
و: گۆران عەبدوڵڵا
ئەم نووسینە گفتوگۆیەکە لەسەر تەکنیکی شۆڕشگێڕانەو لایەنە هاوبەش و جیاوازییە تیۆرێکانی بنچەی دەوڵەت لە نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕابەری پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK ) و بزووتنەوەی رزگاری کورد لەگەڵ میخائیل باکۆنیین، یەکێک لە گرنگترین تیۆریستەکانی ئەنارکیزم و رابەرانی چەپ لە سەدەی نۆزدە.
هاوبەشی و جیاوازی ئەو باوەڕانەی کە لەم رۆژگارەدا دەخرێنە بەرچاومان زۆر گرنگن بۆ تێگەشتن لە دەوڵەت، تاکتیکی شۆڕشگێڕانە دژ بە دەوڵەت، ناوەندە سیاسێکان و رۆڵی شۆڕشگێڕانە، لەگەڵ پێداگری لەسەر ئازادی ژن. بۆیە ئەم بەشداریکردنە پرسیاری گرنگ دێنێتە ئاراوە کە بەشێکی زۆری لە بیرکرابوون یان لاوەکییانە لێیان دەڕوانرێت لە لایەن بزووتنەوەی چەپ و تیۆریستەکانیەوە بۆ بیرکردنەوە لە شۆڕش لە سەدەی ٢١ دا.(Pazmino 2017a).
وەک دەزانرێت باکۆنین لە بیر کرا پاش دەرکردنی لە کۆنگرەی یەکەمی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی کرێکاران (IWMA)، هەروەها خۆیی و باوەڕەکەی بە توندی سەرکۆنەکرا وەک باوەڕێکی (تەواو ئایدیلۆژی). بەهەرحاڵ، پێشتر و پاش روخانی یەکێتی سۆڤییەت، ڕەخنەکانی باکۆنیین ناوە ناوە سەریان هەڵدەدایەوەو جار لە دوای جار رەخنەکانی دووبارە دەکرانەوە لەسەر بنچەکانی دەوڵەت و دەوڵەتداری مارکسیستی. پێشبینییەکانی پشتڕاستکرانەوە لە کۆمۆنەی پاریسەوە تا شۆڕشی روسیا کە دەوڵەتی سۆشیالیستی چارەسەر نییە بۆ فەراهەمکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و ئازاد (price 2012 [2007].
ئۆجەلان، پێش ئەوەی گەشە بدات بە پەرەدایمەکەی لە مارکسیست لینینیستیەوە بۆ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی، بەهەمان شێوەی باکۆنیین توشی رەخنە بوەوە سەبارەت بەدەوڵەت ( Pazmino 2017b). باکۆنین و ئۆجەلان (2016a)، لە دوو زەمەنی جیاوازدا هاوشێوەی یەکتر گەشەیان بەتیۆری بنچەی دەوڵەت دا، بیانویان ئەوەیە کە بنچەی دەوڵەت ئابوری نەبووە، بەڵکوو ` ئایدیۆلۆجی` بووە، هەروەها دەوڵەت `دەزگایەکی ئاینی`ە، سەرکوتگەر، خۆسەپێن و باوکسالارە. بەهەرحاڵ، ئۆجەلان زۆر واوەتر رۆشت لە باکۆنین و گفتوگۆیەکی هێنایە ئاراوە سەبارەت بە بنچەی دەوڵەت لە ژێر هەژمونی ژنان دا، بەم شێوەیە دەتوانرێت بووترێت رێبەری کورد تیۆری دەوڵەت لای باکۆنین کامڵ دەکات و تێیدەپەڕێنێت (Pazmino 2017b).
شیکارێکانی ئۆجەلان بوونە هۆکاری گەشەیەکی تەکنیکی نوێ، ئەویش کۆنفیدراڵییەتی دیموکراتییە ( ئۆجەلان ٢٠١٦ب). لەو سەین و بەینەدا مارکسێکان بانگەوازی دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت دەکەن و ئەنارکیستەکانیش کار بۆ هەڵوەشانەوەی دەکەن، ئۆجەلان بانگەوازی هەڵوەشانەوەی دەکات هەنگاو بە هەنگاو تا بەتەواوی دەسەڵات دەکەوێتە دەستی کۆمەڵگەی رێکخراو. بابەتی شۆڕش، پرۆلیتاریا نییە، بەڵکو ژنانە کە ئامادە نیین ` رۆڵیان هەبێت لە شۆڕش` ئەوان شۆڕشن ( Bi Battista 2016 ). وەک دەبینین ئۆجەلان کۆتایی بەو گفتوگۆیە گەورەیە هێنا سەبارەت بە بنچەی دەوڵەت و تەکتیکاتی شۆڕشگێڕانە پاش ١٥٠ ساڵ لە دامەزراندنی پەیوەندی نێودەوڵەتی کرێکاران.
دەوڵەت دەزگایەکی ئاینییە.
باکۆنیین پێی وایە دەوڵەت کاتێک دەردەکەوێت لە ` کۆمەڵگە سەرەتاییەکان ` ئەو کاتانەی ساحیرەکان و ` پیاوانی خودا` کاریەگەری دەخەنە سەر کۆمەڵگە لە رێی ئەفاسانەکان و شیکردنەوەی دیاردە نادیارەکان، لێرەوە ` هاوپشتییە سروشتییەکان` تێکدەشکێنرێت لە ژیانی کۆمەڵگەدا. ` رۆحی بەرزەفڕی` ئینسان دەیەوێت لە دیاردە سروشتێکان تێبگات و هەر لێرەشەوە شوناسێکی خوداییان بەبەردا دەکات. لێرەوە ساحیرەکان رۆڵی خوداوەندی لەسەر زەوی وەردەگرن، وردە وردە دەبنە ئەندازیاری کۆمەڵگە، چوونکە ئەوان کەناڵی پەیوەندیین لەگەڵ خودادا.
لەم رێگایەوە دەوڵەت خۆی رێکدەخات وەک قوربانی دەرێک لە پێناو ژیانی کۆمەڵگەدا، نکۆڵی لە ئازادی، چەوسانەوەو سەرکوتکردنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئەو شوناسە ئاسمانییەی بە خۆی بەخشیوە: هێزی رەهای دەوڵەت بەسەر کۆمەڵگەدا وا خۆی نمایش دەکات کە ` پارێزەری کۆمەڵگەیە`. لەگەڵ ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییە کۆمەڵایەتێکان لە رەوتی مێژوودا، بڕوابوون بەدەوڵەت و گرنگێکەی زیاتر بووە تەنانەت لە بڕوای ` پیاوەکانی خودا` لە چەرخە کۆنەکان.
پرۆژە تیۆرێکەی ئۆجەلان زۆر واوەتر دەچێت لە باکۆنین، هەرچەندە رێبەری کورد بەشدارە لە ئایدییەی بنچەی ئاینی دەوڵەت، بەڵام رەگەزێکی تری بۆ زیاد دەکات، ئەویش باڵادەستی پیاوانە بەسەر ژنان دا لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی ئاینی.[1]
بەتەنها دەرکەوتنی ` کۆمەڵگەی ئاینی` نییە کە وادەکات دەوڵەت دەرکەوێت، بەڵکوو کەمکردنەوەی رۆڵی ژنانە لەکۆمەڵگەدا، هەر بۆیە، دەوڵەت دامەزراوەیەکی باوک سالارییە. بەبێ گومان ئەمە گرنگترین بەشداری ئۆجەلانە لەگەڵ رێزدا بۆ باکۆنیین، ئۆجەلان سەیری بابەتی سەرهەڵدانی دەوڵەت دەکات – ژنان – هەموو کۆمەڵگە نیین وەک ئەوەی باکۆنیین دەڵێت. ئۆجەلان پێی وایە کۆمەڵگە باڵادەست دەبێت و دەچەوسێنێتەوە، وەک ئەوەی ئۆجەلان پێی وایە ژنان سەرەتا باڵادەست بوون دوواتر چەوسانەوە، ئەمە وایکردووە ژنان دژ بە دەوڵەتبن وەک دوواتر دەبینین.
دژە دەوڵەت و ژیلەمۆی شۆڕش: ئازادی ژنان
لە نەریتی سۆشیالیستە کلاسیکەکان، هەر لە باکۆنین ەوە تا مارکس، تەنانەت سەردەمی مارکسیستە ئەرسەدۆکسەکان وەکوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بابەتی شۆڕش بۆیان پرۆلیتاریا بووە. سەبارەت بە نووسەرانی کلاسیک بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئەم بابەتە کۆک بوون کەوا ناکۆکی و پێکدادانەکان پەیوەستە بە چینی بەرهەمهێنەری سەرمایەدارییەوە، واتە خەباتی ئابورییان خستە سەروی بوارەکانی تری خەباتەوە. پێیان وابوو بە جیهانیبونی سەرمایەداری دەبێتە هۆکاری بە جیهانیبونی پرۆلیتاریا لە هەموو وڵاتانی جیهان[2]؛ بەهەر حاڵ، سەرمایەداری بە شێوەیەکی یەکسان وەبەرهێنان ناکات لە جیهاندا، وەکوو پرۆلیتاریا. پرۆلیتاریای ناجێگیر بەشێوەیەکی زۆر وەک هێزێکی جیهانی لە خۆیدا هێزی خۆی لەدەستداوە، لە هەمان کاتدا دەرکەوت ئەم بابەتە شۆڕشگێرانەیە کێشەی تیۆری گرنگی هەیە. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە تیۆری باکۆنین و مارکس بۆ ئەم چینە توانایی و گرنگی خۆی بە هیچ شێوەیەک لەدەست نەداوە، دەبێت تێکەڵاوی ` دونیای کار` بیت بۆ تێگەشتن لە چینەکەو گرفتەکانی، وە تێبگەیت لە سیستمە ئاڵۆزەکانی نێوان کاری فەرمی و نافەرمی، ئایدیۆلۆژی، ئابوری و جێندەر، تاد.، رەنگە دژواربێت لەم کاتەیا جیهانیبین لە پەیوەند بە هۆکاری شوناسی تاک و کۆمەڵ.
لایەنێکی گرنگ لەوەی ئۆجەلان ئەوەیە کە بەشێوەیەکی تایبەت بڕوای وایە کە ژنان لە رۆژگارێکی زووەوە ناکۆکی و دژەکانی کۆمەڵگەی رێکخراویان سەبارەت بە توندوو تیژی و چەوسانەوە و باڵادەستی بەرجەستە کردووە. بەرای ئۆجەلان باڵادەستبوون بەسەر ژناندا تەنها چارەڕەشی نەبوو بۆ ژنان، بەڵکوو بەدبەختی بوو بۆ هەموو بەشەریەت، لێرەوەیە ئۆجەلان توانایەکی گەورەتر بۆ پرۆلیتاریا دەگەڕێنێتەوە.
لەم کاتەیا دەمەوێت قسە لەسەر سێ خاڵی هزری گرنگ بکەم سەبارەت بە تیۆری ئۆجەلان.
یەکەم، ئۆجەلان بزانێت یان نەزانێت، تیۆرییەکی لە دێدگای ژنانەوە درووستکردووە سەبارەت بە چۆنیەتی دەرکەوتنی دەوڵەت.
دووەم، باڵا دەستبوون بەسەر ژناندا مایەی درووستبونی دەوڵەتە.
سێیەم، لە رەهەندە تاکتیکییەکانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتییدا، کە هەوڵدان و گەڕانە بە دوای ئازادی ژناندا وەک پێداویستییەکی کۆمەڵگە، ناکرێت گرەوە لەسەر درووستبونی دەوڵەتێکی نوێ بکات، کە لە خۆیدا لە رووی ئایدیۆلۆژی و تەکنیکییەوە پێچەوانەیە. کەواتە، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی دەتوانرێت پۆلین بکرێت وەک نمونەیەکی عەمەلی و تەکنیکی و هەروەها ژنانە.
بەمشێوەیە، ئۆجەلان نەک هەر ئەڵتەرناتیڤێک[3] لە رووە مێژوییەکەیەوە دەخاتە بەر دەستی چەپ بۆ گفتوگۆ، بەڵکوو ئەو باوک سالاریەش دەخاتە بەرباس کە بەردەوامە لەگەڵ مێژوی بزوتنەوەی چەپدا کەوایکردووە ئازادی ژنان بخرێتە دوواوە.
پارتی شۆڕشگێڕ یان بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی؟
بە پێچەوانەی مارکسیزمی کلاسیکەوە، باکۆنیین پێی وایە پارتی شۆڕشگێڕ رۆڵی ` مامانی شۆڕشگێڕ` دەبینێت. بەڕای باکۆنیین حیزب رۆڵی شۆڕشکردن ناگێڕێت بەڵکوو لەگەڵ خەڵکدایە کە ئاکتەری سەرەکی شۆڕشن. بەڵام لە مارکسیزمدا ئەوە حیزبە رابەرایەتی دەکات و لە هەمان کاتیشدا دەوڵەتۆتکەیەکی بچوکیشە، هەر کاتێکیش دەستی دەگاتە دەسەڵات بۆخۆی بەرپرسیارەتی دەوڵەتی پرۆلیتاریایی دەگرێتە دەست.
گۆڕانی فیکری ئۆجەلان و PKK، بە رێزگرتن لە ستراکچەری حیزب، چوونە وتووێژی فکرییەوە لەگەڵ ئایدیاکانی باکۆنین دا. PKK وەک پارتێکی مارکسی لینینی کلاسیک توانی خۆی بگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ دەرەوەی خۆی و سنوورەکانیش ببەزێنێت[4]، سەرباری مانەوەی ستراکچەرە سیاسییەکەی، ئەو توانایەی لە خۆی نیشانداوە ببێتە بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی خاوەن رەهەندێکی فراوان. بە گرەونەکردن لەسەر پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی PKK توانیتی ئەو نمونە کلاسیکییە مارکسیە لینینیە بەجێبێڵێت و ببێت بەوەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان. کاتێک هەزاران کورد لە تورکیا دەڕژێنە سەر جادە و هاوار دەکەن ` PKK خەڵکەو، خەڵک وا لێرەیە،` لێرەوە دەتوانیت باشتر لەو دیاردەیە تێبگەیت.
وەک ئەوەی تێبینی دەکرێت، لێکچون و جیاوازێکانی نێوان باکۆنین و ئۆجەلان گرنگن، دەست دەبەن بۆ بۆ ئەو بابەتانەی دونیای چەپ کە بە بێ چارەسەری ماونەتەوە. پرۆژەی ئۆجەلان سەبارەت بە دەوڵەت و ئازادی ژن و رۆڵی حیزب، ئەمانە رەگەز گەلێکی گرنگن بۆ بیرکردنەوە لە شۆڕش و تیۆری شۆڕشگێڕانە لە سەدەی بیست و یەکەمدا. خوێندنەوەکانیان دەبێت لایەنی تیۆری و چەکداریش لە خۆی بگرێت.
————————-
Carlos Pazmiño
کارڵۆس پازمینۆ توێژەرە لە بواری کورد لە ڕوانگەی ئەمریکای لاتینەوە. نامەی ماستەرەکەی بە ناونیشانی (هەڵوەشانەوەی دەوڵەت) بوو لەگەڵ چۆنیەتی تێگەشتن لە گۆرینی نەزەری و عەمەلی فیکری عەبدوڵڵا ئۆجەلان و PKK. پازمینۆ یەکەمین کەسە لە ئەمریکای لاتین کە ئەم بابەتە دەداتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. پازمینۆ وەک خەباتکارێکی مەیدانی لە چەند بوارێکی میللی کاردەکات، پەیوەندی هەیە لەگەڵ سەندیکا کرێکاریەکان و خەباتکردنە ناوچەییەکانەوە، هەروەها سەبارەت بە ئەمریکای لاتین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت دەنووسێت.
سەرچاوە:
https://www.academia.edu/34570216/%C3%96calan_and_Bakunin_an_incomplete_discussion#:~:text=Pazmi%C3%B1o%2C%20Carlos.%202017a.%20Abdullah%20%C3%96calan%3A,siglo%20XXI.%20http%3A%2F%2Fkurdistanamericalatina.org%2Fabdullah%2Docalan%2Duna%2Dcontribucion%2D%20para%2Dpensar%2Dla%2Drevolucion%2Den%2Del%2Dsiglo%2Dxxi%2F%20__________2017b.
[1] رەخنە لە ئۆجەلان دەگیرێت بەوەی کە رۆڵی بەرچاوی داوە بە ژنان لە چاخی بەردینی نوێدا لەو کۆمەڵگەیانەی کە نیشتەجێی ` رۆژهەڵانی ناوین – Fertile Crescent` بون، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم رۆڵە پێشتر وەک کەلتورێک دەرکەوتووە لە دانیشتوانی چیای ئەندیز لە ( ئەمریکای خواروو) پێش داگیرکارییەکانی ئینکا و ئسپانییەکان. بۆیە دەکرێت ئایدییەکانی ئۆجەلان گرنگ بن بۆ تێگەشتن لە دەرکەوتنی دەوڵەت وەک دەزگایەک لە هەندێک ناوچەی ئەندیز و لە هەندێ ناوچەی تر ئەو پرۆسەیە تەواو نەبووە وەکو پیرۆی ئێستا، دەوڵتی ئینکا و فراوان بوونەوەکەی نمونەیەکە لەوە.
[2] گفتوگۆکردن سەبارەت بە گرنگی رۆڵی پرۆلیتاریا وەکو بابەتێکی شۆڕشگێڕانە بە قەیرانێکی بەرچاودا تێدەپەڕێت ئەگەر وادابنرێت ` ئەم چینە کرێکاری سەنعەتیین` بە بێ لەبەرچاوگرتنی چینی کرێکار لە ناوچەکانی پۆستکۆلۆنیالیزم و `گرێدراوەکان` وەکوو کوردستان یان ئەمریکایلاتین. سەرمایەداری لە سەردەمی نیو لیبراڵیزمدا قەیرانەکانی زیاتر بووە کە کاریگەری هەیە لەسەر وڵاتە ناوەندەکان و چینی کرێکارەکەی، ناچاربونە بە گەڕانەوەی ` کارگەکان و سەرمایەکەیان` بۆ ئەو وڵاتانەی لێوەی هاتوون.
[3] رەخنەکانی ئۆجەلان، ژنانی لیبراڵی رۆژئاوایی و تێگەیشتنە پاسفیستی و بەرژەوەندخوازێکانیانیش دەگرێتەوە، پێشنیارێکە کە دەبێت بزووتنەوەی ژنان ستراکچەر و رێکخراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی تایبەت بە خۆی بنیاتبنێت. ئۆجەلان داوا لە ژنان دەکات بەشێوەیەکی کرداری و کاریگەر لەسەر زەمینی واقعی خەباتبکەن. بەم هۆیەوە ناکرێت ئازادی ژن کورتبکرێتەوە تەنها بۆ ئۆجەلان، لە ئێستادا ژنانی کورد ئەو ئایدییەیان نەک هەر گونجاندووە لە خەباتی خۆیاندا بەڵکوو بە شێوەیەکی باشیش چوارچێوەی ئایدیاکەی رێبەریان تێپەڕاندووە و بونەتە پاڵەوانی سیاسەتی کوردی بە مانای وشەکە.
[4] بۆ ئەوەی ئەمە روبدات بە بڕوای من سێ رەگەز گرنگە. ١- کامڵ بوونی فیکری ئۆجەلان. ٢- گرتنەکەی، پاڵی بە بزووتنەوەی رزگاری کوردەوە نا لە غیابی ڕێبەرەکەیدا دووبارە بیربکاتەوە لە هەموو روداوەکان. ٣- دەرکەوتنی زیاتری کەسایەتی ژنان.