ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا روکن عەبدولکەریم خەڵەف رایگەیاند کە بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتی بەرگریی دۆسیەی ئەمنی حەوت پارێزگا رادەستی وەزارەتی ناخۆ دەکات.

لیوا روکن عەبدولکەریم خەڵەف لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی نیمچە فەرمی عێراقییە ئاشکرایکردووە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بڕیاری داوە کە دۆسیەی ئەمنی حەوت پارێزگا لە لایەن وەزارەتی بەرگرییەوە رادەستی وەزارەتی ناخۆ بکرێت.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا روکن عەبدولکەریم خەڵەف ئاماژەی بەوەیشکردووە کە بڕیارەکە پارێزگاکانی بابل، نەجەف، دیوانییە، واست، موسەننا و میسان دەگرێتەوە، بەڵام دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکانی کەربەلا، زیقار و بەسرە بە هاوبەشی لە نێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندییەکانی پۆلیس بەڕێوەدەبرێن.

لیوا روکن عەبدولکەریم خەڵەف ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ئامانج لەو بڕیارە ئەوەیە دەسەڵاتی زیاتر بدرێت بە فەرماندەییەکانی پۆلیس بۆ ئەوەی راستەخۆ سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی لەو حەوت پارێزگا بکەن، بەڵام لە کاتی پێویستدا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان پاڵپشتی پێشکەش بە هێزەکانی پۆلێس لەو پارێزگایانەدا دەکەن.

لە ٢٨ی تشرێنی دووەمی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق شانەی قەیرانەکانی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری وڵات بەسەرۆکایەتی ژمارەیەک گەورە ئەفسەر لە سوپا پێکهێنابوو بە ئامانجی ئەوەی دۆسیەی ئەمنی لەو پارێزگایانەدا بەڕێوەبەرن.