ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 محمدی مام ڕسوڵ/ وەکو خۆت بێدەنگم کە

بێدەنگم کـە ..

 

وەکو ڕوحی ئەو ئێوارەی 

دەستەکانی لەباوەش گرتووەو

بەدوای تەرمی منداڵێک کەوتووە بۆ گۆڕستان ! 

وەکو ئەو گۆڕە غەریبەی ،

هەموو ڕۆژێک گێژەڵووکەیەکی منداڵ 

چاوەکانی پڕ دەکا لە خۆڵ و

دەستەکانی پڕ دەکا لە بێ ئومێدی !!

بێدەنگم کــە ..

وەک نەغمەی ئەو باخچەیەی 

ڕەشەبا دەستی بارانـی تێدا گـەزی ..

وەکو ئەو هەورە ئاوسەی 

کەس پرسەی بۆ ناڵینەکانی دانەناو 

سەری بەشانی قەسیدەیەک کردوو گریـا ،

وەکو ئەو بێدەنگم کە .. ئازیزم بێدەنگم کــە !!

خوایە دەبێ دەستی باران چەند ناسک بێ 

بەبێ ئاگــا،

لەمەرقەدی قەسیدەیەک 

کەدەخزێتە ناو ستیانـی سێوێکەوە !؟ 

ئاخر بۆمن ئاگرم خۆشنەوێ ؟ بۆ ؟

خۆ ئەویش ،

کەبەردەبێتە پوشی خەیاڵـی دەقێکم 

نەلە زمانی ئاو تێدەگـاو 

نەیەک حەرفی ئازاری ڕژاویش 

لە خانەقای حەیرانی ڕوبارێک دەهێڵێتەوە !!

ئاخر ئەو ،

لە کوێ ی تەونی خەیاڵی مندا نیە ؟! 

ئەو ئێستاش 

لە دێڕی هەر شیعرێکم 

جۆگەلەیەکی منداڵە،

لە خیانەتی زەمەن نازانێ و

گوڵەکانی ناو ئینجانەی ئەو عیشقە 

تێر عەتـر دەکات !! 

ئەو وەکو خۆر ،

کەلەگەرم کردنەوەی باخچـە دێتەوە ،

سەرێک لە کۆڵانـی غەریبی من دەداو 

ئێواران لەبن دەسماڵە پرتەقاڵیەکەی ماڵی ئاسۆ 

بەرامبەرم دادەنیشێت !!!

پێم بڵێ ..

چەند جاری تر بمرم 

دەکەومە بەر تریفەی پرچە چۆڕاوەکانی سپێدەو 

دەگەمە ژێر سێبەری 

ڕێحانەکانی دڵــی تۆ .. چەند جـار ؟؟

چەند جاری تر ..

ئەو زەمەنە دڵڕەقە 

چۆلەکەکانی گەڕەک 

لەهێلانەکانی خۆیان دەردەکات !؟

چەند جاری تـر ..

ئەو دڵەی تۆش پەرچەمی کانی دەبڕێ و

عیشق لەبازاڕی ئێوارەیەکی هەینـی هەڕاج دەکات !!؟؟؟

2020/ 2 /3