ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

ئەی پیر، پیری تاك

پیری نەزر، پیری میهر

پیری شەوق، كە دیدگا بێ شەوقە

ئەی پیر، پیری شاخ

پیری جوانی، پیری بەزەیی

پیری شریخە و كوانووی ئاگر

ئەی پیر ، پیری لاوك

پیری گریان، پیری ئۆخەی

پیری وچان، پیری جەزبە

پیری شكست و سارێژی

پیری پاكی، پیری بخوور

پیری شمشێر، پیری ئەزموون

پیری دوای هەموو جەنگەكان

پیری ئەو بایەی

لە پاكستانی زەردەشتەوە هێنات

لە مەچەكی خۆتت لوول دا

پیری ئەو تیشكە دوورانەی

لە دڵىی ئەشكەوتەوە هێنات

لە باوەشی خۆت چەپك كرد

پیری ئەو بۆن و بەرامەی

لە بەهەشتەوە ڕامت كرد

دونیات پێ كردە ئەفسانە

پیری شان بەر خەمان كەوتوو

پیری دونیا دیدە و جیلوە

ئەی پیری سینە پڕ سەبر

پیری خاكیی، پیری ڕەونەق

كە ڕەنگەكان كەڕوویان گرت

پیری تەم ، پیری ئەمەك

ئەی پیری پەرستگای میهر

دەستم بگرە بیناییم ڕەش داگەڕاوە

خەریكە ڕۆحم پڕ دەبێ

لە وردە ژەنگی وەڕسی

لە چڕە دووكەڵی جودایی

دیدگام وا نغرۆ دەبێ

دەستم بگرە تا بتوانم

بەبای لوولدراوی دەستت

بەتیشكی قەفتەبووی سینەت

بەو بەرامەی لە لاسكە گوڵى بەهەشت و

لە جۆگەلەی شیرت هێنا

هەر بۆ ساتێ حەقیقەتی خۆم ببینم

منیش دەمێ بەو سەبرەوە

بكەومە پاوانی پیران