ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

رۆژنامه‌گه‌ری پسپۆر ئه‌و بڵاوكراوه‌ خولاوه‌یه‌ كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌كانیدا بابه‌تێكی دیاریكراو چاره‌سه‌ر ده‌كات، وه‌كو رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌ده‌بی، كه‌ له‌ پێشه‌نگی رۆژنامه‌ پسپۆره‌كانه‌وه‌ دێت له‌ ڕووی ژماره‌وه‌، هیچ وڵاتێك له‌ جیهاندا بێبه‌ش نیه‌ له‌م رۆژنامه‌گه‌رییه‌، هه‌روا رۆژنامه‌گه‌ری ئابووری هاویه‌كی رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌ده‌بیه‌ له‌ ژماره‌دا، نزیكه‌ به‌سه‌ریشدا زاڵ بێت، هه‌روا رۆژنامه‌گه‌ری وه‌رزشی و رۆژنامه‌گه‌ری سه‌ربازی و پیشه‌سازی، و چه‌ندین كه‌یسی تریش كه‌ له‌ ژمار نایه‌ن، له‌و‌ بڵاوكراوانه‌‌ش بۆ نمونه‌ باسی گۆڤار‌ی به‌ناوبانگ وه‌كو (الناقد – ره‌خنه‌گر) و (الوحدە‌ - یه‌كگرتن) و (استراتیج – ستراتیج) و چه‌ندینی تر له‌ بڵاوكراوه‌ ناسراوه‌كانی لای خوێنه‌ر، ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ كاتێك كه‌ گۆڤارێكی وه‌كو (الناقد) بایه‌خێكی تایبه‌تی به‌ كاریكاتێر دا، و چه‌ندین شوێنی له‌ لاپه‌ڕه‌كانیدا بۆ ته‌رخانكرد، گۆڤاری دیكه‌ی وه‌كو (الوحدە‌) هیچ بایه‌خێكی به‌ هونه‌ری كاریكاتێر نه‌ده‌دا، ئه‌م دوو گۆڤاره‌شمان به‌ نمونه‌ هێنایه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ گۆڤاره‌ پسپۆره‌كان دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر دوو به‌شدا له‌ په‌یوه‌ندیان به‌ كاریكاتێره‌وه‌، به‌شێك بایه‌خی پێده‌دات و به‌شێكیش ئاگاداریشی نیه‌، هۆیه‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڕای ئێمه‌ كه‌ زۆرێك له‌و بڵاوكراوه‌ پسپۆڕانه‌، وا ده‌ڕواننه‌ كاریكاتێر وه‌كو ماده‌یه‌كی گاڵته‌ و قۆشمه‌ و ناگونجێت له‌گه‌ڵ ماده‌ دڵكاره‌‌كانی (جدی) گۆڤاره‌كانیاندا، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ تێیكه‌وتوون، چونكه‌ كاریكاتێر ده‌توانێت ئه‌و شته‌ بڵێت كه‌ وتار ناتوانێت بیڵێت، بۆیه‌ كاریكاتێر ماده‌یه‌كی قۆشمه‌ نیه‌ و شایانی دڵكاری نه‌بێت، ئه‌گه‌ر كار له‌سه‌ر پێكه‌نینیش بكات، ئه‌وا لوتكه‌ی دڵكاری ده‌پێكێت به‌تایبه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كه‌ی، بۆیه‌ ئه‌و دیدگا لووت به‌رزه‌ی ئه‌م بڵاوكراوانه‌ دیدگایه‌كی هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین دواكه‌وتووشه‌، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ زۆرێك له‌و رۆژنامانه‌ی كه‌ بابه‌تی زۆر دڵكار له‌ جیهاندا چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك كێشه‌كانی دراو و بانك و بۆرسه‌ و هاوشێوه‌كانیان، پشت به‌ كاریكاتێر ده‌به‌ستن، و زۆرجار تاكڕه‌وانه‌ جێگای سه‌روتار وه‌رده‌گرێت، له‌ گۆشه‌ و ستونه‌كانیش كارێكاتێر له‌ نێو بابه‌ته‌ ئابوریه‌كانیدا جێگای خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌‌، ده‌توانین بڵێین كه‌ ئه‌م كاریكاتێرانه‌ له‌م جۆره‌ رۆژنامه‌ پسپۆرانه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیدارن به‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌م رۆژنامانه‌دا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، بۆ نمونه‌ له‌ رۆژنامه‌ی ئه‌ده‌بیدا، كاریكاتێر بابه‌ته‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ و په‌ڕتوك و په‌یوه‌ندی نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر و رۆژنامه‌نووس و چاپخانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات، هه‌روا كێشه‌ی چاودێری و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی و ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ ئه‌ده‌به‌وه‌ كاریكاتێر ده‌توانێت له‌وێدا چاره‌سه‌ریان بكات، له‌ رۆژنامه‌گه‌ری ئابووریشدا كاریكاتێر ده‌توانێت بابه‌ته‌كانی مایه‌پوچی و هه‌ڵئاوسان و به‌رتیل و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كان و شتی دیكه‌ش چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ كاریكاتێر ده‌توانێت له‌ پسپۆرییه‌ جیاجیاكانی رۆژنامه‌كاندا چاره‌سه‌ریان بكات له‌ژمار نایه‌ن، چونكه‌ كاریكاتێر له‌ هه‌موو هونه‌ره‌كانی دیكه‌ ئازادتره‌، ده‌توانێت له‌ ده‌رگای وردترین و به‌رفراوانترین بابه‌ت بدات له‌هه‌مان كاتدا، به‌ڵام هه‌ندێك نمونه‌مان هێنایه‌وه‌ وه‌كو به‌ڵگه‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ بابه‌تێك داخراو نیه‌ له‌ رووی كاریكاتێردا.

به‌گوێره‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ باسمان كرد  ده‌بێت بڵێین كه‌ رۆژنامه‌ پسپۆره‌كان پێویسته‌ بایه‌خێكی تایبه‌ت به‌ هونه‌ری كاریكاتێر بده‌ن، گۆشه‌ی به‌رده‌وامیشیان بۆ ته‌رخان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ پله‌وپایه‌یان به‌رزده‌كاته‌وه‌ نه‌ك كه‌م، جه‌ماوه‌ری خوێنه‌رانیشی فراوانتر ده‌كات، وشكاتی ئه‌م جۆره‌ رۆژنامانه‌ش كه‌مترده‌كاته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش رۆژنامه‌گه‌ری پسپۆریی زیاتر له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی گشتگیر پێویستی به‌ كاریكاتێر هه‌یه‌، چونكه‌ بابه‌ته‌كانی رۆژنامه‌گه‌ری گشتگیر گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئاره‌زوو و هه‌وه‌سێكدا، به‌ڵام رۆژنامه‌گه‌ری پسپۆر زیاتر به‌ وشكی و به‌رته‌سكی جه‌ماوه‌ری ناسراوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت لاپه‌ڕه‌كانی به‌ بابه‌تی په‌رۆشبه‌خش و ده‌روون ئاسوده‌كار موتربه‌ بكات، ئه‌م رۆڵه‌ش ته‌نیا به‌ كاریكاتێر ده‌گێڕدرێت، چونكه‌ له‌ رۆژنامه‌یه‌كی ئابووریدا نائاساییه‌ هۆنراوه‌یه‌كی خۆشه‌ویستی یان هه‌ر هۆنراوه‌یه‌كی دیكه‌ بڵاوبكه‌یته‌وه‌، به‌ڵام ده‌كرێت كاریكاتێرێك بڵاوبكه‌یته‌وه‌، چونكه‌ كاریكاتێر له‌ هه‌مان كاتدا چێژوه‌رگرتن و سه‌رنج ڕاكێشی ده‌به‌خشێت، له‌ بابه‌تی رۆژنامه‌ خولاوه‌كه‌شدا ده‌رناچێت، كه‌ توانای خستنه‌ڕووی بابه‌تی دڵكاریشی هه‌یه‌، به‌مه‌ش ئه‌م نه‌رمونۆڵییه‌ی له‌ كاریكاتێردا هه‌یه‌، رێی پێده‌دات له‌ لاپه‌ڕه‌كانی هه‌موو رۆژنامه‌كاندا بوونی هه‌بێت، و ئه‌و رۆژنامانه‌ش ناچار نیه‌ له‌ رێی خۆی لابدات بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند ئامانجێكی دیكه‌، كاتێك ده‌توانێت به‌ هاوكاری كاریكاتێر بگاته‌ ئه‌و ئامانجانه‌، و پارێزگاریش له‌ ئاڕاسته‌ی بابه‌ته‌كانیدا بكات.