ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئه‌مینداری گشتی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق، هەڕەشە لە ئەمەریکا دەكات و سوپاسی سەدر دەکات.

قه‌یس خه‌زعه‌لی، ئه‌مینداری گشتی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق هەڕەشەی لە ئەمەریکا کرد و رایگەیاند "خۆپیشاندانی ملیۆنی په‌یامی گه‌لی عێراق بوو بۆ تره‌مپی گه‌مژه‌، بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی بوونی ئه‌مەریكا له ‌وڵات".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مەریكا نه‌كشێنه‌وه‌، ئه‌وا ناچاریان دەکەین بكشێنه‌وه".

خەزعەلی، سوپاسی موقته‌دا سه‌در، رێبەری ره‌وتی سه‌دریشی کرد، كه‌ ده‌ستپێشخه‌ری رێكخستنی خۆپیشاندانی ملیۆنی کردووە.

لەلایەكی دیكە میلیشیای کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات و دەڵێت، لە عێراق و ناوچەکەش دەریان دەکەین.

لە راگەیەنراوێکی میلیشیای کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقدا هاتووە "خۆپیشاندانی ملیۆنی پەیامێکی روون بوو بۆ ئاقڵمەندانی ئەمەریکا، بۆ گوشار خستنە سەر دەستەڵاتدارانی گەمژەی وڵاتەکەیان، بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان لە عێراق".

هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا، ئاماژە بە بەردەوامی شۆرش کراوە، تا دەرکردنی ئەمەریکا، نەوەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە تەواوی ناوچەکە و رۆژئاوای ئاسیا.