ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

   چین.. ماوەی حەوت رۆژە هیچ توشبویەكی كۆرۆنا تۆمارنەكراوە

لیژنەی تەندروستی نیشتیمانی چین جەختیكردەوە، ماوەی حەوت رۆژە ژمارەی توشبوان لە ناوخۆی وڵاتەكە "سفر"ە و سەرجەم توشبوانی نوێ تۆماركراو لە دەرەوەی وڵاتەوە رۆشتونەتە ناو چین.

لە نوێترین راگەیەندراویدا، ئەمرۆ پێنجشەممە لیژنەی تەندروستی نیشتیمانیی چین ئاماژەی بەوەكردوە "لەماوەی حەوت رۆژی رابردودا سەرجەم توشبوانی نوێ تۆماركراو لە چین، ئەو گەشتیارانەن كە لە دەرەوەی وڵات سەردانییان هاتونەتە چین".

ئاماژە بەوەشكراوە "لە 24 كاتژمێری رابردودا 20 حاڵەتی نوێی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە و كۆی گشتی حاڵەتە نوێ تۆماركراوەكانی حەوت رۆژی رابردو گەیشتوەتە 67 كەس كە هیچیان حاڵەتی ناوخۆی وڵات نین".

وڵاتی چین و هەرێمی هوبێی لەو وڵاتە، بە ناوەندی سەرهەڵدان و بڵاوبونەوەی پەتای كۆڤید-19 ناویدەبرێت، بەڵام پاش سێ مانگ لە جەنگ و روبەڕوبونەوەی سەخت، توانی كۆنترۆڵی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە بكات و لەئێستادا سات لەدوای سات رێژەی توشبوان و مردوان لەو وڵاتە بەشێوەیەكی بەرچاو لە داكشاندایە.

بەگوێرەی دوائامارە فەرمییەكانی چین، لەو وڵاتە تا ئێستا 81 هەزار و 285 حاڵەتی توشبون تۆماركراوە، سێ هەزار و 287 توشبو لەو وڵاتە گیانیانلەدەستداوە و لە بەرامبەریشدا 74 هەزار و 51 توشبو چاكبونەتەوە و پەتاكەیان پەراندوە.