سیاسه‌تمه‌دارێکی چه‌پی مه‌كسیك هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و وڵاته‌ی برده‌وه و ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی دوو هێنده‌ی ركابه‌ره‌كه‌ی بوو.
ئۆبرئاندرێس مانیۆل لۆپێز ئۆبرادۆر، سیاسه‌تمه‌دارێكی چەپە و له كامپینی هه‌ڵبژاردنه‌كانیدا به‌ڵێنی گۆڕانكاری ریشه‌یی له مه‌كسیك دا، به‌تایبه‌ت هێرشی ده‌كرده سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی مه‌كسیك و ئه‌و چه‌ند كه‌سه كه‌مه‌ی وڵات به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
هه‌ر له كامپینی هه‌ڵبژاردنه‌كانیدا بهڵێنیدا كه مووچه‌ی كاربه‌ده‌سته باڵاكانی حكومه‌ت كه‌مبكاته‌وه و مووچه‌ی كارمه‌نده پله نزمه‌كان زیاد بكات.
به‌ڵێنێكی دیكه‌ی ئۆبرادۆر فرۆشتنی فڕۆكه‌ی سه‌رۆكایه‌تی مه‌كسیك و گۆڕینی كۆشكی سهرۆكایهتییە بۆ پاركێكی گشتی بۆ هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی.
چه‌ند خوله‌كێك دوای ئاشكرابوونی ئه‌نجامی ده‌نگه‌كان، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له توویتێكدا پیرۆزبایی له ئۆبرادۆر كرد و هیوای خواست بتوانن پێكه‌وه له سه‌ر چه‌ندین پرسی گرنگی نێوان هه‌ردوو وڵات كار بكه‌ن.
ئۆبرادۆر، ساڵی پار كتێبێكی نوسیوه به ناوی (گوێبگره تره‌مپ). له كتێبه‌كه‌یدا ره‌خنه له كاریگه‌ری ئه‌مریكا له‌سه‌ر مه‌كسیك ده‌گرێت و دژی دروستكردنی دیواری سه‌ر سنووری وڵاته‌كه‌ی و ئه‌مریكایه و رایگه‌یاندووه، دروستكردنی دیوار و به‌كارهێنانی زمانی نه‌شیاو دژی بیر و هۆش و مێژووی مرۆڤایه‌تییه.
له كاتی دیبه‌یتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، ئۆبرادۆر رایگه‌یاند، خوازیاری په‌یوه‌ندیه‌كی دۆستانه‌یه له‌گه‌ڵ ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌ڵام ژێر ده‌ستی و برا بچووكی قبووڵ ناكات.
له ناوخۆی مه‌كسیكیش، ئۆبرادۆر به وتاری دژه گه‌نده‌ڵی ده‌نگی زۆر له مه‌كسیكییه لاوه‌كانی برده‌وه.
له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مساڵدا نزیكه‌ی 13 ملیۆن ده‌نگده‌ری نێوان ته‌مه‌ن 18 بۆ 23 ساڵ ده‌نگیاندا. ئه‌و ده‌نگده‌ره لاوانه زۆریان له دۆخی گه‌نده‌ڵی وڵاته‌كه‌یان و شه‌ڕی مافیای مادده هۆشبه‌ره‌كان بێزارن.
له 1-12-2018 ئۆبرادۆر ده‌ست به‌كارده‌بێت و جێگه‌ی ئێنریك پێنیه نیه‌تۆ ده‌گرێته‌وه.
له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نیهتۆدا رێژه‌ی كوشتن له مه‌كسیك گه‌یشته باڵاترین ئاست و نیه‌تۆ به سه‌رۆكێكی لاواز و بێ‌توانا له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و رێژه‌ی تاوان و نایه‌كسانی ئابووری تۆمه‌تبار ده‌كرا.