ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند كە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەیاننامەیەك لەسەر رێكخراوی تەندروستیی جیهان بڵاودەكاتەوە و ئاماژە بەوەیش دەكات كە شێوازی مامەڵەكرنی ئەم دواییەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19 )، زۆر جێگەی داخە.

دۆناڵد ترەمپ لە میانی چالاكییەكدا لە كۆشكی سپی ئاشكرای كرد كە بەم نزیكانە بڕیارێك سەبارەت بە هاوكارییە داراییەكانی ئەمریكا بۆ رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەردەکات و باسی لەوەكرد كە بیری كردبوویەوە هاوكارییە داراییەكان بە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی كەم بكاتەوە، بەڵام ژمارەیەك كەس هەستیان كرد ئەو بڕە پارەیە زۆرە.

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی لەبەرچ ھۆکارێک لە کۆنگرەی ساڵانەی رێکخراوی تەندروستیی، گوتاری پێشکەش نەکردووە گوتی: "وام بە باشی زانی کە گۆتار لە کۆنگرەکەدا پێشکەش نەکەم و لە داھاتوویەکی نزیکدا، بەیاننامەیەک لەسەر رێکخراوی تەندروستیی جیھانی بڵاودەکەمەوە، جگە لەوەش من پێم واییە، ئەوان بەم دواییە کاری وایان کردووە کە زۆر جێگەی داخە".

لە ٣٠ی كانوونی دووەمی رابردوو، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بەهۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19 )ەوە باری لەناكاوی رایگەیاند و هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی بڵێت "چین هیچ هەڵەیەكی نەكردووە" وێرای ئەوەی ڤایرۆسەكە بۆ یەكەمجار لە شاری وهان رۆژهەڵاتی چین سەریهەڵدا.

بەهۆی ئەو كارەوە، سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ رەخنەی لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی گرت و لە مانگی ئاداری رابردوودا، هاوكارییە داراییەكانی ئەمریكای بۆ رێكخراوەكە كەم كردەوە.

پێشتر ئەمریكا ساڵانە، ٤٠٠ ملیۆن دۆلار وەك هاوكاریی دارایی، پێشكەش بە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەكرد.

هاوکات وەزیری تەندروستیی ئەمریكا، ئەلێكس ئازار رایگەیاندبوو كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە پێدانی زانیاری گرنگ سەبارەت بە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19 ) بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی شكستی هێناوە كە بەهۆیەوە خەڵكێكی زۆر بوونەتە قوربانی.

دوێنێ‌ دووشەممە ٧٣هەمین كۆنگرەی ساڵانەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەستی پێ كرد كە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.