ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێكی جۆری مارسدیس لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر دزرا، توانرا لە كەمتر لە 5 كاتژمێردا شوێنی ئۆتۆمبێلەكە بدۆزرێتەوە و تۆمەتبارەكانیش بناسرێن.

عەمید دلێر نەجات یاسین نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە (میدیاكان)ی راگەیاند، پاش ئەوەی نووسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێلی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە بوونی حاڵەتێكی دزیكردنی ئۆتۆمبێل ئاگادار كرانەوە، دەستبەجێ دەست بە رێكارە یاساییەكان كرا.

بە وتەی عەمید دلێر نەجاڕ، دزییەكە كاتژمێر حەوتی ئێوارە لە شەقامی 60 مەتری نزیك سایلۆی هەولێر رووی داوە، كە ئۆتۆمبێلێكی مارسدیسی ژمارە هەولێر لە شوێنێك رایگرتووە، بەڵام لەلایەن چەند كەسێكەوە بردراوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر روونیشی كردەوە، دوای سكاڵاتۆماركردن لەلایەن خاوەنی ئۆتۆمبێلەكەوە لە نووسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێل، پشت بە كامێرای چاودێری و زانیارییەكان بەسترا، بۆیە كەسەكان ناسران و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی خۆمان، توانرا كەمتر لە پێنج كاتژمێر ئۆتۆمبێلەكە بدۆزرێتەوە، كە ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمانە و رادەستی خاوەنەكەی دەكرێتەوە.

 عەمید دلێر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لێكۆڵینەوە بۆ ئەم دۆسیەیە كرایەوە و بەڕێز دادوەر بڕیاری دا بەپێی ماددەی 452 لە یاسای سزادان، تۆمەتبارەكان قۆڵبەست بكرێن و سزا بدرێن.