ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شنەیەکم لە کۆڵان ڕاگرتووە

نەمهێشتووە،

شەرابی ئەو یەقینە پڕکـا لـــە نەی !

نەمهێشتووە،

خوێنی پایــز بزەیەک لە شەنگیت تەڕ کــاو

بە خرینگەی خڕخاڵــی

ڕستەیەکی شیریندا بێتە خوارێ !

بۆیە ڕۆژ نیە پیریم

لەسەر شەقام نەهێنمەوە .

شەو نیە ،

خەونێکی شینم لێ ون نەبــێ !

تاکو دوا پرسیارم پەنجە دەبا ،

بۆ پەرداخە حەرامەکانی چەپەری تەنیایــی

لای برینی ئێوارەیەکم دانیشە

ئەو دەمەی ،

گریان بە فانۆسێکـەوە

لە ماڵە نارنجیەکەی شیعر دێتەوە !

ئەو ڕۆژەی بەفــر

گاڵتەی بە پاساریەکانــی

بن ساپیتەی ئومێد دەهات !

ئەو ڕۆژەی پایز ،

پێی شەرم نەبوو

برینەکانی لەبەر تاڤگەی هەنیسکم هەڵخــا

ئەو ڕۆژە بوو،

کەس نەهاتەوە ماڵـی عیشق !

ئەو هەموو گۆرانیە لەباران بەجێمان

ئەو هەموو ڕستانە ،

لە ژێر ڕەنوی بەفری تەماشات ڕەقبوونەوە !

تکام لێ کردی مەڕۆ

توخــوا مەڕۆ !

ئەی من ،

شوشە عەترەکانـــی شیعر

لە شەونمی کام سەحەرە پڕکەمــەوە ؟!