ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 تاوانبارێك كچه‌كه‌مم لێ ده‌تۆرێنێ

نووسینی: د. چواس حسن

كاتێك كچه‌ تاقانه‌كه‌م له‌دایك بوو، ناوم نا (گوڵی). چ ڕێوڕەسمێکم له‌مه‌وپێش بۆ له‌دایك بوونی كوڕه‌كانم كردبوو، بۆ له‌دایك بوونی ئەویش سێبارەم‌ كرده‌وه‌.

كاتێك فێری گفتوگۆش بوو، پرسی:

-باوكه‌ بۆچی ناوت ناوم (گوڵی)؟

ووتم:

-بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌س بزانن تۆ گوڵی منی.

به‌زه‌رده‌خه‌نه‌یەكی پڕ شانازی لێم ڕاما و ماچێكی قوڵی كردم و توند بەخۆییەوە گوشیم، كه‌ بیرم ناچێته‌وه‌. منیش كه‌ سه‌یری ده‌كه‌م پێموایە کە به‌خشراوێكی بێ هاوتای خواوه‌نده‌ و ده‌بێت هه‌میشه‌ چاوم لێی بێت.

ساڵه‌هایه‌ تاوانبارێك له‌ئاست هه‌موو ژنێكدا شه‌رمه‌زارم ده‌كات، ئازاری ویژدان و ده‌روونم ده‌دات. زۆر بێباكانه‌ش ده‌سوڕێته‌وه‌ و هه‌ر ڕۆژه‌ی له‌لایه‌ك، و له‌كوچه‌ و كۆڵانێك، و له‌ كه‌ند و دۆڵ و گۆماوی شارێكدا په‌لامارمان ده‌دات.

تاوانبارێكی بێباک، به‌شانازیه‌وه‌ به‌تفه‌نگ و گوریسی ده‌ستیه‌وه‌ ده‌سوڕێته‌وه‌ و قوربانی لێمان ده‌وێت. هێندە بێباكه‌، تەنانەت له‌خوداش ناترسێت، هێنده‌ بێ ڕه‌حمه‌، تەنانەت جگه‌رگۆشه‌ی خۆیشی ده‌كوژێت.

ئه‌و جارەشیان كه‌ هه‌واڵی كوژرانی كچێك به‌ده‌ستی باوكی له‌شیرین خه‌ودا بڵاوبۆوه‌، ئه‌مجاره‌یان تاوانباره‌كه‌ ترس و ئازارێكی تری سه‌رباری بۆ خوڵقاندنم، به‌وه‌ی دوای هەواڵەکە كاتێك نیگام له‌نیگای کچەکەم گیرا، به‌ زه‌رده‌یه‌كی پڕ ترس و ته‌وس و پرسه‌وه‌ سه‌یری ده‌كردم، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێم بڵێت، ده‌كرێت رۆژێك منیش ئاوا ده‌ستم بچێته‌ گیانی؟

وه‌ك بپرسێت: تۆبڵێی له‌مه‌ودوا بتوانێت بێ ترس بخه‌وێت؟

تاوێك دامام و بیرم كرده‌وه‌، ئێستا بڵێم چی بۆ ئه‌مه‌یان؟ سه‌رباری شه‌رمه‌زاری تاوانه‌كه‌ كچه‌كه‌شمم لێ ده‌تۆرێنێ.

له‌مه‌ودوا چۆن بتوانم بۆی بسه‌لمێنم كه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ ده‌توانم گیانمی پێ ببه‌خشم؟ چۆن بتوانم بڕوای پێ بێنم؛ گەر شەوانە خەبەری بوەوە و بینی وا بەسەریەوە وەستاوم، هاتووم دوا ئایەتول کورسی لەنزیکەوە فوو بکەمە باڵای، تا ئه‌وه‌ی خه‌وی شیرینتر و ژیانی پارێزراوتر بێت، نەک بۆ ئه‌وه‌ هاتبێتم کە ده‌ست بخه‌مه‌ گیانی؟

بۆیە ده‌بێت بڵێم:

ئه‌و تاوانباره‌ ترسنۆكترین مرۆڤه‌. هێنده‌ ده‌ترسێت، تا ئه‌وه‌ی له‌ ترسی ئه‌وانی تر ده‌ست ده‌خاته‌ نێو جه‌رگی خۆی و به‌ده‌ر له‌سروشتی مرۆڤانه‌ی خوا پێبه‌خشراوی، ده‌بێته‌ دڕنده‌یه‌كی ترساو. هێنده‌ خۆپه‌رسته‌، دەتوانێت خوێنی جگه‌رگۆشه‌كه‌ی له‌ده‌ستی هه‌ڵسوێت و شانازی پێوه‌بكات.

ئه‌و تاوانباره،‌ جارێكی تر ئه‌و لایه‌نه‌ بێ ئابڕووه‌ خۆپەرستیەی مرۆڤ تۆخ ده‌كاته‌وه‌ و ده‌یكاته‌ شانازیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیش، كه‌ مرۆڤی ڕاستەقینە به‌ هۆش و عه‌قڵ به‌زاندوویه‌تی و زینده‌به‌چاڵی كردووه‌.

به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ش بزانین كه‌ هه‌موو پیاوێك تاوانبارده‌بێت له‌سۆنگه‌ی ئەم تاوانانە، چونكه‌ یان بۆ ئافه‌رینی ئێمه‌ی پیاو ئه‌و تاوانه‌ ئه‌نجام ده‌دات، یان ده‌زانێت كه‌ قه‌تاوقه‌ت له‌لایه‌ن ئێمەوە سزا نادرێت.