ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

سازدانی: ئاودێر

لەم دیمانەیەدا کە تایبەتە بە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕای دەگەیەنێت کە کارنامەکانی حکوومەت چوارچێوەی دروشم و خۆزگە تێناپەڕێنن و باس لەوەش دەکات حکوومەت لەماوەی پێکهێنانییەوە تەنیا پرسی کاتەکانی دەوامی فەرمانبەرانی باس کردووە. هەڵەدنی ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە پرسی کێشەی پاشەکەوت، گرفتی پێنج ساڵی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، فەرمانبەرانی گرێبەست و خۆبەخش لە کارنامەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران باس نەکراوە. ئەو پەرلەمانتارە لەوباوەڕەدایە کە ئەو داهات و سەرچاوە مادی و مرۆییەی لە کوردستاندا هەیە دەتوانرێت حکومڕانییەکی باشتری پێبکرێت و داواش دەکات ئەم کابینەیە نەوت و داهاتەکان شەفاف بکات و بیانخاتە خزمەتی هاووڵاتییان.

 

حکوومەتی نوێ کە لەچەند لایەنێکی جیاواز پێکهاتووە، هیچ کارنامەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان هەیە؟

کارنامەی حکوومەتی نوێ هەر ئەوە بوو کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دوای وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمانی کوردستان خوێندییەوە، بەگوێرەی مادەی 68 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتاران چاودێری کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەن، بۆیە ئێمە وەکو پەرلەمانتاران چاودێر دەبین بەسەر حکوومەتەوە و گوشاری خۆمان بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکە بەکار دەهێنین.

 

بەگوێرەی ئەزموونی کارکردنت لە پەرلەمانی کوردستان، کارنامەی ئەم کابینەیە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ حکوومەتەکانی ڕابردوو هەبوو؟

بەبۆچوونی من ئەوەی کرا تەنیا ناونرابوو کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە خوولەکانی پێشووتردا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وەکو وتار دەیخوێندەوە، هەموو ئەوەی کە گوتراوە بەڵێن بوون، دروشم و خۆزگە و هیوان، بۆیە تاکو کارەکانی ئەم کابینەیەش نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە هیچ لەباری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سووک ناکات و ناتوانین بڵێین ئەم حکوومەتە لەوانەی پێش خۆی جیاواز دەبێت، لەماوەی ئەم مانگەشدا کە حکوومەت پێکهێنراوە جگە لە پرسی کاتەکانی دەوامی فەرمانبەران هیچ شتێکی دیکەمان نەبینیوە.

 

ڕەخنەی ئێوە لە کارنامەی حکوومەتی نوێ چییە کە تۆ بە وتار ناوت برد؟

ڕەخنەی من لەسەر ئەو وتارەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دوای وەرگرتنی متمانە لەناو هۆڵی پەرلەماندا خوێندییەوە ئەوەیە کە تا چەند ویست و ئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە هەیە، ئایا حزبەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران یارمەتیدەری دەبێت بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکە، حزبەکانی دیکەی پێکهێنەری حکوومەت هاوکار و هەماهەنگ دەبن بۆ جێبەجێکردنی، ئەمە جگە لەوەی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەهیچ شێوەیەک باسی لە پاشەکەوتی مووچە نەکرد، هاوکات باسی لە گرفتی پێنج ساڵی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان نەکرد کە لە بارێکی دەروونی ئێجگار گەورەدان، بەهیچ شێوەیەک باسی لە فەرمانبەرانی گرێبەست و خۆبەخش نەکرد، ئەمە جگە لەوەی نەگەڕایەوە بۆ سەر پرسی نەوت و داهات و شەفافییەت لەو بوارەدا، کە پێویستە ئەمانە سەرجەمیان لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بن.

 

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جگە لەو کارنامەیەی لە پەرلەمان خوێندییەوە، دواتریش دوای لەسەرجەم وەزارەتەکان کردووە کارنامەی خۆیان بنێرن، پێت وایە هۆکاری ئەمە چییە؟

ئاساییە هەر وەزارەتێک کارنامەیەکی چوار ساڵی تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەوەی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران خوێندییەوە بریتی بوو لە کۆی کارنامەی وەزارەتەکان، بەڵام درێژەی نەخشەڕێگەی هەر وەزارەتێک بە جیا بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئاساییە و ئێمەش وەک لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن گوشارەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی حکوومەت کارنامەکەی خۆی جێبەجێ بکات.

 

بەڵێنی چارەسەرکردنی سەرجەم گرفتە بنەڕەتییەکان و جیانەکردنەوەی کێشەی سێکتەرە جیاوازەکان تاچەند وادەکات کارنامەی حکوومەت لە بەڵێن تێنەپەڕێت؟

ئەگەر ئەم کابینەیە 50%ی ئەو بەڵێنانەی لەڕێگەی کارنامەکەیەوە داویەتی جێبەجێیان بکات، دەتوانین بڵێین ڕاستگۆ بووە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، هەرچەند جێبەجێکردنی بەڵێنەکان ئەرکی حکوومەتە و بەهیچ شێوەیەک جێگەی منەتکردن نییە بەسەر هاووڵاتییاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە جێبەجێکردنی نیوەی بەڵێنەکان لەم کابینەیەدا مسداقیەت دەگەڕێنێتەوە بۆ کاری سیاسی و پرۆسەی سیاسی، چونکە ئەو داهات و سەرچاوە مادی و مرۆییەی لە کوردستاندا هەیە دەتوانرێت حکومڕانییەکی باشتری پێبکرێت.

 

پرسی مەلەفی نەوت یەکێک بووە لە کێشە هەستیارەکان و پەیوەندی هەولێر و بەغداش لەسەر ئەو بنەمایە دیاریکراون، پێتان وایە ئەم کابینەیە بتوانێت ئەوە کێشەیە تێپەڕێنێت؟

ئێمە هیوادارین کە ئەم کابینەیە بەو سیاسەتە شکستخواردووەی نەوت بچێتەوە، چونکە سیاسەتی نەوت تاکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی شکستخواردوو بووە، ئەو داهاتە گرنگە نەبووەتە مایەی خۆشگوزارانی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، پێشمان وایە ئاڕاستەی دروست لەم رووەوە ئەوەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ڕێک بکەوێت و ئەو بەشەی کە بە 250 هەزار بەرمیل دیاریکراوە ڕادەستی بەغدا و سۆمۆ بکرێت، تاکو بەغداش مووچەی هەرێمی کوردستان و ئیستیحقاقاتە دەستوورییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بنێرێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە مەلەفی نەوت شەفاف و ڕوون بێت نەک وەک ئێستا کە لە خزمەت کۆمەڵێک کەس و گرووپ و خێزاندایە.

 

ئێستا کۆمەڵێک لایەن وەکو ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستاندا کار دەکەن، ئەم پەرلەمانتار و هێزە سیاسییانە کە ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە دەتوانن چی بکەن؟

بەداخەوە ئۆپۆزسیۆن لەڕووی چەندایەتییەوە ژمارەمان کەمە، بە چوار حزب 21 کورسی پەرلەمانمان هەیە، لەڕووی چۆنایەتیشەوە تاوەکو ئێستا ئەم چوار هێزە بەداخەوە نەیاتوانیوە هەماهەنگی تەواو بکەن و لەدەوری پڕۆژەیەکی هاوبەش کە پەیوەندی بە ئۆپۆزسیۆنەوە هەیە کۆببنەوە، چونکە کاری ئۆپۆزسیۆنی کارێکی پیشەییە، ئایدۆلۆژیا و جیاوازی حزبی نابێتە ڕێگر لەبەردەم هاوکاری و هەماهەنگی، ئەوەی پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو، نەوەی نوێ یاخود شیوعی دەیکات کارێکی پیشەییە و لەناو پەرلەماندا دەیکات، بۆیە وا پێویست دەکات ئەم چوار هێزە لانی کەم ئاستی هەماهەنگی و هاوکارییان ببەنە پێشەوە، تموحی لەوە باڵاتر ئەوەیە کە پڕۆژەیەکی هاوبەشیان لەسەر ئاستی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەم چوار ساڵە هەبێت، بەو مەبەستەی لەو ڕێگەیەوە قەرەبووی گرفتی چەندایەتی بکەنەوە بە چۆنایەتییەکی باش.

 

فراکسیۆنەکانی ئەو چوار هێزە سیاسییە هیچ هەنگاوێکیان بۆ ئەو مەبەستە ناوە؟

بەداخەوە تاکو ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە، ئەمەش پەیوەندی بەوە هەبوو کە کۆمەڵی ئیسلامی تاکو پێکهێنانی حکوومەت چاوەڕێی چوونە ناو حکوومەتی دەکرد، برادەرانی نەوەی نوێش کێشەی ناوخۆییان هەبوو، بۆیە هیچ گفتوگۆیەکی جدی لەو بارەیەوە نەکراوە، ئومێدەوارم لەگەڵ وەرزی یاسادانانی نوێدا ئەم چوار هێزە (یەکگرتوو، شیوعی، کۆمەڵ و نەوەی نوێ) ئەو هەنگاوە بنێن، چونکە بەم شێوە پەرتەوازەییەی ئێستا و بە 21 کورسی پەرلەمانی و هەریەکەش لە ئاوازێک بخوێنێت ناتوانرێت نوێنەرایەتی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە بکەین، و ناشتوانین گوشاری راستەقینە بکەینە سەر دەسەڵات.