ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لەدڵی خۆیدا گوتی:

تا مرۆڤ بەیانییان بە سەرمای زستان لەخەو ڕانەپڕێت و نەچێت بۆ کرێکاری، قەدری پارەداری و ژیانی خۆشگوزەرانی و گەرمای هاوین نازانێت.

لەگەل بەرەبەیان خۆی لەناو قاپووتە خاکییەکەی پێچایەوە و بە ئاسپایی لەدەرگەی ماڵ هاتە دەر. 

بەم بەری بەیانییە جگە لە کرێکاروخەلکی کاسبکار و نەداران کەسیتری نەدەبینی. خواپێداوەکان درەنگتر لەخەو هەڵدەستن و قەیماخ و پەنیر و لۆڕ و هەنگوین و نانی چەور دەخۆن. لەم کاتە خۆزگەی بەو هاوڕێیانەی دەخواست کە زوو ئەم مەملەکەتەیان بەجێهێشت و ڕزگاریان بوو لەدەست ئەم دەسەڵات و سیاسییانە، کە هەر ڕۆژەی بە بیانوویەک میلەت بەشەڕ دەدەن.

بەدەم ڕێگەوە، ئەو ڕۆژانەی هاتەوە یاد، باوکی لەگەڵ مەلابانگدان لەخەو هەڵدەستا و بەرەو مەیدانی کرێکاران دەکەوتە ڕێ. ئەویش لەژێر جێگەوە بیری لەوە دەکردەوە: ئاخۆ باوکم دەبێت چی بخوات و چۆن چۆنی پارەمان بۆ پەیدا بکات؟. کەچی ئێستا خۆی لەسەر هەمان شەقام ڕێدەکات و بیر لە ڕابردوو دەکاتەوە، کاتێ باوک و باپیری لە سەر زەمینە هەمیشە ڕاکەڕاکەیان بووە بەدوای تیکەیەک نانێکەوە و بە کۆیلایەتی ژیاون.

لەچایخانەکەی سەرجادەکەی (ڕەحیم ئاوا) لەگەڵ کرێکارەکان دانیشت و داوای چایی و ماستی لە چایچییەکە کرد. وردە وردە ژمارەی خەڵکی بێکار زێتر دەبوو، زۆربەشیان هەروەک ئەو چایی و ماست و نانی گەرمیان دەخوارد. هەرچەندە لەتوانایدا بوو قەیماخ و هەنگوین یان نۆکاو بکڕێت و بیخوات، بەڵام ئەم لەمنداڵییەوە وا ڕاهاتبوو ئەگەر بۆ ژەمی بەیانیان ماست و چای نەخوات ڕۆژەکەی لێ تێکدەچێت. سەردەمانێک لەبەر هەژاری لەگەڵ خوشک و براکانی سێ جەمە ماست و چایان دەخوارد، دێتە یادی جارێکیان ماستەکە بەشیانی ناکرد، دایکی بڕێک ئاوی تێکرد و گوتی: بخۆن تا سکتان دەتەقێت.

لەچایخانەکە پیرەمێردێکی قاتلەبەر و شیک، زەڕەبینێکی بەدەستەوەبوو. بەتەنیشتییەوە دانیشت و بزەخەندەیەکی کرد، لێیپرسی: دەتەوێت ناو لەپی دەستت بخوێنمەوە؟

سەیرێکی ناو لەپی دەستی خۆی کرد و گوتی: پەنجا ساڵە ئەم دەستانەم ماندوون، ئێستا دەبێت تۆ چی تیا بخوێنیتەوە.

_ من دەتوانم ئاییندەت بخوێنمەوە.

+لەم وڵاتە ئایندەمان ڕوون و ئاشکرایە.

پیرەمێردە فاڵچییەکە تووند دەستی چەپی گرت و خێرا ڕوانییە ناو لەپی و گوتی: تۆ گەشتێکی دوورت لە پێشە!.

بەم وتەیەی سەری سوڕما و ئارەزووی کرد، فاڵچییەکە ئایندەی بخوێنێتەوە، خێرا لێیپرسی: چەندم لێدەسێنیت؟

_ هەرچەند لەتواناتدایە، یان پارەی ژەمێک خواردنم بەرێ!.

بە چایچییەکەی گوت: ژەمێ خواردن لەسەر حیسابی من بەم مێوانە بدە.

لەم کاتە کرێکارێک بە کۆخە کۆخ، هەموو گیان دەلەرزی، مێردمنداڵێکی دە ساڵانێکی لەگەڵدا بوو بەرانبەری دانیشتن و داوای ماست و چایان لە چایچییەکە کرد.

منداڵەکە کراسێکی شڕی لەبەردابوو، باوکەکە کە بەردەوام دەلەرزی چاکەتێکی کۆنی پۆشیبوو، دیاربوو لە یەک دوو شوێن بە دوورمان دوورابووەوە. باوکەکە جەمانییەکەی دایە بانشانی و بە کوڕەکەی گوت: چای کەم ڕەنگ بخۆ گەرم دەبییتەوە.

ئەویش هێشتا پارووەکەی بەدەمەوە بوو، لە باوکەکەی پرسی: نەخۆشییت؟

_ بەڵێ... سەرمام بووە.

  • بۆ کوێ دەچیت؟

_ بۆ کرێکاری، ئیشێک هەیە دەبێت تەواوی بکەم. ئەم کوڕە بچکۆڵانەم یارمەتیم دەدات.

  • هەنگوین بخۆ گەرم دەبیتەوە.

 

هەرچەندە لە وتەکەی پەشیمان بووەوە، بەڵام تازە قسە لەزار دەرچوو و ناگەڕێتەوە.

باوکە و کوڕە لەسەرخۆ نانی گەرمیان لەباوەش دانا و پڕ بەدڵ تیکەیان لە ماستەکە دەدا و دەیانخوارد.

کابرای فاڵچی بەدەم نانخواردنەوە لێیپرسی: ئێستا ئامادەیت، ناو لەپی دەستت بخوێنمەوە.

ئەمش زەردەخەنەیەکی بۆ کرد و گوتی: کاسبییەکەی تۆ خەراپ نییە، بەڵام لەم وڵاتە ناو لەپی دەستەکان وەک یەک وایە. ئەگەر ئاسمان گڕ بگرێت، ئێمە لێرە خوێن دەڕێژین.

_ مەبەستت چییە، چۆن دەبێت یەک چارەنووسمان هەبێت؟ تکایە دەستم بەرێ تا بیخوێنمەوە.

فاڵچییەکە بەزۆر دەستی ڕاکێشا و زەڕەبینەکەی لەچاوکرد و کەوتە خوێندندنەوەی.

ئەویش چاوی لە مێردمنداڵەکە بوو، کە خێرا لەتە نانەکەی دەخستە ناو ماستەکە و قوومی لە چایەکە دەدا.

لەهەمان کات گوێی لە فاڵچییەکە بوو پێیگوت: ببوورە ‌هێڵەکانی ناو لەپی دەستت گرژ و خاوبوونەتەوە، ناتوانم بیانخوێنمەوە!.

 

زستانی ٢٠٢٠