ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشێکی زۆری خەڵکی رۆژانە رووبەرووی گوشاری دەروونی جۆراجۆردەبنەوە، لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا نزیکەی %70ی خەڵکی وڵاتەکە گوشاری دەروونییان هەیە، توێژینەوەی زۆریش لەبارەی کاریگەرییە خراپەکانی گوشاری دەروونی لەسەر جەستە کراون و دەریانخستووە، گوشاری دەروونی مەترسیی تووشبوون بە بەرزەپەستانی خوێن، شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و خەمۆکی زیاددەکات. 

یەکێک لە رێگە کاریگەرەکان بۆ کەمکردنەوەی سترێس وەرزشکردنە، زۆر دەمێکە بە زانستی سوودەکانی وەرزشکردن سەلمێنراون، بەوپێیەی ئەوانەی وەرزشدەکەن ئەگەری تووشبوونیان بە چەندین نەخۆشیی کەمتردەبێتەوە.

پزیشکان دەڵێن بەردەوام وەرزشکردن مەترسیی تووشبوون بە دڵەڕاوکێی بەردەوام و گوشار کەمتردەکات و کەسەکە لەکاتی بوونی گوشارێکی دەروونی باشتر رووبەرووی دەبێتەوە. وەرزشکردن ئاستی هۆڕمۆنەکانی گوشار کەمدەکاتەوە بەتایبەت کۆرتیزۆل، کە لەماوەی گوشاری دەروونیدا دەردەدرێت و چەندین کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەندامەکان دروستدەکات، لەهەمانکاتدا بەهۆی وەرزشکردنەوە ئیندۆرفینەکان زیاتر دەردەدرێن، ئەمانەش ئەو پێکهاتە کیمیاییانەن کە کاردەکەنە سەر میزاج و ئازار لابەری سروشتین.

یەکێک لە پاشهاتەکانی بوونی گوشاری دەروونی بریتییە لە کەمخەوی، کەمخەوی و گوشاری دەروونی پەیوەندی راستەخۆیان بەیەکەوە هەیە، بەوپێیەی ئەگەر کەسێک گوشاری دەروونی هەبێت تووشی کەمخەوی دەبێت، هەروەها ئەوانەی کەمخەون بەدرێژایی رۆژ زۆرتر رووبەرووی گوشاری دەروونی دەبنەوە و باری دەروونییان تێکدەچێت، بۆیە وەرزشکردن هەردوو گرفتەکەت بۆ چارەسەردەکات.

پزیشکانی پسپۆڕی دەروونی روونیدەکەنەوە، وەرزشکردن یارمەتیدەرە لە زیادکردنی هەستی متمانەبەخۆبوون بۆیە ئەمە بەگشتی بۆ لایەنی دەروونی سوودی هەیە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رێنماییدەدات لایەنی کەم لە هەفتەیەکدا 170 خولەک وەرزشبکرێت.