ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگاى کوردستان 

ئاڵۆزییەکان لە عێراق بەردەوامیان هەیە و ڕێککەوتنەکەى هەولێر و بەغداش بە هەمان هۆکار دواکەوتووە، لیژنەی نەزاهە داواى ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کودستان دەکات و ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقیش ڕاى دەگەیەنێت تا پەسەندکردنى پڕۆژەیاسای بودجە، مەترسی لەسەر مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم دروست نابێت.

سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراقی کردووە، داواى ڕاگرتنى شایستە داراییەکانى بۆ هەرێمى کوردستان کردووە. سابت محەمەد عەباسی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق لە نووسراوەکەیدا باسی لەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت و داهاتەکانی دیکەى فیدراڵی ڕادەستی بەغدا ناکات، هەربۆیە پێویستە ڕەوانەکردنی پارە بۆ هەرێم ڕابگیرێت. بە گوتەى سەرۆکى لیژنەى دەستپاکى لە پەرلەمانى عێراق، داواکارییەکەى بۆ ڕاگرتنى پارە پاڵپشتە بە مادەی 27ی یاسای کارگێڕی دارایی ژمارە شەشی ساڵی 2019 و هۆشداریشی داوە لە ئەنجامەکانی سەرپێچی وەزیری دارایی یان هەر بەرپرسێکی دیکە لەو یاسایە.

بەگوێرەی ڕێککەوتنی سەرەتایی هەولێر و بەغدا لە بەرانبەر ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە لایەن هەرێمى کوردستانەوە، حکوومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێم ڕەوانە دەکات، بەڵام وەک شارەزایان باسی دەکەن ئەم ڕێککەوتنە سەرەتاییە لەدواى پەسەندکردنى پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵى 2020 دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

بەهۆی کێشەی سیاسی، بەردەوامى خۆپیشاندانەکان، کوشتنى قاسم سولەیمانى و ئەبومەهدى موهەندیس و هاوکات دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی حکوومەت تا ئێستا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2020 نەکردووە و ئاسانیش نییە لەماوەیەکى کەمدا ئەو پڕۆژە یاسایە دەنگى لەسەر بدرێت.

سەرەڕاى ئەوەى ڕێککەوتنەکەى هەولێر و بەغدا بۆ دواى پەسەندکردنى بودجەى ساڵى 2020ە، بەڵام ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران باس لەوە دەکەن کە نووسراوەکەی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و داواکارییەکەی بۆ ڕاگرتنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، جێبەجێ ناکرێت، بەو پێیەى پێشتر ڕێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا هەبووە و تا ئێستاش کاری پێدەکرێت.

هەرچەندە نزیکەى سێ هەفتە لە ساڵى نوێ تێپەڕیووە، بەڵام بەهۆى پەسەندنەکردنى پرۆژەیاسای ساڵى 2020ەوە بە گوێرەی یاسای ئیداری مالی لەسەر بودجەی 2019 بە ڕێژەی یەک لەسەر دوانزە حکوومەتی عێراقی کارەکانی ڕایی دەکات و لە هەمان چوارچێوەشدا مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەکرێت.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق لە ساڵی 2019 تا ئەوکاتەى یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵى 2020 دەنگی لە سەر نەدرێت، مانگانە یەک لەسەر دوازدە ١/١٢ لە بودجەی ساڵى 2019 خەرج دەکرێت، لەژێر ڕۆشنایی ئەم دەقە یاساییەشدا دابینکردنى مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان لەلایەن حکوومەتى فیدراڵى عێراقەوە بەردەوام دەبێت.

هەرچەندە نووسراوەکەی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق بۆ ڕاگرتنى شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان پاڵپشتە بە مادەی 27ی یاسای کارگێڕی دارایی ژمارە شەشی ساڵی 2019(بە گوێرەی یاسایی ئیدارەدانی دەوڵەت ئەگەر پارێزگاکان و یان هەرێمەکان یان ناوچەکانی ڕێکنەخراو لەناو هەرێمێکدا داهاتەکانی نەوت و گازیان ڕادەست نەکرد، وەزارەتی دارایی دەتوانێت پشکی ئەو شوێنانە کەمبکاتەوە)، بەڵام ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران بۆچوونیان وایە کە ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ دروستکردنى فشارە لەسەر هەرێمى کوردستان و مەرج نییە حکوومەت کاری پێبکات.

غالب محەمەد ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق سەرەڕاى ئەوەى بۆچوونى وایە کە ئەم هەنگاوەى سەرۆکى دەستەى نەزاهە هیچ کاریگەرییەکى بۆ ئێستا نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر هەرێمى کوردستان نییەتێکى باش پیشان نەدات، کاریگەری نەرێنى بۆ یاسای بودجەی ساڵى 2020 دەبێت.

ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕەخنەى ئەوە لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەگرێت کە تا ئێستا یەک بەرمیل نەوتی تەسلیم نەکردووە، بۆچوونیشی وایە کە ئەم هەڵوێستەى حکوومەتى هەرێم بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى هاووڵاتییان و مووچەخۆرانى هەرێم یەکناگرێتەوە، بە پێچەوانەوە هێزە سیاسییەکان تەنیا خەمى خۆیانە.

پرۆژە یاسای بودجەی ساڵى 2020 کە پێویست بوو لە 10ی تشرینی یەکەم بچێتە پەرلەمان، دواخرا بۆ ڕۆژى 10ی تشرینی دووەم، بەهۆى چەند هۆکارێک کە گرنگترینیان ڕێکنەکەوتنى هەولێر و بەغدا و بەردەوامى خۆپیشاندانەکان بوون، ناردنى پڕۆژەکە بۆ هەفتەیەکى دیکەش دواخرا، بەڵام ئەمجارەش نەتوانرا پڕۆژەکە ڕەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بکرێت و ئێستاش دیار نییە کەى خوێندنەوە بۆ ئەم پڕۆژەیە دەکرێت.