ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ڕۆمان وەک ناسنامە

 ژیان کەروێشکێکە بەبەر چاومانەوە ڕادەکات،

دەتوانین چاودێریی بکەین، ناتوانین بیگرین.

 ئارنست هەمەنگوای دەڵێت: (شێوازی نووسین ئەوەیە، وا بنووسیت، پێشتر کەس وای نەنووسیبێت، داهێنانیش ئەوەیە لە هیچ داهێنانێکی پێشتر نەچێت.) ئەلیف شەفەق گەرم دەنووسیت، گەرم وەک هەستی دڵدارێکی تامەزرۆ. کە باسی سەرماوسۆڵەت بۆ دەکات، هەست دەکەیت کزەبایەکی سارد دەتگەزێت. چێژێک لە ڕۆمانی وەردەگریت و وەها سەرسامت دەکات، هەر دەڵێیت جادووت لێ کراوە. کە دەتگەڕێنێتەوە بۆ زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر، بۆ سەروەختی قەلاچۆکردنی میلیۆن و نیویک ئەرمەن، تەنیا لە سۆنگەی ئەوەوە سەر بە ئۆلێکی غەیرە ئیسلام بوون، دەڵێیت بە چاوی خۆی پرۆسەی جینوسایدەکەی بینیوە. ڕووداوەکان ئەوەندە مەحکەم دەچنێت، دەرک بە کەلێنێک لە گێڕانەوەکانیدا ناکەیت، گێڕانەوەکانی ڕۆحی خەواڵووت دەهەژێنن، بۆ ئەوەی بێداری بکەنەوە.

 ناکرێت ڕۆمانێک بنووسین، هەڵگری هیچ پەیامێک نەبێت، خوێنەر هیچی لێوە فێر نەبێت و کەم و زۆر بەشداری لە گۆڕینی ئینساندا نەکات، بەڵام بە مەرجێک پەیامی ڕۆمان لە وەعزدا خۆی نمایش نەکات، ئاخر داهێنان و وەعز کۆکتێلێکی کوشندەن. خوێنەر تامەزرۆی ئەوەیە، خۆی لە ڕۆماندا ببینێتەوە، تێکەڵی ببێت و پرسیاری لەکن بورووژێنێت. خوێنەر لە ڕۆمانەوە فێر دەبێت، چێژی لێ وەردەگرێت و زۆر جار ئەوەی تێدا دەدۆزێتەوە کە لە واقیعدا بۆی دەگەڕێت. ئەلیف شەفەق کە شارەزای فەلسەفە، دیرۆک، سۆفیگەری و کولتووری جیاوازە، لە زۆر ڕووەوە خوێنەر لە ڕۆمانەکانی سوودمەند دەبێت.تەمەنی یەک ساڵ دەبێت باوکی بەجێیان دەهێڵیت، ئەو بێبەشبوونە لە سۆزی باوک، بە هۆشیارییەکی قوولەوە، لە ڕۆمانی زۆڵەکەی ئیستانبووڵدا ڕەنگی داوەتەوە.

 لە چل رێساکەی عیشقدا هاوتەریب دوو چیرۆک دەگێڕێتەوە، یەکێکیان لە ئێستادا ڕوو دەدات و ئەوەی تریان لە سەدەی سێزدەیەمدا، لە سەردەمی مەولانا و شەمسی تەبرێزیدا. لەو ڕۆمانەیدا و لە زۆڵەکەی ئیستانبووڵیشدا، پەیامی فرەیی و لێبوردەیی پێیە و بە گژ توندڕۆییدا دەچێتەوە. ئەلیف شەفەق لەنێوان غەیبی و عەقڵانیدا، عەقڵانی هەڵدەبژێرێت، لەنیوان ئاسمان و ئەرزدا، دووەمیان پەسەند دەکات، لەنێوان کۆیلەیەکی باوەڕدار و هاووڵاتیشدا، دووەمیانی پێ باشترە. لە ئەلیف شەفەقەوە فێر دەبین، ئەگەر بە باوەڕێک بەنگ بین، عەقڵمان لە کار دەکەوێت. (ئەو خەڵکە بەردەوام لە خوا دەپاڕێنەوە، بەڵام ناچن بڕێک بە ناسینی خواوە خۆیان ماندوو بکەن.)

 ئەگەر ڕێز لە ئینسانبوونی خۆمان بگرین، ناکرێت لەو هەموو کوشتوبڕ و تاڵانییە بێدەنگ بین، تەنیا لە سۆنگەی ئەوەوە، بکەران موسوڵمان بوون و بەرکاران سەر بە ئایینێکی دیکە. ناکرێت خۆمان بە مرۆڤدۆست بزانین و هیچ لە پێناوی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا نەکەین. بەبێ دوودڵی دەتوانین، بەرهەمی ئەلیف شەفەق بە نموونە بهێنینەوە، ئەگەر باسی ڕۆڵی ڕۆمان لە گۆڕینی واقیعدا بکەین. بۆ هەڵاتن لە تەنیایی و بۆ سەرکەوتن بەسەر بێزاریدا و بۆڕزگاربوون لە خەمۆکی، ڕۆمانەکانی ئەلیف شەفەق ڕۆڵی کاربڕ وازی دەکەن.

 لە ڕۆمانی (زۆڵەکەی ئیستانبووڵ)دا، لە سەرەتاوە زولەیخا دووگیانە و نیازی هەیە کۆرپەلەکەی لەبار ببات، زیاتر لە چوار سەد لاپەڕە تێدەپەڕێت، ئەوسا ئەو نهێنییە ئاشکرا دەبێت، کێ دووگیانی کردووە. ئەو دواخستنە هونەرییە هەر لە وەستای لێزان دەوەشێتەوە، ئاخر ئەگەر زوو ئەو نهێنییەی ئاشکرا کردبا، چرای پەرۆشیی خوێنەر بۆ درێژەدان بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، ڕووی لە کزی دەکرد. هەر لە دەستپێکەوە، نووسەر وەها دەتباتە ناو وردەکاریی ڕووداوەکانەوە، هەست دەکەیت تۆیش یەکێکیت لە کارەکتەرەکان و بەشێکیت لە چیرۆکەکە، ئەمەیش زادەی ڕێزگرتنە لە خەیاڵ و ئاوەزی خوێنەر کە هەمیشە نووسەرانی لێهاتوو لەبەر چاوی دەگرن. ڕۆمانەکانی ئەلیف شەفەق هەرچەندە درێژن، بەڵام نەک هەر خۆی لە درێژدادڕی دەپارێزێت و کورتبڕی ڕەچاو دەکات، بەڵکوودەست بە وشەوە دەگرێت و هێندەی وشە دەسڕێتەوە، ئەوەندە وشە بەکار ناهێنێت.

 نە ئەرمەن کۆکوژییەکەیان لە بیر دەچێتەوە، نە تورک ددان بە تاوانەکەدا دەنێن، ئەگەر ددانیشی پیدا بنێن، بە بەشێک لە ڕابردووی دەزانن و خۆیان بە خاوەنی ناکەن.تورکیای ئەتاتورک و دواتریش، خۆی بە میراتگری عوسمانییەکان نازانێت، بەڵام ئەڵمانیاڕەخنەی لە ڕابردووی خۆی گرت و قەرەبووی جووی کردەوە کە نازییەکان قەلاچۆیان کردبوون.وەک هارد دیسکی یادگەی نەتەوەکەی تووشی دەردەی سڕینەوە هاتبێت، ئەلیف شەفەق بەو ئومێدەی دەرس لە هەڵەکانی ڕابردوویان وەربگرن، سەرلەنوێ مێژووی خۆیان بۆ دەگێڕێتەوە.

 کەئەلیف شەفەق لە دونیابینیی مرۆڤدۆستانەیەوە، سەرنجی ڕابردوو دەدات، فەرامۆشکراوان، پەراوێزخراوان،پێکهاتە غەیرە تورک و غەیرە موسوڵمانەکان و ئەوانەی هەست بە تەنیایی دەکەن، دەبنە جێگەی بایەخی. بۆیە بایەخ بە ژیانی چەوساوەکان دەدات، تا هانمان بدات هاوسۆز بین لەگەڵیاندا، بۆیە ڕابردوو دەهێنێتەوە بەر باس، تا لێوەی فێر ببین و هەڵەکانی پێشوو دووبارە نەکەینەوە. بۆچی توندڕەوی دینی هێشتا درێژەی هەیە؟ چونکە نە ڕابردوومان وەبەر ڕێژنەی ڕەخنە داوە، نە پەندێکمان لێ وەرگرتووە.

 بۆچی چێژ لە گێڕانەوەی ئەلیف شەفەق وەردەگرین؟ چونکە جوان دەنووسێت، ئاخر چێژ لە جوانی وەردەگیرێت. دەشێت ئەوەی ئەم چێژی لێ وەردەگرێت، جێی سەرنجی ئەو نەبێت، ئاخر چێژوەرگرتنیش، پێوەندی بە چۆنیەتی بیرکردنەوەوە هەیە. جوانی لە ئەدەبدا زادەی ئەوە نییە، بە موو لە واقیع دوور نەکەوێنەوە، زادەی ئەوەیە خەیاڵ بەگەڕ بخەین، ئەوە بۆیەئەلیف شەفەق هەر واقیع ناگێڕێتەوە، سیحریشی تێکەڵ دەکات.

 ئەلیف شەفەق خوێنەر هان دەدات، دەرک بە خەمی ئەوی دی بکات، لەکن ئەو، ئێمە و ئەوان نییە، مرۆڤایەتی هەیە کە لە خەم و خۆشیدا، لە خەون و لە مۆتەکەدا هاوبەشە، بۆیە بە گژ دابەشبوونی مرۆڤایەتی و بەرچاوتەنگیدا دەچێتەوە. لە ڕێی زۆڵەکەی ئیستابووڵەوە، تێدەگەین، ئینسان تا ئەدەبی گەلێک نەخوێنێتەوە، ناتوانێت بڵێت ئەو گەلە دەناسم. زۆڵەکەی ئیستانبووڵ کە لە ٢٠٠٦دا، لە تورکیا پڕفرۆشترین کتێبی ساڵ بوو، کە هونەرییانە مێژووی نوێی تورکیا دەگێڕیتەوە، نووسەرەکەی بەو تۆمەتەی تێیدا سووکایەتی بە تورک کردووە کە باسی کۆکوژیی ئەرمەنییەکانی ورووژاندووە، لەسەری بە دادگا درا. ئەلیف شەفەق بە بوێرییەکی کەموێنەوە، ململانێ نەتەوەیی و ئایینی و سیاسییەکان بەسەر دەکاتەوە و لە یەک گۆشەنیگاوە سەرنجی ڕووداوەکان نادات، بەڵکوو بیروڕای هەموو لایەنەکان بە هەند وەردەگرێت و دەڵێیت پەیکی نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیشە.

 زۆڵەکەی ئیستانبووڵ کە زۆرینەی کارەکتەرەکانی ژنن، ململانێ تێیدا لەنێوان دوو دونیابینیی جیاوازدایە، کە یەکێکیان گوتاری ڕق بەسەریدا زاڵە. ئەلیف شەفەق لەسەر ئەو ڕۆمانە، کەوتە بەر هێرشی گوتاری ڕق، ئاخر نەتەوەپەرستە بەرچاوتەنگەکانی تورک، لەبری ئەوەی کارە ئەدەبییەکە هەڵبەسەنگێنن، پەلاماری نووسەرەکەیان دا. هەرچەندە ئەلیف شەفەق داکۆکیکارێکی سەرسەختە لە مافی ژنان، کەچی زۆرینەی ئەوانەی پەلاماریان دا، تفیان لە وێنەکەی کرد و سووتاندیان، ژنان بوون. گەرچی نووسەر بێلایەنانە بۆچوونی هەردوو لای: (تورک و ئەرمەن) گەیاندووە، کەچی هەڵگرانی پەیامی ڕق، سەنگەریان لێ گرت. تورک جینۆسایدی ئەرمەن بە بەشێک لە مێژوو دەزانن، مێژوویەک خۆیان بە بەرپرسیار نازانن لێی، بەڵام ڕابردوو بەشێکە لە ئێستا و داهاتوویش دیاری دەکات. چەوسێنەر (تورک) گاڵتەی بە ڕابردوو دێت، بەڵام چەوساوە (ئەرمەن) ڕابردوو لە یاد ناکات.

 *

 (*) ألیف شفق، لقیطة إسطنبول، ترجمة: محمد درویش، دار الأداب، الطبعة الخامسة ٢٠١٨ بیروت.