ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە ترسی تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، حکوومەتی عێراق کۆتایی هێنان بە پرۆسەی خوێندنی پۆلە ناکۆتاکان بۆ ئەمساڵ راگەیاند، هاوکات قەتەر چالاکییە بازرگانییەکانی بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسارد.

لەوبارەیەوە وەزارەتی پەروەردەی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە کە کۆتایی بە پرۆسەی خوێندنی پۆلە ناکۆتاییەکان بۆ ئەمساڵ هێناوە، هەروەها بڕیارداوە نمرەی وەرزی یەکەم بۆ ده‌رچوونی قوتابیان له‌ قۆناخه‌كانی سه‌ره‌تایی و ناوەندی هەژمار بکرێت.

تا ئێستا لە عێراق، سێ هەزار و ٥٥٤ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون کە ١٢٧یان گیانیان لەدەستداوە و ٣١٠ی دیکەیشیان چاکبوونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی قەتەر لە چوارچێوەی گرتنبەری رێوشوێنەکان بۆ بەرگرتن لە تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیارێکی نوێ دەرکرد.

بەپێی بڕیارەکە، چالاکییە بازرگانییەکان لە قەتەر تا ٣٠ی ئەم مانگە بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسێردراوە، بەڵام بڕیارەکە فرۆشگاکانی خۆراک، دەرمانخانە و چێشتخانەکان ناگرێتەوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی قەتەر داواشی لە هاووڵاتییان و ئەو کەسانەی کە لەو وڵاتە نیشتەجێن کردووە لە کاتی دەرچوونیان لە ماڵەکانیاندا، پابەندبن بە رێنماییەکانی خۆپارێزی.

تا ئێستا کۆی گشتیی ئەو کەسانەی کە لە قەتەر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، گەیشتووەتە ٣٣ هەزار و ٩٦٩ کەس کە ١٥یان گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و ٨٩٩ی دیکەیشیان چاکبوونەتەوە.