ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دۆڵی روم یان دۆلی مانگ، ئەم دۆڵە بەوە لە قەڵەم دراوە كە ئاوێتەكەیە لە سروشت و كەلتوور. یەكێكە لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە درێژایی 482 كیلۆمەتر بەناو بیابانی باشوری وڵاتی ئوردندا درێژ دەبێتەوە. ئەم دۆڵە تایبەتمەندییەكی سەرنجڕاكێشی خۆی هەیە، بەشێوەیەك كە چیا لماوییەكانی و پێكهاتەی تاشەبەردەكانی بۆتە مایەی راكێشانی گەشیارانی سروشتدۆست لە سەرتاسەری جیهانەوە. هاوكات، بەهۆی پێگە مێژوویی و كەلتوورییەكەیەوە كە دەگەڕێتەوە بۆ 12000 ساڵ لەمەوبەر، بۆتە هۆكاری ئەوەی كە ئەو كەسانەی تامەزرۆی مێژوون رووی تێبكەن. لەبەر گرنگی و بێ هاوتایی ئەم شوێنە بیاباناوییە، لە ساڵی 2011 یونیسكۆ بە كەلتوورێكی جیهانی هەژماری كردووە.

دۆڵی روم لەلایەن ئەفسەری بریتانی تی ئی لۆرەنس بە وڵاتانی رۆژئاوا ناسێندراوە. ئەمەش، لە سەردەمی یاخیبوونە عەرەبییەكاندا بووە، لە نێوان ساڵەكانی 1917-1918، ئەو ناوچە بیاباناوییەی كردووە بە بارەگای سەربازی و ماڵی خۆی.

بەپێی ماڵپەڕی چاودێری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی دیمەنە ئەفسوناوییەكانی دۆڵی روم، بەم دواییە لەلایەن هەندێك لە كۆمپانیاكانی هۆڵیودەوە، وەك كۆمپانیای دیزنی، سوودی لێ وەرگیراوە بۆ وێنەگرتنی چەند فیلمێك وەك: عەلادین و شەڕی ئەستێرەكان. چەند شوێنێكی جیاوازی سەرنجڕاكێشیش لەم بیابانەدا هەن كە گرنگترینیان: پردی تاشەبەردی بوردا و كانیاوی لۆرەنسە.