ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نەتەوە یەكگرتوەكان ناڕەزایی لە بەرامبەر "رێککەوتننامەی سەدە" دەردەبڕێت و رایگەیاند، چارەسەركردنی كێشەی ئیسرائیل-فەڵەستین لە روانگەی دو وڵات، ساڵانێكە بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنجومەنی گشتیی نەتەوەیەكگرتوەكان ناسێنراوە.

دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پلانی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی فەڵەستین و ئیسرائیل راگەیاند، کە لە ژێر ناوی "رێککەوتننامەی سەدە" بڵاویکردەوە.

وتەبێژی ئەنتۆنیۆ گوتەرێس، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "هەڵوێستی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ چارەسەری دو دەوڵەت، ئەوەیە ساڵانێكە بە بڕیاری ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناسێندراوە".

بەپێی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ، قودس وەک پایتەختی "بەشنەکراو"ی ئیسرائیل قبوڵدەکرێت، جەختی لەوەشکردەوە، پلانەکە دوایین دەرفەتە بۆ فەڵەستینییەکان.

دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەگەڵ بینیامین نەتانیاھو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەشێوەیەکی تاکلایەنە، پلانی ئاشتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی بۆ رایگشتیی ئاشکراکرد.

ترەمپ تیشکی خستەسەر ئەوەی بەناو پلانەکە لە 80 لاپەڕە پێکھاتوە و جەختی لەوەکردەوە ماددەی زۆر بە نرخ لەخۆدەگرێت بۆ ئیسرائیل و فەڵەستینیش.