ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خوێندنەوە: هەڵوێست عبداللە كەریم

بەشی هەشتەم و كۆتایی

فیلمی دیوار بە ئازاری جەستەیەوە ئازاری سیستەم بەیان دەكات 

هەر دوای وەرگرتنی خاڵاتی چلە خورمای زیرین گوینەی ئەگەرێتەوە بۆ پاریس و دەست ئەكات بە ئامادەكاری بۆ فیلمی دیوار، لەگەڵ ئەوەشدا كە ئازارێكی قورسی گەدەی هەیە بەڵام پشت گوێی ئەخات. لە پایزی 1982 بەیارمەتی (مارین كارمیتزی) دەرهێنەری فەرەنسی و جاك لانگ و دەسەڵاتدارنی فەرەنسا دەست ئەكات بە وینەگرتنی فیلمی دیوار. گوینەی دەربارەی ئەم فیلمە ئەڵێت "دوای دەساڵ بێدەنگی ئەم فیلمەم هاوارێك ئەبێت، بەڵام هاوارێكی وشك نا، بەڵكو هاوارێكی هۆنراوەیی لە بارەی ئازارەوە. هاوارێك دەربارەی كەسانێك كە ئەچەوسێنرێنەوە، نازانم ئایا هۆنراوەكە چاك ئەبێت یان نا. بەڵام دلنیام لەوەی كە هۆنراوەیەكی كاریگەر ئەبێت" ئەم فیلمە گوزارشت لە خراپی دۆخی زیندانیانی توركیا ئەكات كە تیایدا ژن، منداڵ، پیاو رووبەرووی هەموو جۆرەكانی ئازار و ئەشكەنجەدان ئەبنەوە. ئەم فیلمە وەڵامدانەوەی گوینەیە بۆ 12 ساڵی تەمەنی كە لە زیندان بوو و نمایشی دەسەڵاتێكی توندوتیژی فاشیستی سەربازی بیرۆكراسی ئەكات. فیلمی دیوار بە توندوتیژترین فیلمی گوینەی دائەنرێت و لە بیرەوەری خۆیدا ئەڵَیت "هەر شتیك كە لەم فیلمەدا نمایش كراوە، گیرانەوەی روداوێكی راستەقینەیە. ئەوان لەناو خوێن و ئاگرو فرمێسكدا، لە ناو تاریكایی دیوارەكاندا، بەدوای ئاو روناكیدا ئەگەران، من ئەم فیلمە ئەكەمە دیاری بۆ ئەو هاورێیانەی كە بە دوای ئاو و روناكیدا ئەگەرێن" گوینەی لە 13 كانونی دووەمی 1982 دەست ئەكات بە وینەگرتنی دیوار و لە یەكی نیسانی 1983 لە كاری وینەگرتن تەواو ئەبێت و بەشدار ئەبێت لە ڤیستیڤالی كان، هەرچەندە خەڵات بەدەست ناهێنێت بەڵام لە ڤیستسڤالی كان و وڵاتانی ئەوروپا بینەری زۆری ئەبێت. هاوشیوەی رێگا نمایشكردنی دیوار بۆ 17 ساڵ قەدەغە ئەكرێت و لە ساڵی 1999 بۆ یەكەمجار فیلمەكە نمایش ئەكرێت بەڵام دوای لابردن و كورتكردنەوەی چەندان دیمەنی وەك ئەشكەنجەدانی منداڵان لە ژێر ئاڵای توركیا و پەیكەری ئەتاتورك. لەكاتی وینەگرتنی دیوار و لە وەڵامی پرسیارێكی كریس كۆچیرا دا سەبارەت بە خەونی گوینەی بۆ دروستكردنی فیلمیك لەسەر كورد، گوینەی ئەڵێت" كیشەی كورد، كیشەیەكی قورسە. لەداهاتودا حەز ئەكەم فیلمێك لەم بارەیەوە دروست بكەم، كە باس لە شۆرشی نەتەوەیەك ئەكات، بۆ لەدایك بون و زیندوبونەوەی. لەم كاتەدا ئەمە كارێكی ئەستەمە. ئەبێت باس لە چیرۆكی نەتەوەی كورد بكەم، كە چۆن پەرتەوازە بون، چۆن ئەم هەموو هەست و بروا جیاوازانە پەیدا بوون. مێژو تەنیا چیرۆكی سەركەوتن نییە. بەڵكو چیرۆكی شكست هێنان و هەڵە و فێركردنیشە. من ئەگەر كوردیش نەبومایە، هەر بایەخم بەدۆزی نەتەوەی كورد ئەدا. بروانە تا رۆژگاری ئەمرۆش، دوازدە ملیۆن كورد لە توركیا بیبەشن لە كە مترین مافی مرۆیی. تەنانەت مافی ئەوەیان نییە ئازادانە بەزمانی دایكی خۆیان بدۆین. دەكرێ چاو لەوە بپۆشرێ؟" گوینەی پیش ئەوەی كۆچی دوای بكات ئەڵَیت "رۆژێك ئەگەرێمەوە بۆ كوردستان. دەمەوێت فیلمێك لە بارەی كوردستانەوە دروست بكەم، بەڵام ئیستا قورسە لە شاخەكانی ئەوروپا، كوردستان دروست بكەمەوە"

یەلماز "بەم زوانە بەجێتان ئەهێڵم". 

لە ساڵی حەفتاكاندا ئەو كاتەی گوینەی لە زیندانە توشی ئازاری گەدە و دواتریش توشی برینی گەدە ئەبێت بەو هۆیەی گوینەی لە زیندانە و چارەسەر ناكرێت تەنانەت ئەو كاتەش كە سەفەری ئەوروپای كرد و لە فەرەنسا نیشتەجێ بوو تەندروستی خۆی فەرامۆش كرد بۆیە برینەكە پەرەئەسێنێت و ئەبێت بە شیرپەنجە. لە پایزی 1983 ئازارێكی توند لە نیوان گەدە و دڵی گوینەیدا پەیدا ئەبێت لە پشكنینی پزیشكیدا دەرئەكەۆیت كە توشی شیرپەنجەی گەدەبووە و بە هەموو جەستەیدا بڵابۆتەوە و پزیشكەكەكان ئەڵێن كە تەنیا چەند مانگێكی لە ژیاندا ماوە. لەسەرەتای ساڵی 1984 گوینەی بە خێرایی كێشی لەشی دائەبەزَیت و دۆخی تەندروستی رۆژ بە رۆژ خراپتر ئەبێت. هەرچەندە نەشتەرگەری گەدەی بۆ ئەكرێت بەڵام سودی نابێت، گوینەی تێ ئەگات كە ماوەیەكی كەمی لە ژیاندا ماوە هەربۆیە بۆ دابینكردنی داهاتویەك بۆ هاوسەر و منداڵەكانی لە بەهاری 1984 خانوویەكی دوو قات لە قەراغی شاری پاریس ئەكرێت. تەندروستی گوینەی رۆژ بە رۆژ خراپتر ئەبێت، قژی ئەرۆتێتەوە و بەخێرای كێشی دائەبەزێت بەجۆرێك لە مانگی كۆتای تەمەنیدا زیاتر لە بیست كیلۆ لە كێشی لە دەست ئەدات. لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام ئەبێت لە نوسینی ئەو سیناریۆیانەی كە ئەیەوێت لە داهاتودا بیان كات بە فلیم. لە دوا مانگەكانی ژیانیدا بەبەردەوامی هاورێكانی لە هەموو لایەكی جیهانەوە سەردانی ئەكەن. لەگەڵ ئەوەی كە تەندروستی زۆر خراپ ئەبێت بەڵام سەردانی هەندێك كۆر و كۆبونەوە و كۆنفرانس ئەكات و ئامادەی ئەو خۆپیشاندانانە ئەبێت كە بە دژی دەوڵەتی توركیا ئەنجام ئەدرێت. گوینەی لەگەڵ خۆیدا ئەلیف و یەلماز بۆ خۆپیشاندانەكان ئەبات بەو ئامانجەی هەمان هەستی شۆرشگێری لە ناخی مندالەكانیدا دروست بكات و وەك مامۆستایەك مامەلەیان لەگەڵ ئەكات و بەردەوام فێری وانەكانی سۆشیالیزمی و چەپیان ئەكات و باسی نەهامەتیەكانی كوردبونیان بۆ ئەكات.

جارێكی دیكە نەشتەرگەرییەكی دیكە بۆ گەدەی گوینەی ئەكرێت بەڵام سودی نابێت و ناتوانرێت وەرەمەكە بوەستێنرێت. بۆ پشوی هاوینی 1984 گوینەی خیزانەكەی ئەبات بۆ كەنار دەریای فەرەنسا و لەماوەی پشویاندا ئەتوانێت تەنیا خواردنە دەریاییەكان بخوات بەڵام بەهۆی ئازاری گەدەیەوە ناچار ئەبێت كە خواردنەكەی كەم بكاتەوە. پیش كۆتای هاتنی پشوی هاوین گوینەی و فاتوش ئەگەرَینەوە بۆ پاریس بۆ پشكنین و دكتۆرەكان بە گوینەی ئەڵێن كە چەند هەفتەیەكی لە ژیاندا ماوە بەڵام گوینەی ئەم هەواڵە لە منداڵەكانی ئەشارێتەوە. لە 3 ی ئابی 1984 بۆ یادی هەژدەساڵەی لەدایك بونی ئەلیف، گوینەی و خیزانەكەی ئەگەرێنەوە پاریس، لەگەڵ ئەلیفدا ئەچنە بازار بۆ ئەوەی بەدڵی ئەلیف دیارییەكی بۆ بكرێت هەرچەندە توانای رۆشتنی زۆر زەحمەت ئەبێت. دوای دوهەفتە گوینەی دۆخی تەندروستی زۆر تێك ئەچێت و دكتۆر داوای لێ ئەكات لە ژێر چاودێری وردی پزیشكدا لە نەخۆشخانە بمێنَیتەوە. هەربۆیە هەفتەكانی كۆتای تەمەنی لە نەخۆشخانەی ئینتەرناشیۆناڵ یونڤێرستی لە ژێر چاودَیری پزیشكەكاندا تیئەپەرێنێت و رۆژ لە دوای رۆژ تەندروستی خراپتر ئەبێت. ئەو وینانەی گوینەی كە لە دوارۆژەكانی تەمەنیدا گیراون بەئاشكرا ئازاری نەخۆشییەكەی لە لاوازی چەستەیدا ئەبینرێت بەڵام خەندە لەسەر لێوەكانیتی و بەهیچ جۆرێك ترس لە مردن بەسیمایەوە نابینرێت. بەرۆژ و بەشە و هەرجارەو یەكێك لە ئەندامانی خیزانەكەی بە نۆرە چاودێری گوینەی ئەكەن. لە دوایین هەفتەی ژیانیدا گوینەی بە منداڵەكانی رائەگەیەنێت كە توشی شیرپەنجەبووە و لە دوارۆژەكانی ژیانیدا بە چرپەوە بە ئەلیف و یەلماز ئەڵێت "بەم زوانە بەجێتان ئەهێڵم". ئیتر گوینەی توانای قسەكردنی نامێنێت تەنیا ئەتوانێت سەرو و چاوی بجولێنێت، فاتوش رێگە نادات چیتر یەڵماز سەردانی باوكی بكات، پزیشكەكان ئامۆژگاری فاتوش ئەكەن كە سەردانی گوینەی نەكات چونكە فاتوش بە بینینی گوینەی زۆر خەمگین ئەبێت و ئەگری و ئەمەش كاریگەری خراپ لەسەر گوینەی بەجَی ئەهێڵێت. لەجیاتی فاتوش بەردەوام هاورێكانی گوینەی سەردانی ئەكەن و چاودێری ئەكەن. گوینەی بە ئاماژە بە هاورێكانی ئەڵێت كە چیتر رێگا بە ئەلیف نەدەن كە سەردانی بكات و باوكی بەو لاوازییە ببینێت. هەمان ئیوارە گوینەی ئەكەوێتە كۆماوە و بۆ ماوەی سێ‌ رۆژی كۆتای ژیانی لە ناو كۆما ئەبێت. لە كاتژمێر پێنج و بیست خولەكی بەرەبەیانی رۆژی یەك شەممە، 9 ی ئەیلولی 1984 یەڵماز پوتن گوینەی لە تەمەنی 47 ساڵیدا لە لوتكەی ناوبانگدا بە نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی ئەكات. هەمان رۆژ میدیاكانی فەرەنسا هەواڵی كۆچی دوایی گوینەی زیاتر وەك شۆرشگێرَیك بڵاو ئەكەنەوە. ئەگەرچی بەپێی یاسا بلاوكردنەوەی هەواڵ لەسەر گوینەی لە توركیا قەدەغەیە بەڵام رۆژی دواتر مردنەكەی ئەبێتە مانشێتی گۆڤار و رۆژنامەكان و هێرشی توندی ئەكرێتە سەر. میدیاكان بەردەوام لە دەوری ماڵەكەی گوینەی ئەسورێنەوە بۆ گرتنی وینەی خەمگینی خیزانەكە بەڵام گوینەی پێش مردنی رَینمایی فاتوش و منداڵەكانی كردبوو كە ئەبێت بەهێز و خۆراگرانە خۆیان نیشان بدەن و نەگرین. هەربۆیە فاتوش ئامۆژگاری منداڵەكانی ئەكات كە لە ماڵەوە بگرین بۆ ئەوەی لە مەراسیمی بەخاك سپاردنی باوكیاندا خۆراگر و بەهێزبن. چوار رۆژ دوای مردنی گوینەی و لە بەرەبەیانی 13 ئەیلولی 1984 دا تەرمی گوینەی لە ناو سەدان چەپكە گوڵدا لە هۆلێكی شاری پاریس دائەنرێت. ئەندامانی خیزانەكەی، هاورێیان و كەسانی دیكە كە بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی بەخاك سپاردنەكەی لە پاریس ئەبن، دوا مالئاوایی خۆیانی لێ ئەكەن. پاشان تەرمی گوینەی بە شەقامەكانی پاریسدا بەناو گەورە مەیدانی كۆماریدا، بەرەو گۆرستانی سیمیتیر دو پیر لاشیس كە یەكێكە لە گەورەترین گۆرستانەكانی پاریس، دەبرێ و لەوی ئەسپەردەی خاك ئەكرێت. ئەو كەسانەی كە لە ریزی پیشەوەی مەراسیمەكە بەشدار ئەبن وەزیری رۆشنبیری فەرەنسی جاك لانگ، فاتوشی هاوسەری،یەلماز و ئیلیف، هونەرمەندان و سیاسەتمەدارە چەپەكان ئەبن. مەراسیمی بەخاك سپاردنی گوینەی بووە بە یەكێك لە گەورەترین مەراسیمەكانی ناشتن كە شارەوانی پاریس لە شارەكە بەفەرمی رێكی خستبێت. هەندێك لە میدیاكان مەراسیمەكە بە مەراسیمی ناشتنی ڤیكتۆر هۆگۆ بەراورد ئەكەن. لەكاتی مەراسیمەكە چەندین شەقامی شارەكە دائەخرێن، بە فرۆكەو پاس و شەمەندەنەفەر لە هەموو وڵاتانی دنیاوە خەڵك بەلێشاو دێن بۆ دوا ماڵئاوایی كردن لە گوینەی و زیاتر لە بیست هەزار كەس بەشداری لەو مەراسیمە ئەكەن. ئەو كەسانەی ناتوانن بەشداری ئەم مەراسیمە بكەن لە رۆژانی دواتردا سەردانی گۆرەكەی ئەكەن، تەنانەت تا ئەمرۆش و رۆژانە چەپكە گولی نوێ لەسەر گۆرەكەی ئەبینرێت و سەردانی گۆرەكەی بەردەوامە. گۆرستانی سیمیتیر دو پیر لاشیس جێگەی گەورە هونەرمەند و شۆرشگێر و پەنابەرانی بەناوبانگە كە وەك گوینەی لە خاكی خۆیان پەرتەوازە بوون. كە ئەوانیش بەلزاك، مارسیل پرۆست، جۆرج میلیس، ئیدیز پیاڤ، ماریا كالاس، شۆپین، ئۆسكار وایەلد، سادق هیدایەت، جیم مۆریسن. یەكیك لەو هۆكارانەی كە گوینەی ئەو گۆرستانەی هەڵبژاردووە شوێنی ناشتنی تەرمی شۆرشگیرە چەپەكانی كۆمیونە، كە لە ساڵی 1871 دا یەكەم شۆرشی چەپ هەلئەگرسێنن. ئەم شۆرشگیرانە هەفتەیەك لە شەقامەكانی پاریس ئەجەنگن بەڵام ئەكوژرێن و شۆرشەكەیان شكست ئەهێنێت و تەرمی ئەو شۆرشگیرانە لەم گۆرستانە بەكۆمەڵ ئەخرێتە چاڵێكەوە و ئەنێژرێن.

لە كۆتایدا زۆر سوپاس بۆ هاورێیانی هەفتەنامەی رێگای كوردستان بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم بابەتە بە هەشت بەش . 

چەپ وكرێكاری