ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگاى کوردستان 

ئاڵۆزییەکانى عێراق لەدواى کوشتنى قاسم سولەیمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی هێشتا ئاسایی نەبوونەتەوە و ئەمریکاش بێگوێدانە بڕیارەکەى پەرلەمان و ناڕەزایەتییەکانى ئێران، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەستپێدەکاتەوە، هەرێمى کوردستانیش داواى هێورکردنەوەى دۆخەکە و ڕێگرى لە ئەنجامدانى جەنگێکى نوێ لە ناوچەکەدا دەکات.

ڕۆژی 5ی ئەم مانگە، دوابەدواى کوشتنى قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەبێ ئامادەبوونى نوێنەرانى کورد و لیستە سونییەکان، بە دەنگى 168 ئەندامی ئەنجوومەن سەرەڕاى ئیدانەکردنى پێشێلکارییەکانى ئەمریکا لە عێراق، هاوکات داوایان کرد هێزەکانى ئەمریکا وڵاتەکە جێبهێڵن.

ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە و دواى نزیکەى 10 ڕۆژ لە بڕیارەکەى پەرلەمان و ڕاگرتنى کاری هاوبەش و ڕاهێنان لەگەڵ سوپای عێراق، پێنتاگۆن بڕیاریدا ئەمریکا دەست بەکارەکانی لە عێراق بکاتەوە و هاوکات یەکێتیى ئەوروپاش جەخت لە مانەوەى هێزەکانى لەناو خاکى عێراق دەکاتەوە.

دەستپێکردنەوەى ئۆپەراسیۆنەکانى ئەمریکا لەناو خاکى عێراق، لەکاتێکدایە کە ڕۆژى 10ى ئەم مانگە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق داوای لە مایک پۆمپیۆ کردووە، بەمەبەستى دانانى پلانێک بۆ کشانەوەى هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق شاندێک بنێرێت بۆ بەغدا، بەڵام ئەم داواکارییە هەرزوو لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بە فەرمی ڕەتکرایەوە.

لەم بارەیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕای دەگەیەنێت، وڵاتەکەی هیچ پلانێکیان بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق نییە و کار بۆ هێشتنەوەی هێزەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، جۆناسان هۆفمان گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە‌ وڵاتەکەی تەنیا لەهێرشەکانی ئێران نیگەران نییە، بەڵکو لە هێرشی بریکارەکانیشی نیگەرانە کە مەبەستی حەشدی شەعبی و حزبوڵا و هاوشێوەکانیەتى لەناو خاکى عێراق.

جگە لە دەستپێکردنەوەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپاش جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرگیز هێزەکانیان لە عێراق ناکشێنەوە و بارگرژییەکانیش هیچ کاتێک نابنە هۆکارى کشانەوەى هێزەکانیان لەناو خاکى عێراق، پیتەر ستانۆ گوتەبێژی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا ڕاى دەگەیەنێت هیچ هەوڵێک لە ئارادا نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لە عێراق، ئەوەی بڵاوکراونەتەوە لەوبارەیەوە ڕاست نین، "یەکێتیی ئەوروپا هەرگیز عێراق بە تەنیا بەجێناهێڵێت و بەردەوام دەبن لە هاوکارییەکانیان بۆ گەلی عێراق". ئەوە گوتەى گوتەبێژی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپایە.

دەستپێکردنەوەى ئۆپەراسیۆنەکانى ئەمریکا و جەخت کردنەوە لەمانەوەى هێزەکانى یەکێتیى ئەوروپا لەکاتێکدایە کە عێراق لەسەر زارى گوتەبێژی سەربازیی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەرەوە ڕەتى کردووەتەوە کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ڕەزامەندی لەسەر دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای ئەمریکا، لەگەڵ هێزەکانی عێراق دابێت، بەڵام بە بەراورد بە سەرەتاى بارگرژییەکان هەڵوێستى عێراق گۆرانکارى بەسەردا هاتووە، بەوپێیەى سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی لەوە کردووە کە کشانەوەی هێزە بیانییەکان دەبێت بە دۆستانە بێت، "ئەوان لە ڕووی ئابووری و ئەمنی و مرۆییەوە هاوکاری عێراقیان کردووە و دەبێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵیان بپارێزین".

کۆمارى ئیسلامى ئێران کە لایەنێکى گرنگى ئەم ناکۆکییانەیە لە عێراق، دواى هێرشە مووشەکییەکانى کەمتر بەشێوەى ڕاستەوخۆ خۆى بە دۆخى ئێستاى عێراقەوە گرێ دەدات و دەیەوێت لە ڕێگەى ناوخۆی عێراقەوە فشارەکان بۆ سەر ئەمریکا چڕ بکاتەوە، ئەمەش بە هاوکارى ئەو گرووپانەى کە لەلایەن ئەو وڵاتەوە پشتیوانى دەکرێن.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران سەرەڕاى ئەوەى بۆچوونى نەگۆڕی وڵاتەکەى سەبارەت بە ئەمریکا دەخاتە ڕوو، هاوکات ڕەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق بکات، زەریف ڕاى دەگەیەنێت کە واشنتۆن هەوڵێکی زۆریداوە بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەرکردنی هێزەکانیان نەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ڕوونى دەکاتەوە کە ئەگەر عیراقییەکان لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتەدابن ئەوا تاران دژایەتی ناکات.

ئەم گوتانەى وەزیری دەرەوەی ئێران، لەکاتێکدایە کە ئەو وڵاتە لە ڕێگەى ئەو گرووپانەى لەناو خاکى عێراقن و پاڵپشتیان دەکات، هەوڵدەدات پێگەى ئەمریکا لەناو خاکى عێراق لەق بکات، ئەم هەوڵەش لەسەر چەند ئاستێکى جیاواز پەیڕەو دەکات، بەشێوەیەک ئەو میلیشیایانە هەڕەشەی بەردەوام لە هێزەکانی ئەمریکا دەکەن.

لەلایەکى دیکەوە بڕیارە بۆ هەمان مەبەست لەسەر داوای موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، خۆپیشاندانی ملیۆنی لە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەڕێوە بچێت و تا ئێستاش جگە لە هاوپەیمانی فەتح، چەند گرووپێکى دیکە پشتیوانى هەڵمەتەکەیان کردووە و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە ڕەوایەتى بە بڕیارەکەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بدەن و بە گوتەى چەند پەرلەمانتارێکى شیعەش خۆپیشاندانە ملیۆنییەکەیان هاوشێوەی ڕاپرسییەکی گشتییە، بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق.

چاودێرانى سیاسی ڕاى دەگەیەنن کە لەم دۆخەدا شیعە هیچ پاڵپشتییەکى سونە و کوردی نییە و ئەو دوولایەنە بۆچوونیان وایە کە سەرەڕاى ئەوەى دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق کارێکى ئاسان نییە، هاوکات باس لەوەش دەکەن کە هەڵوێستەکانى شیعە، بەتایبەتى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، کاردانەوەیەکی بەپەلە بووە دژی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس.

لەو چوارچێوەیەدا نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەرەڕاى ئەوەى جەخت لە پێویستى مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق دەکاتەوە، هاوکات باس لەوەش دەکات کە بڕیارەکەی پەرلەمان باش نەبووە و تەنیا لەلایەن کوتلەی شیعەوە دراوە بێئەوەی ڕاوێژ بە پێکهاتە سەرەکییەکانی دیکەی وڵات بکرێت. 

بەپێى زانیارییەکان لەدواین کۆبوونەوەى نێوان عادل عەبدولمەهدی و نێچیرڤان بارزانى باس لە ڕێکخستنەوەى شێوازی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کراوە و بۆچوونێکى هاوبەش بۆ دەرکردنى هێزە بیانییەکان لە عێراق نەبووە.