیدانی حزبی شیوعی و هەموو ساڵێک شیوعییەکانی عێراق و کوردستان چ بە نهێنی یان بە ئاشکرا لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان ئەو یادە بەرز ڕادەگرن کە یادکردنەوەی سەرجەم شەهیدە نەمرەکانە.

ئێوارە کۆڕەکە بە نمایشکردنی شانۆگەرییەک لەلایەن تیپی شانۆی دۆستانەوە دەستپێکرا کە بریتی بوو لە بروسکەیەک بە ناوی شەهیدی شیوعی سەفاء ئەلسەرای کە لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی بەغداد بەگوللەی هێزەکانی عێراق گیانی لەدەستدا و چووە کاروانی نەمرانەوە.

پاشان لەلایەن پێشکەشکاران هاوڕێ مهاباد و هاوڕێ ئەحمەدەوە بەخێرهاتنی خانەوادە و هاوڕێی شەهیدە نەمرەکان و میوانانی بەشداربوو کرا، بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی، دوابەدوا ساتێک وەستان بە بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان و پاشان بە سرودی ئینتەرناسیونال لەلایەن ئامادەبووانەوە گوترایەوە و چەند دیمەنێکی ڕاپەڕینی بەغداد نمایشکرا و لەڕێگەی تۆماری ڤیدیۆ هاورێ حوسێن نەجار ئەندامی سەرکردایەتی حزبی شیوعی عێراق لە یەکێک لە چادرەکانی خۆپیشاندەرانەوە گوتارێکی ئاراستەی هاوڕێیانی دەرەوە کرد بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدی شیوعی داوای کرد کە بەردەوام بن لە خۆپیشاندان و چوونە بەردەم باڵیۆزخانەکانی عێراق لەدەرەوەی وڵات بۆ فشار خستنەسەر حکوومەتی عێراق و ڕاکێشانی هاوسۆزی وڵاتانی دەرەوە لەگەڵ جەماوەری ڕاپەڕیوی عێراق.

وتاری خانەوادەی شەهیدان لەلایەن هاوڕێ ئەبو ئیڤان خوێندرایەوە.

هاوڕێ حازم ئەلقۆشی وتاری حزبی شیوعی عێراقی خوێندەوە و تیایدا هەڵوێستی شیوعییەکانی دووپاتکردەوە لە پێناو وڵاتێک کە کەرامەتی تاک بپارێزێت و ڕێز لەدەستور و مافی مرۆڤ بگرێت، وڵاتی پێکەوەژیان بێت لەسەر بنەمای عەلمانی و مەدەنی و فیدرالی.

هاوڕێ ڕێواس ئەحمەد وتاری حزبی شیوعی کوردستانی پێشکەش کرد کە تیایدا باسی لە نەهامەتییەکانی خەڵکی کوردستان کرد بەهۆی سیاسەتی شکستخواردووی دەسەڵاتەوە لەکوردستان کە ناتوانێت سادەترین پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دابیین بکات وەک سوتەمەنی پێویست.

هاوڕێ نەرمین نەجمەدین مامۆ پەخشانێکی پێشکەشکرد کە تیایدا مێژووی تێکۆشانی شیوعییەکانی تیادا دەدرەوشایەوە و بەسترابووەوە بە بەدبەختی هاووڵاتییانی هەژار لە ئێستای کوردستان و خەڵکی ڕاپەڕیوی عێراق.

هاوڕێ خەلیل مەنسور وتاری پێشمەرگە دێرینەکانی خوێندەوە و تیایدا ئاماژەی بەو حکوومەتە تایەفەگەرییەی عێراق کرد و ئیسلامی سیاسی بەسەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانی ئێستا دەستنیشان کرد.

هاوڕێ سەبری ئیشۆ پارچە شیعرێکی خوێندەوە بە زمانی سریانی و وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانی عەرەبی کە تیایدا ڕەنگدانەوەی گەلانی چەوساوەی عێراق و بەردەوام بوونی لە تێکۆشان و کۆڵنەدان ڕەنگی دابووەوە.

لەکۆتاییدا کۆمەڵێک بروسکە خوێندرانەوە کە بۆ هەردوو حزبی شیوعی عێراق و کوردستان هاتبوو لەلایەن حزب و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدی شیوعی.

 

چالاکی حزبی