ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ڕەنگە لەودیوی بێمانایی

میتاڵه‌كان

بێمانایى سه‌ماى به‌شه‌ره‌كان؛

بێمانایى ده‌یان ڕاناوى له‌كاركه‌وتوو

سه‌دان وشه‌ى كاڵ

په‌یڤێكى كزۆڵه ‌بام،

كزۆڵه‌ وه‌ك باڵنده‌كانى خه‌یاڵ؛

له ‌خۆڵه‌مێشى كوانووه‌كان

كزۆڵه‌ وه‌ك گه‌نده‌په‌ڕى ده‌م با

كزۆڵه‌ وه‌ك هه‌موو ئه‌و په‌نا و پاسارانه‌ى

كه ‌مه‌حكومن به‌ نه‌مان

ڕه‌نگه‌ له‌ودیو هه‌وره‌كانى عه‌ده‌مه‌وه‌

دڵۆپه‌ ده‌نگێكى بێ سه‌دا بام

ده‌نگێكى نامۆ و سه‌یر و سه‌رسام

وه‌ك ده‌نگى بوونه‌وه‌ره‌ خوڕافییه‌كانى

نێو قووڵترین شوێنێكى حیكایه‌ته‌كان

یان ڕه‌نگه‌ له‌ نێوه‌ڕاستى بێ كۆتاترین

ڕێگه‌یه‌كى خۆڵاویى زه‌مه‌ندا،

موسافیرێكى سه‌رسام بام؛

به ‌جانتایه‌كى شڕو

به ‌پێى په‌تى

به ‌شوێن دێرینترین ده‌ركه‌ى دنیادا گه‌ڕابام

تا له‌وێوه‌ بچمه‌ نێو ساردترین ژوورێك

كه ‌تێیدا ده‌نووسم؛

له‌سه‌ر مێزه‌ به‌ردینه‌كه‌م

خۆم ببینمه‌وه‌ كه‌ ده‌ڕوانمه‌

هه‌زاران وشه‌ى ڕه‌دووكه‌وتوو

سه‌دان دێڕى چه‌واشه ‌و

بارێ وێرگول و نیشانه‌ى سه‌یروسه‌مه‌ره‌

خۆم ببینمه‌وه‌ له‌به‌رده‌م ته‌ڵخترین

ئاوێنه‌ى ته‌مه‌نێك له‌ دزێوى؛

گه‌ڵا ده‌ستكرده‌كان، لك و پۆپه‌ خه‌واڵووه‌كان،

ئاوێنه‌ى هه‌زار پارچه،‌

له‌ ڕووكارى سولاله‌یه‌ك له ‌توخمى خۆم

خۆم ببینمه‌وه‌

له نێو سه‌دان حیكایه‌تى ئیبلیسه‌كان

سه‌رگوزشته‌ى سۆزانی و بازرگانه‌كان

ماجه‌راى هه‌ژارترین گوێچكه‌ماسى

گه‌وره‌ترین مروارى و باڵابه‌رزترین باڵنده‌

تا له‌وێوه‌ بڕوانمه‌ ساردترین ژوورێكى بوون

كه‌ من له‌وێدا نیم؟!

ئه‌گه‌ر هه‌بام

ڕه‌نگه‌ له‌ودیو ڕه‌نگى چاوه‌كانى تۆوه‌

بێڕه‌نگترین بوونه‌وه‌ر بام،

به ‌پیرترین دره‌ختى دارستانێك چووبام

كه‌ باڵنده‌كانى ده‌مێك ساڵه‌

له‌ نێو كۆنترین كتێبى دنیادا خه‌وتوون

كتێبێك كه‌ ڕۆحى خاك و خۆڵى عه‌رده‌كه‌ى

وه‌ك عیفرتێك

له‌ نێو گچكه‌ترین شووشه‌ى دنیادا

ده‌ست به‌سه‌ره؟!‌

ئه‌گه‌ر هه‌بام

ڕه‌نگه‌ له‌ دوورترین دوورگه‌ى دنیادا

كه‌ هێشتاكه‌ نه‌چۆته‌ نێو تانوپۆى حیكایه‌ته‌كان

په‌ناهه‌نده‌یه‌كى به‌دبه‌ختى

ساته‌ ناشیرینه‌كانى زه‌مه‌ن بام؟!

ئه‌گه‌ر هه‌بام

به‌بێ چه‌تر به‌ژێر لێزمه‌ى باراندا ڕه‌ت ده‌بووم و

ته‌ڕنه‌ده‌بووم

بێ باكانه‌ به ‌شه‌قامه‌كاندا ده‌گه‌ڕام،

بێ ترس؛

له‌ گریانى شه‌یتانه‌كان ورد ده‌بوومه‌وه‌

به ‌بێ هه‌ڵكێشانى

قووڵترین هه‌ناسه‌ى حه‌سره‌ت

به ‌بێ هه‌ڵڕشتنى

وشكترین دڵۆپه‌ فرمێسك

تۆم جێ ده‌هێشت!؟

ئه‌گه‌ر هه‌بام

وه‌ك هه‌موو بنیاده‌مێك

له ‌شوێنێكى زه‌مه‌ندا ڕانه‌ده‌وه‌ستام

خه‌ونم به‌ سه‌دان خه‌ونى

هه‌ڵوه‌ریوى پایزانه‌وه‌ نه‌ده‌بینى

له ‌هه‌مان ساته‌وه‌ختى له‌دایکبوونما

له‌ دایك نه‌ده‌بووم؛

هه‌مان ڕۆژى مردنیشم هه‌ڵنه‌ده‌بژارد

ئه‌گه‌ر هه‌بام

نه‌تۆم ده‌ناسى و نه‌ ئه‌و و نه‌ خۆم

به ‌نێو تراژیدیاى هه‌زاران ساڵى

زه‌خره‌فه‌كاندا هه‌ڵنه‌ده‌گه‌ڕام،

وێنه‌ى خۆمم

له‌سه‌ر ڕوخسارى ئاو نه‌ده‌كێشا

له ‌دارتێلى شه‌قامه‌ نه‌بووه‌كان ڕانه‌ده‌مام

نه‌مده‌ڕوانییه‌ حوزنى په‌روانه‌كان

له ‌ئه‌ستێره‌كان تووڕه‌ نه‌ده‌بووم

به‌یته‌ غه‌زه‌لییه‌كانم بۆ مانگ نه‌ده‌نارد

گالیسكه‌ كۆنه‌كانى سۆمه‌رم

نه‌ده‌هێنایه‌ نێو شه‌قامه‌كانى شاره‌وه‌

به ‌هیرۆگلیفى حیكایه‌تى خۆمم نه‌ده‌نووسییه‌وه‌

بێگومان ئه‌گه‌ر هه‌بام

له ‌نێو هیچ ساتێكى ئه‌م زه‌مه‌نه‌دا نه‌ده‌بووم

له‌ هیچ تۆبۆگرافیایه‌كى شوێنه‌كانیدا نه‌ده‌گه‌ڕام

...........؟!

...........!؟