ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 بێکەس حەمە قادر/ فنجانێ قاوه‌ تێنوويه‌تيم ناشكێنێ

فنجانێ قاوه‌ تێنوويه‌تيم ناشكێنێ

  له‌ كافێ دانيشتووين 

كاغه‌زێكى سپى به‌قه‌ڵه‌مێكى ره‌ساس 

ده‌نووسم خۆشويستنت چه‌ند پێویستی بوو

تا نائومێدى به‌ نائومێدى بسپێرين 

ئه‌و ته‌ماشام ده‌كات و هيچ ناڵێ 

له‌ بێده‌نگى ئه‌ودا تێدەگە‌م 

له‌ ئێواره‌يه‌كى جوان فێربم 

خۆشه‌ويستى شۆڕشێكى چه‌ند سپيیە‌

له‌ نامه‌يه‌كى ئه‌لیكترۆنى سارد و بێده‌نگ 

به‌ دڵه‌كوتێيه‌كى زۆرەوە بۆم نووسيت 

خۆشمده‌وێى .

شه‌و به‌ مه‌ستى و وه‌ك هه‌ميشه‌ييم 

بۆ به‌يانيیه‌كه‌ى هيچم بيرنه‌مابوو 

جگه‌ له‌ وشه‌ى خۆشمده‌وێى 

يه‌كه‌مين جارم نه‌بوو 

دوا جاريش نا 

تەماشات بكه‌م و له‌ چاوانت عيشق بدزم 

له‌ ته‌نيایيدا مرۆف وردوخاش ده‌بێ 

تۆ هاتى كۆتكردمه‌وه‌ 

فێرى هه‌ستانه‌وه‌ و 

لەگەڵ عيشق و ژيان ئاشنات كردمه‌وه‌ 

كۆتره‌كان فێریان كردم

له‌ فڕينه‌كانيان ئاسمان جوانتر و 

ئامێزێك له‌ خۆشه‌ويستى بده‌مه‌وه‌ 

رێگاكان جوانتر بناسمه‌وه‌ 

پێياندا برۆم ئيدى ژيان به‌ ژيان دا بكه‌م

له‌ زستانێكى ته‌ڕ له‌ ماشێنێكى ماندوو

به‌ره‌و به‌فرێكى گه‌رم بڕۆم 

بزه‌يه‌كى شيرينى تۆ كه‌ تووڕە‌ ده‌بيت 

كه‌ چاوەکانت داده‌خه‌ى تا جوانتر بمبينى 

باران ده‌بارێت و تۆ كراسه‌ شينه‌كه‌ت هه‌ڵده‌كه‌ى 

توند هه‌ناسه‌يه‌ك ده‌ده‌ى و له‌ دۆڵێكدا 

رووه‌و ئاسمان هاوارده‌كه‌ى 

خۆشمده‌وێى خۆشه‌ويستى 

ره‌نگت ده‌گۆڕێى و كوڵمه‌كانت خه‌نده‌يان لێ ده‌بارێ 

ئێواره‌يه‌كى جوان له‌ كافێيه‌كى لاچه‌پى شار

يادى ئه‌و رۆژانه‌مان كرده‌وه‌ 

كه‌ خۆشه‌ويستى ده‌مانكاته‌ مرۆڤ 

ئه‌مڕۆ رۆژێكى جياواز بوو 

فنجانێ قاوه‌ نه‌يتوانى تێنوويه‌تى عيشقم بشكێنێ