ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێناس گەرمیانی

بەرپرسێكی حیزبی لە شاری كەركوك داوا دەكات بە زوترین كات پێشمەرگە بگەڕێتەوە پارێزگای كەركوك چونكە سوپای عێراق توانای بەرگریكردنی لە شارەكەو دەوروبەری نییە.

حەسەن ئەمین شێخانی بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە (ڕێگای كوردستان)ی ڕاگەیاند: بە هۆی لاوازی وبێ‌ توانایی سوپای عێراقەوە لە كەركوك ودەوروبەری ماوەیەكی زۆرە تیرۆرستانی داعش جم وجوڵەكانیان لە سنورەكە فراون كردووە وپەڵامارەكانیان بۆ سەر هێزە عێراقییەكان ودانیشتوانی ناوچەكە چڕ كردۆتەوە.

گوتیشی: ئەگەر بە زوترین كات هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە كەركوك ودۆخەكە نەگەڕێتەوە پێش ڕووداوەكەی 16ی ئوكتۆبەری ساڵی 2017 ئەوا ئەگەری ئەنجامدانی زیاتری كاری تیرۆریستی هەیە لە لایەن داعشەوە.

زیاتر گوتی: لە ئێستادا لە كەركوك هێزێكی ئەمنی زۆر هەیە بەڵام وەكو هێزی پێشمەرگە ودەزگا ئەمنییەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان توانای ڕووبەڕووبونەوەو بەرگری كردنیان نییە بۆیە پێویست دەكات بە زوترین كات هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو شوێنانەی كە پێشوتر لە ژێر كۆنتروڵیدا بو.