ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چەند لەمێژە بە دوای ڕۆژێكی خۆش دا دەگەڕێم،

گوتیان دوای چەند ڕۆژی دی خۆر هەڵدێ.

ئەو ڕۆژەش خۆم گرت،

بەو ئاواتەوە بەردەوام بووم.

لە مێژە ڕۆژەكان دەژمێرم،

چاوم لە سەر چركەكان گڕداگرتووە.

قنیاتم نییە بۆ چاوداگرتنی خۆر،

ڕاوەستانم نییە بۆ هاتنی،

ترپەی دڵی خۆم بەر گوێی تاریكی دەكەوێت.

هەروا خەریكم سەری بابەتەكە بكەمەوە،

خەریكم بە ئانقەست دڵی خۆم دەدەمەوە،

ئەوەند ساڵەی من هەم، ڕۆژەكان دەژمێرم و لە عیشقی كەس نەگەیشتم!

نەمتوانی باوەڕی تۆ وەك خۆم لێبكەم.

نیو سەدە زیاترە،

هەفتەكان دەژمێرم، لەوە حاڵی نەبووم چیدەكەم.

گەر سەدەیەكیش ئەو ئاسنە بكوتم،

جگە لە دووبارەبوونەوە ناگەم بە كۆتایی.

بەدیار ژماردنی ڕۆژەكانەوە دەخەجڵێم و بیر لە قیامەت ناكەمەوە!

دەترسێم و بیر لە سەركەوتن ناكەمەوە!

چەند ساڵە هەم!

چەند ساڵە ڕوبار من حیساب دەكات و ناهێڵێت شەپۆلی كۆتایی ببینم.

دەمێكە ئاسمان حیسابم دەكات و ناهێڵێت تخوونی خوا بكەوم.

دەمێكە مردن دەبینم، ناهێڵێت حیكمەتەكانی فەرامۆش بكەم.

وەرزەكان، حیسابێكی دروست و ڕاڤەیەكی دروستیان جێهێشتووە.

لەو سەرشێتیەی سروشت ناگەم،

چێژی هەموومانی داناوە.

من شەوانە لە ئاوێنەكەوە، چێژی ڕووتبوونەوەی چی شیعر هەیە دەیبینم.

لە تەنیایمدا، چی خەجاڵەتی هەیە دەیبینم.

لە كاتی گۆرانی گوتندا، چیم بەسەر زاریدابێت دەیڵێم.

لە مێژە من لە دایكبووم!

قەیدی منداڵیم نەشكاندووە.

بەرپێی ئەو گڕوانە كەوتووم، نە زللەیەك ڕاستم دەكاتەوە نە وچانێك!

ژێر پێی خەیاڵێكی سەیر كەوتووم،

زۆر جار وەك حەلاج، دەبمەوە بەخۆم و سەرابی بەهەشتێك دێنمەوە ماڵ.

جاری وایە زۆر گلەیم لە خۆم هەیە، كە شكانێك ناهێڵێت بنووم.

زۆر جار لە خۆم ڕازیم، كە وڵامی مردن نادەمەوە.

لە گێلی ئەو دونیایە، گومانێكم بۆ دروست بووە،

ئاخۆ ئەو لەشێتی چێژەكاندا سەوزدەبێت!؟

ئاخۆ لەوەستانی دڵەكاندا، ئۆخژنی دێت؟

ئاخۆ لە دروستكردنی خوێن و ڕشتنی خوێندا، دەچێتە چ حەژمەتێكەوە؟

گومانێكم بۆ دروست بووە،

فڕین لە چ زەمەنێكدا پەیدا بوو؟

بۆچی باڵندەكان دوای فڕین دەنیشنەوە؟

گومانێكم بۆپەیدا بوو،

ئەو كەونە چ قازانجێك دەكات، گیانی داوەتە چنارێك و لە وەرزێكیشدا گاڵتە بە گەڵاكانی دەكات؟!

دڵی خۆم بەوە خۆش دەكەم، پاڵەوانی ڕۆمانێك

بە ئەتەكێتەوە دەپەیڤێ.

ژنێك لە عیشقدا شێت دەبێت!

دڵی خۆم بەوە خۆش دەكەم، دەتوانم لە شیعرێدا دەنگی بەیانییەكان بنووسمەوە.

دەتوانم چیرۆكێكی درێژ بنووسم و بۆ خەمی درواسێكەمی تێدا بهۆنمەوە.

خۆم بەوە ڕازی دەكەم،

درۆ لەگەڵ دەورو بەرم بكەم، بڵێم بەڵێ عاشق بووم!

چەند ساڵە دەژیم، لەوساتەوە شەوانە خەونی كۆتایی دەبینم!

بیرم نایە وەك گەورەیەك كارم كردبێت،

هەمیشە منداڵانە چوومە پێش.

تا پەنجەكانم نەبوون بەدووكەڵ نەپرینگاومەوە،

پێیان گوتم دەی هەدادە،

تا چریكەی خۆر، لەسەر بانیژەی ئومێدەكانت بكەوێ.

لە مێژە هەم،

خەریكە لە دیدی خۆم، دەبم بەتەم.